کەمێک پێش ئێستا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپا، عەباس عێراقچی گەیشتە جنێڤی پایتەختی سوویسرا و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و دانووستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدات.
ئاوێنە: بڕیارە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئــێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەریەكە لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا كۆببێتەوە و تێیدا چەند پرسێكی هەنووكەیی تاوتوێ بكەن، یەكێك لەوانەش پرسی ئەتۆمی ئێرانە.
ئەمە لە کاتێکدا لە هەینی ڕابردووەوە، ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و فڕۆکەی جەنگی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد، لە وەڵامی ئەوەشدا، ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و مووشکبارانی ئیسرائیلی کرد، بە درێژایی هەشت ڕۆژی ڕابردوو هێرشکردنیان بۆسەر یەکدی بەردەوام بووە و سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە هەردوو وڵات بوونەتە قوربانی.
هەروەها بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، گەڕی شەشەمی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران وەستا، ئێران ڕایگەیاند، تا هێرشەکان بەردەوام بن ئەوا بە هیچ جۆرێک دەست بە دانووستانەکان ناکەنەوە، لە بەرامبەریشدا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆتایی بێت بە بێ مەرج.