مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران رایگەیاند، بنەمای دانوستانەكانمان لەگەڵ ئەمریكا، سیاسەتەكانی رێبەری ئێرانن و هەرگیز ناچینەی ژێر باری هەڕەشەو زۆر. دەشڵێت، ئەمریكا چ كارەیە بە ئێمە بڵێت، دەستبەرداری تەواوی پیشەسازییە ئەتۆمییەكەتان بن.
ئاوێنە: مەسعود پزیشكییان، ئەمشەو چوارشەممە، لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بنەمای دانوستانەكانی ئێمە لەگەڵ ئەمریكا، سیاسەتەكانی رێبەری ئێرانە، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە بچینە ژێر باری هەڕەشە و زۆر، هەرگیز قبوڵی ناكەین لێكۆڵینەوەكانمان بێنینەوە سەر سفر و دواتر بۆ دەستكەوتنی كەرەستەی پێویستی ئەتۆمی لە بواری پیشەسازی، پزیشكی، كشتوكاڵ و بوارەكانی دیكە، چاوەڕوانی رەزامەندی ئەوان بین.
پزیشكییان وتیشی، كێ وتویەتی ئێمە نابێت مۆڵەتی لێكۆڵینەوەی زانستیمان هەبێت؟ مەگەر ئەوان چ كارە كە بە ئێمە بڵێن تەواوی پیشەسازییە ئەتۆمییەكەتان كۆبكەنەوەو لایبەن.
سەرۆكی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، رێبەری ئێران وتویەتی كە ئێمە بۆمبی ئەتۆمی دروست ناكەین و ئەمەش سیاسەتی تەواوەتی ئێمەیە.
جەختیشی كردەوە، ئێمە بەسەربەرزییەوە دانوستان دەكەین و داواكاری ئێمە مافێكی یاسایی و زانستی و نێودەوڵەتییەو هیچ شتێكی ترمان ناوێت.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لە وڵاتەكەماندا بێ كەموكوڕی نین، كێشەی زۆرمان هەن، هەوڵدەدەین پێكەوە ناكۆكییەكانمان وەلا بنێین و پێكەوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەكی بە ئەمریكی و ئینگلیزەكانەوەو ئەوانی دیكەوە نییە. وەك چۆن ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بە كاروباری نێوخۆی وڵاتانی ئەوانەوە نییە.