ئەردۆغان: ئیدانەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەین
  2025-06-13       206       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئیران دەكات و دەڵێت، حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ بە رەفتارە شەڕانگێز و نایاساییەكانی، هەوڵدەدات ناوچەكەمان راكێشێتە نێو كارەساتەوە.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەین و نامانەوێت جارێكی دیكە رشتنی خوێن و كاولكاری و شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینین.

ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئیستفزازێكی رونەو پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

وتوشیەتی، ئەو هێرشانە، كە لە كاتێكدان دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران چڕببونەوەو گوشارەكان لەسەر ئیسرائیل لەسەر كارە نامرۆییەكانی لە غەززە زیاتر بون، دەرخەری عەقڵیەتی دژە رێسای ئیسرائیلە.

بەقسەی ئەردۆغان، حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ هەوڵدەدات ناوچەكەمان و تەواوی جیهان بە رەفتارە بێ بەندوبارو شەڕانگێزانەو نایاساییەكانی رابكێشێتە نێو كارەساتەوە.

ئەردۆغان وتوشیەتی، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت، "چەتەیی" ئیسرائیل بەسە كە سەقامگیری و جیهان و ناوچەكەی كردۆتە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×