2025-06-10   200     
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو خێزانە کوردانەی کە بەمدواییە دەگەڕێنەوە گوندو ئاواییەکان لەگوندەواری عەفرین، توشی زنجیرەیەک پێشێلکاریی سیستماتیک دەبنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بەسوپای نیشتمانیی سوریاوە.
ئاوێنە: ڕوانگەکە باسی لەوەکردوە، ئەم پێشێلکارییانە لەژێر سایەی نەبونی ڕێکارە یاساییە ڕونەکانو بیانوگرتنە پێیان، وەک بەکارهێنانی پاساوی "یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی یاسایی" کە بەتایبەت وەک بەرگێک بۆ گرتنو هەڵکوتانەسەر دانیشتوانی کورد بەکاردەهێنرێت.
ئەوەش هاتوە، لەڕوداوێکی نوێدا، ئەندامانی دەزگای ئاسایشی گشتی، ئێوارەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، هەڵیانکوتاوەتەسەر گوندی کەوەندە (میدانا) سەر بەقەزای ڕاجوو لەئەنجامدا دوو هاووڵاتیی کورد کە بەمدواییە گەڕابونەوە بۆ گوندەکەیان، دەستبەسەرکران.
هەروەک هێزە ئەمنییەکە دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلی یەکێک لەو دوو دەستگیرکراوەدا گرتوە کە گوایە هاوکاریی لەگەڵ ئیدارەی پێشوی کوردییدا کردوە، بێئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخرێتەڕوو، بەشێوەیەک تائێستا ئەوکەسانە لەبنکەیەکی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون.
ڕوانگەی سوریی پێیوایە، ئەو ڕوداوانە لەچوارچێوەی هەڵمەتێکى بەرفراوانتری پراکتیزەکردنی پێشێلکاریی دژ بەخێزانە کوردە گەڕاوەکاندایە، کە ئەمەش ترسو نیگەرانیی سەبارەت بەپەیرەوکردنی سیاسەتێکی سیستماتیک بۆ ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەن بۆسەر ماڵو حاڵی خۆیان دروستکردوە.