وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە دوای ھێرشەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر، نیگەرانیی قوڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە هۆشداریمان لەم ئەگەرە داوە" بە وەرچەرخانێکی مەترسیدار و بێپێشینەش ناوی بردوە
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو پەرەسەندنە مەترسیدار و خێرایە دەکەین کە ناوچەکەی گرتوەتەوە، ئێستا دەستی کردوە بە گواستنەوەی بۆ وڵاتانی برامان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی وڵاتی قەتەر روبەڕوی هێرش بوەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، ئەم پەرەسەندنە مەترسیی گەورەی تێدایە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە، کە عێراق ماوەیەکی زۆرە هۆشداریی لە ئەگەری رودانی داوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردوە، وڵاتەکە "بەردەوام هۆشداریی داوە لە مەترسیی تێوەگلانی لایەنی نوێ لە ناکۆکییەکەدا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبونی بازنەی روبەڕوبونەوە و پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەكان."