سەرۆکی شارەوانی شاری حەیفا: هێرشەكانی ئەمڕۆ ئێران بۆ دو شوێنی ستراتیجی بوە
  2025-06-20       212       

سەرۆکی شارەوانی شاری حەیفای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دو شوێنی ستراتیجی لە بەندەری شارەكە لە هێرشێکی موشەکی ئێراندا کراونەتە ئامانج. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، "لە هێرشەكە ئەمڕۆی ئێراندا، مزگەوتێك زیانی بەركەوتوە و ژمارەیەك مسوڵمان برینداربون".

ئاوێنە: یۆنا یەهاڤ، سەرۆکی شارەوانی حەیفا لە باکوری ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە میدیانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، "دو شوێنی ستراتیجی بەندەری شارەكە لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی ئەمڕۆدا و لە هێرشێکی موشەکی ئێراندا کراونەتە ئامانج".

لەلایەكی دیكەوە گیدۆن سعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گرتە ڤیدیۆی مزگەوتێکی بڵاوکردەوە کە ئێوارەی هەینی لە هێرشێکی موشەکی ئێرانیشدا زیانی پێگەیشتوە و نوسیویەتی، "ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی موسڵمان برینداربون".

دەشڵێت، "ڕژێمی ئێران جگە لە شوێنە مەدەنییەکان، خەڵکی مەدەنی موسڵمان، مەسیحی و جولەکە دەکاتە ئامانج. ئەمانە تاوانی جەنگن".

حەیفا شارێکی تێکەڵە لە هاوڵاتییانی جولەکە و عەرەبن كە زۆربەیان موسڵمانن. بە بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیوت ئەحرۆنۆت، لە دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر حەیفا، 21 کەس برینداربون و باری تەندروستی سێ کەسیان ناجێگیرە.

لەلایەكی دیكەوە ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژنێکی تەمەن 51 ساڵ کە لە ناوچەی کارمێلی جەرگەی حەیفا دەژیا، توشی جەڵتەی دڵ بوە و دوای بیستنی ئاگادارکەرەوەكان و گیانی لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×