ترەمپ: دەبێت ئێران رێككەوتن بكات بەرلەوەی هەمو شتێك لەدەست بدات
  2025-06-13       282       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئێران رایدەگەیەنێت كە دەبێت ئەو وڵاتە رێككەوتنی ئەتۆمی بكات بەرلەوەی هەمو شتێك لەدەست بدات و دەشڵێت، هەندێك لە توندڕەوانی ئێرانی ئازایانە قسەیان دەكرد بەڵام ئەوەتا هەمویان كوژران.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كەمێك لەمەوبەر لە پەیامێكدا لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند"چانس لە دوای چانسم دا بە ئێران بۆ گەیشتن بە رێككەوتن. بە بەهێزترین گوزارشت پێم وتن: "تەنیا ئەمە بكەن"، بەڵام هەرچەندە كۆشایان و هەرچەندە نزیك بونەوە نەیانتوانی بیكەن."

ترەمپ وتوشیەتی"پێموتن كە دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت لەوەی كە دەیزانن یان چاوەڕوانی دەكەن یان پێتان وتراوە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا باشترین و مەترسیدارترین كەرەستەی سەربازی لە جیهاندا دروست دەكات و بێڕكابەرە، ئیسرائیل زۆرێك لەو چەكانەی ئێمەی هەن، زیاتریشی دەدرێتێ و ئەوان دەزانن بەكاریان بهێنن."

سەرۆكی ئەمریكا وتوشیەتی"هەندێك لە توندڕەوانی ئێرانی ئازایانە قسەیان دەكرد، بەڵام نەیاندەزانی چی رودەدات. ئەوەتا هەمویان كوژران."

ترەمپ هۆشداریشی داوەو رایگەیاندوە"دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت، بەڕاستی كوشتن و وێرانبونێكی زۆرمان بینی، بەڵام هێشتا كات ماوە بۆ كۆتاییهێنان بەم كوشتارگەیە، دۆخەكە بەو پلانەی كە بۆ هێرشەكانی داهاتو دانراوە زیاتر دڕاندانە دەبێت. دەبێت ئێران رێككەوتن بكات بەرلەوەی هەمو شتێك لەدەست بدات و ئەو شتە رزگاربكات كە پێشتر بە ئیمپراتۆریەتی ئێرانی دەناسرا. با كوشتنی زیاتر و وێرانەی زیاتر رونەدات، تەنیا ئەوە بكەن بەرلەوەی كار لەكار بترازێت."

ئەوەش لەكاتێكدا كە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میدیای رەسمی ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە كە تاران بەشداری لە گەڕی داهاتوی دانوستانە ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئەمریكا ناكات كە بڕیاربو رۆژی یەكشەممەی داهاتو لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×