نەتەنیاهۆ: لە دڵی بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكەی ئێرانمان دا
  2025-06-13       276       

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەكەیاندا بۆ سەر ئێران، لە دڵی بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكەی ئێرانیان داوە و هەروەها زانایەكی دیاری ئەتۆمی ئێرانیان كردۆتە ئامانج كە كاری لەسەر بۆمبی ئەتۆمی كردوە.

ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهۆ، لەدوای هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی وڵاتەكەی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی تارانی پایتەخت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئێران، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئیسرائیل دەستی بە هێرشكردنە سەر ئێران كرد بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران و مانەوەی ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت لەپێناو نەهێشتنی هەڕەشەی ئێران.

بەقسەی نەتەنیاهۆ، لەم چەند ساڵەی دواییدا ئێران بڕی پێویست یۆرانیۆمی بە ئاستێكی بەرز پیتاندوە كە بەشی دروستكردنی نۆ بۆمب دەكات، لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییشدا ئێران هەنگاوی بێ پێشینەی ناوە بۆ دروستكردنی چەك لەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەو ئەگەر رانەگیرێت ئەوا لەماوەی زۆر كەمدا چەكی ئەتۆمی بەرهەم دەهێنێت.

وتیشی، لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا لە دڵی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم و لە دڵی بەرنامەی چەكی ئەتۆمی ئێرانمان داو دامەزراوەی پیتاندنی سەرەكی ئێرانمان لە نەتەنز كردە ئامانج و هەروەها زانایەكی دیاری بواری ئەتۆمی ئێرانمان كردە ئامانج كە كاری لەسەر دروستكردنی بۆمب دەكرد و لە دڵی بەرنامە موشەكییە بالیستییەكەی ئێرانیشمان دا.

جەختیشی كردەوە كە شەڕی ئێمە لەگەڵ گەلی ئێراندا نییە بەڵكو لەگەڵ ئەو رژێمە دیكتاتۆرەدایە كە 46 ساڵە گەلەكەی دەچەوسێنێتەوە.

هەروەها جەختیشی كردەوە كە رێگە نادەن "مەترسیدارترین رژێم" لە جیهاندا ببێتە خاوەنی مەترسیدارترین چەك.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×