نابینایەک: هەموو بەیانییەک بەپاس دێم بۆ بەر بەلەدییەکە سەوزە دەفرۆشم - فۆتۆ: فایەق حەمەساڵح
ئا: شیلان - هێڤی
نابینایانو ئەوانەی نابیستن لەکوردستان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان هەیە، بەڕێوبەری سەنتەری ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەتی نابینایان دەڵێت "خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەگشتیو نابینایان بەتایبەت ژیانو کاتەکانییان لێوانلێوە لەقەیرانو کۆسپ".
فەرەیدون، هەرچەندە گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەتو نابینایە، بەڵام سەڕەرای ئەوەش بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی کۆڵ ناداو رۆژانە لەناو بازاڕی سلێمانی خەریکی سەوزەفرۆشتنە، ئەو وتی "هەموو بەیانییەک بەپاس دێم بۆ بەر بەلەدییەکە سەوزە دەفرۆشم، پێشتر عەلاگەم دەفرۆشت، خێزاندارمو دۆخی داراییو ژیانم زۆر خراپەو پێویستم بەداهاتە".
فەرەیدون کە لەسەوزەفرۆشتندا لەرێگەی دەستییەوە، بڕی پارەکان دەزانێتو گۆچانەکەی یارمەتیدەرە بۆ هاتوچوونی، سەرباری ئەوەی داخ لەوە دەخوات کە دنیا لەلای ئەم هەمیشە رەشو تاریکاییەو ناتوانێت جوانیەکانی سروشتو دنیای رۆشن ببینێت، دەسکورتیو هەژاریی ژیانی تاریکتر کردووە، ئەو وتی "خێزاندارمو هیچ مووچەیەکیش وەرناگرم، رۆژانە لەرێگەی ئەو سەوزەیەی دەیفرۆشم بژێویی ژیانم دابین دەکەم، هەرچەندە بەباشی بەشی خەرجی ماڵو خێزانەکەم ناکات، کە ئەویش خاوەن پێداویستی تایبەتە، ژیانی نابیناکان زۆر قورسو زەحمەتە".
بەهەمان شێوەی نابیناکان. ئەوانەشی کە توانای بیستنو قسەکردنیان نییە، بەردەوام بەدەست کۆمەلێک گرفتەوە گیرۆدەنو کەس لەبیری ئەوانەدا نییە کە خاوەن پێداویستی تایبەتن.
شنیار، کچێکی تەمەن ٤٣ ساڵەو بەشێوەیەکی زگماکی توانای قسەکردنو بیستنی نییەو لەگەڵ ماڵی خوشکێکیدا دەژی، زۆربەی کاتی لەگۆشەگیرییدا بەسەردەبات، لەبەرئەوەی ئامڕازی تێکەڵبوونی لەگەڵ دەوروبەری زۆر سنووردارەو بەزمانی ئاماژە دەتوانێت دەوروبەری لەخواستو پێداویستییەکانی ژیانی ئاگادار بکاتەوە.
برایەکی شنیار کە لەئەوروپا دەژی، بەئاوێنەی وت "خوشکەکەمان ژیانێکی تایبەت بەخۆی هەیە، دڵی زۆر ناسکە، زۆربەی کات هەست دەکات دەوروبەرەکەی وەک پێویست بایەخی پێنادەنو لەسەر بچوکترین شت کە بەدڵی نەبێت، دەستدەکات بەگریانو خیش دەکات، بۆیە ساڵانە بەتایبەتی لەئەوروپاوە دێمەوەو بۆ ئەوەی چەند گەستێکی پێبکەمو دڵی خۆش بکەم".
وتیشی "بەداخەوە لەکوردستاندا زۆرجار خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی جیاکاری لەناو خێزانو هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بەگۆشەگیرییو خەمۆکیو دڵەڕاوکێ، کاتێک خاوەن پێداویستی تایبەت پشتیوانی کۆمەڵایەتیو خێزانی نەبێت، روبەڕووی کێشەی دەرونی دەبێتەوە، بەتایبەتی کە گرفتو کێشەکان لەسەر ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت زۆر کاریگەریی زیاترەو رەنگە رووبەڕووی توندوتیژی جەستەییو دەروونیو ئابووریش ببنەوە".
ئەوانەی کار بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن جەغت لەوە دەکەن کە ژیانی ئەوان پڕە لەكێشەی ئاشکراو شاراوەو جیاکاریشیان بەرامبەر دەکرێت.
عوسمان خەلیفە، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەتی نابینایان بەئاوێنەی وت "خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەگشتیو نابینایان بەتایبەتی، ئەمڕۆ ژیانو گوزەرانو کاتەکانییان لێوانلێوە لەقەیرانو کۆسپ، هەموو ئەو شتانەی کەوا بۆ ژیان سەخت بێت، خاوەن پێداویستییەکان رووبەڕووی دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی لەڕووی هەلی کارو دامەزراندنو پیشە و هەلی کارەوە خاوەن پێداویستی و نابینا بێبەشکراون، کە یەکێک لەگەورەترین ئاستەنگەکان دۆزینەوەی کارێکی گونجاوە، زۆرێک لەخاوەنکارەکان بەهۆی جیاکارییەوە کار نادەن بە نابینایان، ئەمەش دەبێتە هۆی بێکاریو کێشەی ئابوری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت".
هەروەها هاوبەش نەعمان، ڕاوێژکاری نابینایان بەئاوێنەی وت "سەرەکیترین گرفت بۆ گەنجی خاوەن پێداویستی تایبەت، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونو خراپی باری داراییە، هەروەها نەبوونی هاوسەری گونجاو، چونکە گرنگە خاوەن پێداویستی تایبەت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی لەخۆی باشتر بکات، بەڵام ئەوە زۆر بە کەمی بەدیدەکرێت، لەڕووی دەرونییەوە هیچ بایەخێک بەخاوەن پێداویستی تایبەت نەدراوە، خەڵکانێکی زۆرمان هەیە لەخاوەن پێداویستی تایبەت ئێستا بەدەست گرفتی دەرونییەوە دەناڵێنن، بەردەوام توڕەو نائارامن، کەس لێیانپرسێت!".
وتیشی "پێویستە دامەزراوەکانی حکومەتو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بکەن بۆ خەڵک، کۆڕو سیمینار بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت هیچیان کەمتر نییە لەگەنجانی ئاسایی".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات