بەڕێوەبەرى گشتیی ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزەى ئەتۆم ڕایگەیاند: لە ئێستادا کەس ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانى ژێر زەوى لە فۆردۆ بکات، لەنێویشیاندا ئاژانسى وزەى ئەتۆم، دەشڵێت: پێویستە بەپەلە هەنگاو بنێین بۆ وەستاندنى شەڕ.
ئاوێنە: ڕافائیل گرۆسى، بەڕێوەبەرى گشتیی ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزەى ئەتۆم لەبارەی هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران و زیانەكان بەمجۆرە زانیاری بۆ میدیا جیهانییەكان دەخاتەڕوو.
بەڕێوەبەرى گشتیی ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزەى ئەتۆم ڕایگەیاندووە: لەئێستادا کەس ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانى ژێر زەوى لە فۆردۆ بکات، لەنێویشیاندا ئاژانسى وزەى ئەتۆم.
وتیشی: پێویستە بەپەلە هەنگاو بنێین بۆ وەستاندنى شەڕ و گەڕانەوە بۆ وتوێژى جددى و بەردەوام دەربارەى بەرنامەى ئەتۆمیی ئێــران.
ئەوەشی خستەڕوو: جارێکى دیکە داواى ئەوپەرى دانبەخۆداگرتن دەکەین، چونكە زیادکردنى گرژیی سەربازى هەڕەشە لە گیانى مرۆڤەکان دەکات و چارەسەرى دیپلۆماسى دوادەخات.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێــران ئاگاداری کردووینەتەوە لەبارەى زیادنەبوونى ئاستى تیشکدانەوە لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
لە كۆتاییدا وتویەتی: پشکنەرانمان لە ئێــرانن و ئەنجامدانى کارەکانیان پێویستى بە وەستاندنى شەڕە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، بەیانی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان) لە ئێرانیان بۆردوومانکرد.