رێباز حەملان: فشارێكی زۆری ئەمریكا لەسەر بەغدا هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی هەرێم
  2025-06-11       185       

رێباز حەملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، فشارێکی زۆری ئەمریكا لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: هەولێر و بەغدا چاوەڕێی فەرمانی ساری دادگای فیدراڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە.

ئاوێنە: رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگه‌یاند، هەردو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق چاوه‌ڕێی فه‌رمانی سالاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ده‌كه‌ن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

رێباز حه‌ملان وتیشی: ئومێدەوارن فەرمانی سالاری دادگا بەو ئاراستەیە دەربچێت کە دەست بە خەرجکردنی موچە بکرێت، چونکە موچە مافێکی دەستوری و یاساییە و بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ئەو ڕێککەوتنەی لە 01-02-2025، لە نێوان هەردو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق)کراوە دەبێت خەرج بکرێت. هیوادارین هیچ کۆسپێکی دیکە دروست نەکەن.

بەقسەی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێم، فشارێكی زۆری ئه‌مەریكا له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سەر بكات.

هەروەها وتیشی، عێراق دەبێت یەكلایی بكاتەوە كە ئێمە وەكو خەڵكی هەرێمی كوردستان سەربە عێراقین یان نا، ئەگەر سەربە عێراقین ئەوا هەمو هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان، وەكو هەمو هاوڵاتییەكی عێراق، مافی خۆیەتی موچە وەربگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×