ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئهمڕۆ دوشەممە ڕایگهیاند، ئەمریکییەکان وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر بە تاوانەکانیان وەردەگرن، وەک چۆن لە ساڵی 1979ەوە هەمو جارێک دەیکەن.
ئەمیر حاتەمی لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردوەتەوە، لە میانی پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی کۆنفڕانس لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا کە لە ناوچە جیاجیاکان جێگیرکراون، وتی، "ئەرکە سەرکەوتوەکانی ئێوە لەم ماوەیەدا وایکردوە دوژمن هەست بە سەرکەوتو نەبون بکات لە کردەوەکانیدا، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ ناچارە بە دوای کەسی سەرەکیی بەرپرسی ئەو تاوانانەدا بگەڕێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی ململانێ بێت".
ئاماژهی بهوهشكرد، "بە درێژایی مێژوی شۆڕشی ئیسلامی و تەنانەت پێش ئینقلابی ئیسلامیش چەندین جار شاهیدی تاوانەکانی ئەمریکییەکان بوین، ئەمە شتێکی نوێ نییە، لە ساڵی 1979 لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا و بە تایبەتیش بەرەو کۆتایی ئەو قۆناغە، چەندین جار شاهیدی تاوانەکانی ئەمریکییەکان بوین، هەر جارێک تاوانیان ئەنجامدا، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان پێدەگەیشت".
فەرماندەی گشتیی سوپا جەختی لە پابەندبونی بەردەوامی ئەرتەش بە دروشمی "سوپا خۆی بەخت دەکات لە پێناو نیشتمان" كردهوه و ڕونیكردهوه، "ئەو کارە گەورەیەی کە گەل لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجامیدا و ئامادەبونیان لە مەیدان، بەرپرسیارێتی ئێمەی دو هێندە کردوە، ئێمە سوپاسگوزاری ئەم نەتەوە مەزن و هۆشیارەین و بە دڵسۆزی و ڕاستگۆییەوە لەبەردەم گەلی بەشەرەفی ئێراندا ڕایدەگەیەنم کە ئەمڕۆ ئێمە زیاتر پابەندین، بۆ دروشمەکەمان لە چاو ڕابردودا و بە هەمو توانای خۆمان بەرگری لە سەربەخۆیی وڵات و یەکپارچەیی خاک و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی دەکەین کە گەورەترین لایەنگری سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیە".
جەنەراڵ حاتەمی جەختی لەوەکردەوە کە "لەپێناو سەرکەوتندا خەبات دەکەین"، وتی، "ئێمە شەهیدبون بە نیعمەتێکی گەورە دەزانین، بەڵام ئێستا خەبات بۆ سەرکەوتن دەکەین، داوا لە فەرماندە و شەڕڤانانی خۆشەویست دەکەم، ئەو پلانانە جێبەجێ بکەن کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی زۆڵفەقاری سوپای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دانراوه، سەرکەوتن هی ئێمە دەبێت و ئەمەش بەڵێنی بێ دوو دڵی خودای پەروەردگارە".