عراقچی: بۆ گەڕی داهاتوی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا، یەكشەممە لە مەسقەت دەبین
  2025-06-12       204       

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بۆ گەڕی داهاتوی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا رۆژی یەكشەممە لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەبن بۆ بەرگریكردن لە دەسكەوتە ئەتۆمییەكانیان. دەشڵێت، بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەدژی ئێران، دانوستانەكان ئاڵۆزتر دەكات.

ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆتایی سەردانەكەیدا بۆ نەرویج، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتی، ئەوە یەكلایی بۆتەوە كە رۆژی یەكشەممە لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گەڕی داهاتوی دانوستانەكانمان لەگەڵ ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، ئێمە لە ئێستادا خەریكی ئامادەكاریین بۆ رۆژی یەكشەممە و گەڕی داهاتوی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كە لە سایەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا بەڕێوەدەچێت، بڕیارەكە ئاڵۆزییەكانی دانوستانەكان زیاتر دەكات.

وتیشی، بەهەرحاڵ، ئێمە رۆژی یەكشەممە لە مەسقەت دەبین بۆ "بەرگریكردن لە هەڵوێستە بنچینەییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرگریكردن لە دەسكەوتە ئەتۆمییەكانی زایانی ئێران."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی پارێزگارانی سەربە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەكی پەسەندكرد كە تێیدا هاتوە، لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی رابردودا ئێران بۆ یەكەمجار پابەندییەكانی خۆی لە بواری نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی پێشێلكردون و لە ساڵی 2019ەوە تاوەكو ئێستا هاوكاری تەواوەتی لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان نەكردوە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەك و چالاكییە ئەتۆمییەكانی لە چەندین پێگەی رانەگەیەندراودا.

ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە 33 وڵاتی ئەندام پێكهاتوە، 19 وڵاتیان لەنێویاندا ئەمریكا، بەریتانیا، فرەنسا و ئەڵمانیا لە بەرژەوەندی بڕیارنامەكەو لەدژی ئێران دەنگیان داو هەر سێ وڵاتی چین و روسیا و بۆركینافاسۆ لەدژی بڕیارنامەكە دەنگیان داو 11 وڵاتەكەی دیكە دەنگیان نەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران و رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ئیدانەی بڕیارەكەیان كردو بە "سیاسی" لەقەڵەمیان دا.

دوابەدوای بڕیارنامەكە، محەمەد ئیسلامی، سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانی بەگەڕخستنی دامەزراوەی سێیەمی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە "شوێنێكی پارێزراو" دەركردو هەروەها فەرمانی دا بە گۆڕینی ماكینەكانی نەوەی یەكەم لە دامەزراوەی "فوردو" كە دامەزراوەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماكینەی پێشكەوتو لە نەوەی شەشەم.

سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران راشیگەیاند، شوێنی دامەزراوەی سێیەمی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خستنەگەڕ ئامادەیەو لەگەڵ دابینكردنی ماكینەو كەرەستەكانی دەخرێتەگەڕ.

محەمەد ئیسلامی شوێنی دامەزراوەی سێیەمی پیتانی یۆرانیۆمی ئاشكرا نەكرد بەڵام وتی، لە شوێنێكی پارێزراودایە.

ئێران تاوەكو ئێستا دو دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەن؛ نەتەنز كە دەكەوێتە پارێزگای ئەسفەهان و فوردو كە دەكەوێتە پارێزگای قوم.

هەر ئەمڕۆ لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران جەختی كردەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×