فازڵ نەبی: لەئێستادا ئەگەر وەفدێک بنێردرێت بۆ بەغدا مووچە چارەسەر دەبێت
  2025-06-24       387       

بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە ئومێدێک بۆ چارەسەرکردنی مووچە هەیە وەفدێکی باڵای سیاسی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی تەکنیکی بچنە بەغدا و ڕێکبکەون، "بەمەش پرسی مووچەش چارەسەر دەبێت".

ئاوێنە: فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "وەڵامی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی مووچە دووپاتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی بووە کە هەرێم پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی داهات و دەستپێکردنەوەی نەوت لەگەڵ جێبەجێکردنی تەوتین".

لەبارەی جەختکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر مووچە لەلایەن سودانییەوە، بەپێی وتەی نەبی ئەو بڕیارە حکومەتی عێراق بەجۆرێکی جیاواز بیری لێدەکاتەوە و بەهەمان شێوەش لای هەرێم بەجۆرێکی دیکە، "ئەمەش لێکتێنەگەیشتنی لەنێوان هەردوو حکومەت دروست کردبوو، بۆیە هێشتا پرسی مووچە لەنێوان هەرێم و بەغدا نەگەیشتووەتە بنبەست".

وتیشی "دڵنیام بەکۆتایی هاتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، هەروەها کەمبوونەوەی فشاری دارایی لەسەر بەغدا پرسی مووچەی هەرێمیش یەکلا دەکرێتەوە".

پەیوەست بە چارەنوسی پرسی مووچەی هەرێمیشەوە، ئەو بریکارەی پێشوو باس لەوە دەکات "لەئێستادا بەوەستانی ئەو جەنگە، فشاری سیاسیی لەسەر هەرێم لەبەغداوە کەمبووەتەوە، بۆیە ئەگەر وەفدێکی سیاسی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێم بچنە بەغدا و ڕێککەوتنێکی بنەڕەتیی لەگەڵ حکومەتی عێراقی بکەن پرسی مووچە بەرەو چارەسەر دەڕوات".

فازڵ نەبی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەگەر وەفدە سیاسییەکەی هەرێم بڕوات کە سەرۆکی حکومەتی جێگرەکەشی یاخود سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاوەری وەفدەکە بن،وە وەفدێکی تەکنیکیشیان لەگەڵ بێت، کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و بەغدا چاوپۆشیی لەسەر مەرجەکانی پێشووی بۆ ناردنی مووچە دەکات و مووچەش دەنێردرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×