دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەیە بەڵام ناتوانێت بڵێت نزیكە. دەشڵێت، تا ئەو كاتەی ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران هەیە، نایەوێت ئیسرائیل دەستوەردانی سەربازی بكات.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، ئێران دەتوانێت بە سازش بۆ ئەمریكا رێگری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكات.
ترەمپ لەوەڵامی ئەوەدا كە ئایا ئەگەری هەیە ئیسرائیل هێرشبكاتە سەر ئێران وتی، نامەوێت بڵێم هێرشێكی وا نزیكە، بەڵام پێدەچێت ئەوە شتێك بێت كە بكرێت روبدات.
هەروەها وتیشی، من خوازیاری رێككەوتنم لەگەڵ ئێران، زۆر لە رێككەوتنەوە نزیك، تا ئەو كاتەی دانوستانەكان بەردەوامن و ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئێران هەیە، خوازیاری دەستوەردانی ئیسرائیل نیم.
هەروەها وتیشی، پێویستە لەسەر ئێران باشتر دانوستان بكات یان ناچار دەبن ئەو شتەمان بدەنێت كە ئێستا ئامادەنین بیدەن.
لەبارەی بردنەوەی بەشێك لە كارمەندانی دیپلۆماسی ئەمریكا لە ناوچەكە، ترەمپ وتی، ناچاربوم بە ئەمریكییەكان بڵێم كە ناوچەكە جێبهێڵن.