ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەخت لە کارکردن و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوەو دەشڵێت، گرنگە پێداچونەوە بە داهات و خەرجییەکاندا بكرێت و بەشێوەیەك رێكبخرێنەوە كە کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی موچەخۆران بێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خۆستۆتەڕو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕو و لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی موچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچونەوە و وردبینیان بۆ کراوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا، چەند پێشنیارێک خرانەڕو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی موچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکومەتی هەرێمە.
بەپێی رگەیەندراوەكە، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی موچە و شایسەتە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندوە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، موچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە موچەخۆران بە دوری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردولا، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابوریش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچونەوە بە داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی موچەی موچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتییە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەسپێشخەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری ، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستوری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا ، وەزیری دارایی فیدراڵ ، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی.
وەزیری دارایی و ئابوری لە ڕاپۆرتەکەدا، بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/20 خستەڕو، لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابوری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی موچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچونەوە و وردبینیان بۆ کراوە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، چەند پێشنیارێک خرانەڕو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان ، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی موچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکومەتی هەرێمە.
پاشان سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشودرێژی موچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاوڵاتیيان هەیە کە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە، بەڵام دڵنیاییشیدا کە هەمو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی موچە کە بە ڕێکارێکی نادەستوری، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری ڕاگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیشە. سەرۆک وەزیران ڕونیکردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ، بڕیارە شاندێکی حکومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی موچە و شایسەتە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و سامانەسروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە.
ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندوە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، موچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە موچەخۆران بە دوری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردولا، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابوریش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچونەوە بە داهات وخەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی موچەی موچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتیە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.