بەرەی گەل سەركۆنەی دەستگیركردنی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە دەكات كە خەریكی ئامادەكاری بون بۆ خۆپیشاندان و دەڵێت، دەسەڵات بەم هەنگاوەی ناتوانێت دەنگ و رەنگی ئەوانە خامۆش بکات کە نوێنەرایەتی سەدان هەزار موچەخۆری کوردستان دەکەن.
ئاوێنە: بەرەی گەل، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"سەرکۆنەی دەستگیرکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین. ئەمانە داواکاری مەدەنی بەگوێی دەسەڵاتدا دەدەن، دەستگیرکردنیان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، دۆخەکە بەرەو نائارامی دەبات."
بەرەی گەل جەختی كردۆتەوە كە "دەسەڵات بەم هەنگاوەی ناتوانێت دەنگ و رەنگی ئەوانە خامۆش بکات کە نوێنەرایەتی سەدان هەزار موچەخۆری کوردستان دەکەن."
هەروەها پێشی وایە "دەسەڵات لەبری دابینکردنی موچەکانیان مامۆستایان و فەرمانبەران دەستگیر دەکات، ئەمە ئەوپەڕی ترسە لە خەڵک و دەنگی ئەوانەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان قبوڵ نییە."