ئیسرائیل ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران
  2025-06-12       363       


بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل ئامادەی تەواوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران.

ئاوێنە:  کەناڵی سی بی ئێس نیوز بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل و وتەبێژی کۆشکی سپی ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هەواڵانە بدەن.

 بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گومانی قوڵی لەبارەی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەردەبڕێت و نووسینگەکەی دەڵێت ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئاشکرا و شاراوە" ئەنجامدەدات بۆ سنووردارکردنی گەشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. 

ڕاپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەیان بە خواستی ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران کردووە، تەنانەت لە کاتێکدا ئەمریکا داوای لێکردووە ئەو کارە نەکات لەکاتێکدا دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەردەوامە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر وتی"بە ناتانیاهۆم وت کە ئێستا ئەو کارە نەگونجاو دەبێت، چونکە ئێمە زۆر لە چارەسەرێک نزیک بووینەتەوە".

چاودێران دەڵێن، ئەگەر هێرشێکی ئیسرائیلی ڕووبدات، ئەمریکا پێشبینی دەکات ئێران هەندێک شوێنی ئەمریکی لە عێراقی دراوسێی بکاتەئامانج.

واشنتۆن نیازی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا ڕاگەیاندووە، بە وتەی ترەمپ، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە "شوێنێکی مەترسیدار" وەسفکردووە، ئەمەش دوای هەڕەشەی ئێران بۆ بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ.

ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە باسی لە ئێران کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئامۆژگاری ئەمریکییەکان کراوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن "چونکە دەکرێت شوێنێکی مەترسیدار بێت". هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا رێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×