روسیا ئامادەی خۆی بۆ نێوەنگیری ئێران و ئیسرائیل راگەیاند
  2025-06-14       281       

ڤلادیمیێر پوتین سەرۆکی روسیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی کە نێوەندگیری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بکات، هەروەها وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکردنە سەر ئێران ئاماژە بەوەش دەکات کە "دۆخەکە مایەی نیگەرانییە".

ئاوێنە: کرملین لەمیانی راگەیەندراوێکدا لێدوانی یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆک کۆماری روسیا بڵاودەکاتەوە و تیایدا یوری وتویەتی "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک ڤلادیمیێر پوتين و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دا باسی بارودۆخی نێوان ئێران و ئیسرائیل کراوە".

یاریدەدەرەکەی پوتین باسی لەوەشکردووە "سەرۆک پوتین لە وتووێژی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ ئیدانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیلی بۆسەر ئێران كرد و دۆناڵد ترەمپ دۆخی دەوروبەری ئیسرائیل و ئێرانی بە لەڕادەبەدەر نیگەرانکەر وەسفکردووە".

"سەرۆک پوتین ئامادەیی روسیای بۆ نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی" ئوشاکۆڤ وایوت.

کرملن هەر لەزاری یوری-ییەوە دەڵێت "پوتین و ترەمپ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران بەدوور نازانن".

جێی ئاماژەشە، سەرۆکی روسیا جوڵە دیپلۆماسیەکانی خستۆتەگەڕ بۆ راگرتنی شەڕەکە و هەر دوێنێ بەهەمان شێوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشكییان سەرۆک کۆماری ئێران و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا.

لەوبارەیوە کرملین لە راگەیەندراوێکدا دڵنیای لە هەڵوێستی روسیا کردووەتەوە کە تاکە بژاردە "گەڕانەوەیە بۆ پڕۆسەی دانوستان و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە رێی سیاسی و دیپلۆماسییەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×