بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لە چەند ناوچەیەكی تارانی پایتەخت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئێران بیستران، ئیسرائیل پشتڕاستی كردەوە كە ئەوان هێرشی ئاسمانییان كردۆتە سەر ئێران.
ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لە چەند ناوچەیەكی تارانی پایتەخت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئێران بیستران و هاوڵاتیانی تاران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن كە دەنگی تەقینەوەكان زۆر بەهێزبون.
هاوكات لەگەڵ ئەوەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندین وێنەو ڤیدیۆ بڵاوكرانەوە كە چەند ناوچەیەك لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران نیشان دەدات كە دوكەڵ لە ئاسمان بەرزدەبێتەوە.
یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێرشیان كردۆتە سەر چەند پێگەیەكی ئێران.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتوشیەتی، لەدوای هێرشەكە، چاوەڕوان دەكرێت هێرشی درۆنی و موشەكەی بكرێتە سەر ئیسرائیل بۆیە باری نائاسایی لە سەرانسەری ئیسرائیل رادەگەیەنن.
میدیای رەسمی ئێران باسی لە تەقینەوەكان كردوە بەڵام هێشتا زانیاریی و سەرچاوەی تەقینەوەكانی ئاشكرانەكردوە.
هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دو بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئیسرائیل هێرشی كردۆتە سەر ئێران بەڵام ئەمریكا هیچ بەشداری و هاوكارییەكی لە هێرشەكەدا نەكردوە.
بەر لە هێرشەكە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان هاوڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لەوە كرد كە دەنگی موشەك و فڕینی فڕۆكەی جەنگیان لە ئاسمانی هەرێم بیستوە.