لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندانییەکی کورد بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانی لەدەستدا
  2025-06-25       269       

ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییانی کورد لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، زیندانییەکی کورد لە کرماشان بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانی لەدەستدا و هەروەها، دەزگا ئەمنییەکانیش ئامادە نین تەرمەکە ڕادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە.

ئاوێنە: ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی گیان لەدەستدانی زیندانییەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو، ڕۆژی ٢٣ـی ئەم مانگە هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی فوئاد عەلیخانی تەمەن ٤١ ساڵی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی کرماشان لە ژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆری سوپای پاسدارانی ئێران گیانی لەدەستدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی بووە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پەیوەندییان بە بنەماڵەکەی کردووە و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی باس بکەن پێیان ڕاگەیاندوون، کە کوڕەکەیان گیانی لە دەستداوە.

باس لەوەشکراوە، دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین تەرمەکە ڕادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە، لەكاتێكدا پێشتر ئەو هاوڵاتییە لە خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بۆ سەر هاوڵاتییانی کورد و ئێران چڕکراوەتەوە و بە بێ فەرمانی دادوەر بە تۆمەتی ئەمنی دەستگیر دەکرێن و لە دادگایەکی نادادپەروەرانە دادگایی دەکرێن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت، تا ئێستا چەندین زیندانیی بەهۆی ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەستداوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن، کە دەبێت مافی زیندانییەکان بپارێزرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×