ئا: عەمار عەزیز
سەڕەڕای ناڕازایی پێکھاتەکان، بەتایبەتی ئێزیدیەکان لەسەر گەڕاندنەوەی خێزانو منداڵەکانی داعش بۆ ناو خاکی عیراق، تا ئێستا زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس لەخێزانو منداڵانی داعش لەکەمپی "ھوڵ"ی سوریاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو عیراق.
وەزارەتی کۆچو کۆچبەرانی عێراق ھەشت ھەزار کەسوکاری داعشی تێکەڵ بەکۆمەڵگە کردۆتەوە لەپارێزگا جیاوازەکان، ئەوەش دوای سێ مانگ ھێشتنەوەیان لەکەمپی جدعە لەنەینەواو ئامادەکردنیان بۆ ژیانی ناو کۆمەڵگە .
جیھاد رەڤۆ مکری، خەڵکی گوندی کوجۆ، ئەو گوندەی زۆربەی دانیشتوانەکەی بوون قوربانیو گەورەترین کوشتاری تیا کراوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، تا ئێستا دایکو برایەکی لەگەڵ برازاو ژن برایەکی ئەو بێسەروشوێنن، نیگەرانو توڕەیە لەگەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعشو بەقسەی خۆی بەرپرسان "ھیچ حسابێک بۆ ناڕەزایی ئەوان ناکەنو ئێستاس بەردەوامن لەگواستنەوەیان بۆ ناو خاکی عێراقو ئازادکردنیان".
ئەو بەئاوێنەی وت "چەکدارانی داعش ئەوەی خراپە بەسەر ئێمەیاندا ھێنا، لەکوشتنو دەستدرێژی سێکسیو وێرانکردنی ماڵو شوێنەکانمان، چاوەرێی ئەوە بووین حکومەتو دادگایەکانی نێودەوڵەتی ئەو کەسانە دەستگیر بکەنو بەتوندترین شێوە سزایان بدات، بەڵام لەجیاتی سزادان، خێزانەکانی داعش جارێکی تر دەگوازرێنەوە بۆ ناو عیراق".
وتیشی "دەبوایە عێراقو وڵاتانی جیھان ئەو کارەساتەی بەسەر ئێمەدا ھات بەبێ دواکەوتن بەجینوساید بناسێننو خەڵکی ئێمە بەماددی و مەعنەوی قەرەبوو بکرێنەوە، شنگال ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بەشی زۆری خەڵکەکە نەگەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆیان، دەیان کێشەی ھەیە ھەر لەئیدارەی قەزایەکەوە بگرە تا دەگاتە کێشەکانی خزمەتگوزاری، ئەوپەڕی بێرێزییە بەرامبەر کەسوکاری قوربانیان، کە لەپێش چاوی ھەموو دونیا جارێکی تر خێزانو منداڵانی داعش دەگەڕێنرێنەوەو ئێمەش ترسمان لەوە ھەیە جارێکیتر ئەمانە ببنە مەترسی بۆ سەر ئێزدییەکان".
گواستنەوەی خێزانەکانی داعش بەھەماھەنگی دەزگای نیشتیمانیو چەند رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی ئەنجامدەدرێت، دوای گواستنەوەیان بۆ ماوەی سێ مانگ ئەو کەسانە لەکەمپی "جدعە" دەھێڵدرێنەوە، بۆ ئەوەی لەرووی فکریو کۆمەڵایەتییەوە ئامادە بکرێنو دواتر تێکەڵ بەکۆمەڵگا بکرێنەوە
کەمپەکانی "جدعە" دەکەونە سنوری پارێزگای نەینەوا، دوای ئامادەکردنی کەمپەکە بەتەواوی کەلو پەلو پێداویستیەکان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە ئامادەکراوە بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژنو منداڵانەی لەسوریاوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو کەمپە، ھەرچەندە پێشتر چەند شوێنێکی تریش ئامادەکرا بوون، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە رێگریان لێکرا.
شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجەمەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی پارتی لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "دواین گروپی گواستنەوەی خێزانو منداڵەکان داعش لەکەمپی ھوڵ بۆ ناو خاکی عیراق هەفتەی رابوردوو بوو کە ٢٢٤ خێزان بوون، ئەمە دەبێتە رەحلەی ٢٦، کۆی گشتی ئەو خێزانانەی تا ئێستا گەڕێنراونەتەوە بۆ عیراق ٤ ھەزارو ٢٣٨خێزانن، وەک تاکەکەس سەرووی ١٥ ھەزارو ٣٠٠ کەس دەبن".
وتیشی "زیاتر لە ٣٠ ھەزار ھاوڵاتی عیراقی لەکەمپی ھوڵی رۆژئاوا بوون، لەم ژمارەیە ١٨ ھەزار کەسیان خەڵکی پارێزگای ئەنبارن، ٥ ھەزار کەسیان سەر بەسەلاحەدینن، سەرووی ٤ ھەزارە ٥٠٠ کەسیان سەربە پارێزگای نەینەوان، ئەوانەی تر سەر بە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکوک، دیالە، بابل، بەسرەو ھەندێک خێزان بەتایبەت ئەوانەی ئەنبارو سەڵاحەدینن لەبەر چەند کێشەیەک ناتوانن بگەڕێنەوەو ھەندێکی پارێزگای بەسرە بەھەمانشێوە".
بەوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنیو بەرگری لەئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا، لەئاییندەدا ڕەنگە ئەمانە ببنە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا، چونکە خەڵک بەتایبەت کەسوکاری قوربانیەکان بەچاوی دوژمن سەیری ئەوانە دەکەن، لەھەمانکاتدا ئەوانیش بەچاوێکی دوژمنکارانە سەیری حکومەت دەکەن.
محەمەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیو بەرگری لەئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا، بەئاوێنەی وت "ئەو ژنو منداڵانەی لەکەمپی ھوڵی رۆژئاوا دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ لەکەمپی جدعە دەهێڵرێنەوە بۆ ئەوەی بیری توندڕەویو توندوتیژیی لەمێشکیاندا بگۆڕنو تێکەڵ بەکۆمەڵگەیان بکەنەوە، بەڵام بەبڕوای من ئەو کەمەو دەبێت زیاتر بکرێت".
وتیشی "دوای تێکەڵ کردنیان بەکۆمەڵگا دەزگا ئەمنیەکان بەوردی چاودێرییان دەکەنو ھەر کارێکی خراپ بکەن، ئەوا بەزووترین کات دەزگا ئەمنیەکان لێکوڵینەوەیان لەگەڵ دەکەنو ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەن، تا ئێستا ھیچ کێشەیەکی ئەمنی بەھۆی ئەمانەوە ڕوینەداوە، بەڵام خەڵکی بەتایبەت کەسوکاری قوربانیەکان بەچاوێکی دۆژمنانە سەیریان دەکەن، ئەوانیش بەچاوێکی دوژمنانە سەیری ئەم حکومەتە دەکەن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات