لەماوەی ١٠ ساڵدا نیوەی کریستیانەکان عێراقیان بەجێهێشتووە
  2025-06-22       162       
لەشنگال پێش ھاتنی داعش لە٢٠١٤دا، ١٠٠ خێزانی کریستان دەژیان، سێ کەنیسەیان هەبوو، تا ئێستا ھیچ خێزانێکیان نەگەڕاوەتە زێدی خۆی

ئا: عەمار عەزیز

 

تا دێت ژمارەی کریستیانەکان لەعێراق بەگشتی‌و لەدەشتی نەینەوا بەتایبەتی کەم دەبنەوە، زۆرینەیان ڕوو لەدەرەوی وڵات دەکەن، بەقسەی خۆیان عیراق بۆ ئەوان وڵاتێکی سەقامگیر نییەو داھاتوویان ناڕوونەو لەپێناو مسۆگەرکردنی داھاتوویەکی باش بۆ منداڵەکانیان عێراق بەجێدەھێڵن.

 

پشتگوێ خستنی ناوچەکانیان و ئاوەدان نەکردنەوەی ماڵ‌و کەنیسەو شوێنەکانی گشتی، ترس لەدووبارەبوونەوەی شەڕو دابین نەکردنی ھەڵی کار بۆ گەنجەکانیان، سێ ھۆکاری دیارن بۆ کۆچ کردنی کریستیانەکان‌و کەمبوونەوەی ژمارەیان لەدەستی نەینەوا، پێضشبینی دەکەن لەساڵانی داهاتوودا کەمترین ژمارەی کریستیان لەعێراقدا بمێننەوە.

 

جۆزێف شەماس، دانیشتووی ناوەندی ناحیەی "ئەلقوش"ی سەر بەقەزای تەلکێفە، دوای ماوەیەک ئاوارەبوون گەڕاوەتەوە شارەکەی خۆی، بەڵام ئەو گلەیی لەحکومەتی عیراق ھەیە کە وەکۆ پێویست خزمەتی ناوچەکانی کریستیان نشین نەکراوەو تا ڕادەیەک پشتگویێ خراون، شەماس بەئاوێنەی وت "ناوچەکانی کریستیان نشین بەگشتی لەعیراق گرنگیان پێ نادرێت بەراورد بەناوچەکانی تر، ھەر کەسێک سەردانی ناوچەکانی کریستیان بکات بەچاوی خۆی دەبینێت، رۆژانە خەڵکەکەی ڕووبەرووی دەیان کێشە دەبنەوە".

لەتەواوی سنوری ناحیەی ئەلقۆش، ھیچ بنکەیەکی تایبەت بە"ژووی منداڵ بوون " نیە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ناحیەکە لە ٤٢ گوند پێکھاتووەو بۆ ھەر حاڵەتێک دەبێت خەڵکەکەی سەردانی دھۆک یان موسڵ‌و شارەکانی تر بکەن، شەماس لەمبارەیەوە وتی "سادەترین شت کە دەبێت ھەمان بێت ژووی لەدایکبوونە، بۆ گەنجەکانمان دامەزراندن‌و ھەڵی کار نییە، ئەی چی بکەن؟ دواجار رێگەی کۆچ ھەڵدەبژێرن".

"وتیشی "پێویستە چیتر ناوچەکانمان پشتگوێ نەخرێن، حکومەت بەیەک چاو سەیری ھەموو پێکھاتەکان بکات، بۆچی بۆ ناوچەیەکی شیعەنشین یان سوونە یان ھەر پێکھاتەیەکی تر بەشی زۆری خزمەتگۆزاری دابین کراوە، بەڵام بۆ ئێمە نا؟! ئەمە لەکاتێکدایە کە کریستیان بەشێکی گرنگە لەمێژووی وڵاتی عیراقهو ھەر لەمێژە لەسەر ئەم خاکە دەژین، نازانم بۆ ئەم جیاوازیە دەکرێت؟!".

لەسەدەی رابردودا، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق ملیۆنێک‌و ٥٠٠ ھەزار کەس زیاتر بوون، نزیکەی لەسەدا سێی دانیشتوان بوون، لەکۆتایی حوکمڕانی بەعس لە٢٠٠٣دا نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بوون، بەڵام لەدوای ٢٠٠٣ەوە بەهۆی شەڕو کوشتارو سەرهەلدانی رەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، لەکۆچێکی بەردەوامدان‌و حێراق بەجێدەهێڵن.

خالید جەمال، بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەئاوێنەی وت "پێش ھاتنی داعش ژمارەی کریستیانەکان نیو ملیون بوون، دوای داعش بوونەتە ٣٠٠ هەزار کەس ھەزار کەس، واتە نزیکەی نیوەی کریستانەکان عێراقیان بەجێهێشتووە، تا دێت ژمارەیان کەمتر دەبێت".

ئایینی کریستیانی، دووەم گەورەترین ئایینە لەعێراق دوای ئیسلام، بەپێی دەستوری عێراق دانیپَدانراوەو زمانیشیان پارێزراوە، کە سریانیە وەک لەدەستوردا ھاتووە.

"تێڕوانین‌و بۆچوونی کریستیانەکان لەگەڵ پێکھاتەیەکی تر جیاوازە، کریستیانەکان بیر لەمنداڵەکانیان دەکەنەوە، ئەو ناخۆشی‌و نەھامەتیانەی ئەوان بینیوویانە نایانەوێت منداڵەکانیشیان بیبینن، جگە لەمەش ئەوان ھەموو کارێک دەکەن بۆ دابینکردنی گەرەنتی ژیان‌و ئاندەی منداڵەکانیان، بۆیە ڕوو لەدەرەوەی وڵات دەکەن". خالید جەمال وای وت.

 

داعش لەساڵی ٢٠١٤دا کاتێک شاری موسڵی داگیرکرد، سێ بژاردەی خستە بەردەم کریستیانەکان: ئیسلامبوون، دانی جزیە یان بەجێھێشتنی  ماڵ‌و حاڵیان، بۆیە زۆرینە بەناچاری ئاوارەبوون، ھاوکات ٨٥ کەنیسەی شارەکە زیانیان بەرکەوت. ئێستا لەکۆی زیاتر ٦٧١ ھەزار ئاوارەی نیشتەجێی کوردستان لەسەدا ٧ یان کریستیانین.

 

بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئایینی وتی "مامەڵەی حکومەتی عیراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زۆر نامرۆڤانەیە، قووتی ژیانیان دەبرێت‌و مووچە نانێرێت، کە بەشێکیان کریستیانین، شەڕو ئاڵوزیش بەردەوامن، بەدڵنیایی لەناو ئەم ھەموو کێشانەدا کریستیانەکان نایانەوێ لەعێراق بمێننەوەو کۆچ دەکەن".

 

پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، پاپای پێشووی ڤاتیکان، لەئاداری ٢٠٢١دا سەردانی عێراق کرد، لەگەشتەکەی خۆیدا سەردانی نەینەوای کردو لەوێ چاوی بەژمارەیەک لەکریستیانەکان کەوت، یەکێک لەئامانجی سەردانەکەی هاندانی حکومەتی عێراق بوو بۆ باشترکردنی دۆخی ناوچەکانی کریستیان نشین، بەڵام ھەمان ئەو کێشانەی پێشتر کریستیانەکان ھەیانبوو، چارەسەر نەکراون.

 

لەسنوری قەزای شنگال پێش ھاتنی داعش، نزیکەی ١٠٠ خێزان دەژیان، سێ کەنیسەیان هەبوو، دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ ساڵ لەھێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال ھێشتا ھیچ خێزانێک نەگەڕاوەتە زێدی خۆی.

 

سەباح سەبری شەمعون، نوێنەری کریستیانەکانی شنگال کە ئێستا لەشاری دھۆک دەژی، بەئاوێنەی وت "داعش زیانی گەورەی ھەبووە بۆ سەر ئێزدییەکان‌و کریستیانەکانیش بەھەمانشێوە، ماڵ‌و کەنیسەکانمان وێران کراونهو تا ئێستا نۆژەن نەکراونەتەوە، ئەو خێزانانەی پێشتر لەشنگال بوون بەشێکیان بەناچاریەوە ڕوویان لەدەرەوەی وڵات کردو بەشەکەی تریشیان هێشتا ھەر لەژیانی ئاوارەییدا دەژین ".

وتیشی "ھیچ ڕەوا نیە زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر کارەساتێکدا تێپەڕێت‌و ھیچ بۆ خەڵکەکەی نەکەیت، کریستیانەکان ناحەقیان نییە کۆچ دەکەن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×