بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات کە بەغدا قووت و گوزەرانی خەڵکی کوردستان وەک بارمتە بەکاردەهێنێت، هاوکات دەشڵێت "هیچ دامەزراوەیەک لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەل بکات، دەبێت دانانی دەستوورێک بۆ هەرێم لە کارە سەرەکییەکانی پەرلەمان بێت".
ئاوێنە: هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی "پشتبەستنی تەواو بە بەغدا پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات و گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن".
وتیشی "بەغدا قووت و گوزەرانی خەڵکی کوردستان وەک بارمتە بەکاردەهێنێت".
ئەو بەرپرسە رونیشیکردەوە "دژایەتیکردنی گرێبەستەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز بۆ نەهێشتنی سەربەخۆیی ئابووری و نەهێشتنی ژێرخانی وزەیە، کە بنەماکانی پشتبەخۆبەستن بەهێز دەکەن".
وێڕای ئەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبەکانە، سیوەلی دەشڵێت "هیچ چوارچێوە و دامەزراوەیەک لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەل بکات، دەبێت دانانی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان لە کارە سەرەکییەکانی پەرلەمان بێت".
"پشتبەخۆبەستن لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا ئەوە دەخوازێت یەکێتی و یەکڕیزیی نێوخۆ پتەو بکرێت، ئەمەش تەنیا لەڕێی کاراکردن و بەهێزکردنی دامەزراوە و دەزگا یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت". هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی وای وت