وتەبێژی دەم پارتی دەڵێ، لەبارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی تورکیا رێککەوتن هەیە، رۆژی دوشەممە پێشنیاری پارتەکەیان پێشکەش دەکەن. دەشڵێت، بۆ كۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.
ئاوێنە: ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ هەینی لە ناوەندی دەم پارتی لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەو کۆمیسیۆنەی کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێندرێت، پێویستە خاوەن ئەرکی تایبەت بێت و ئەوان لەمبارەیەوە پێشنیازێکیان ئامادە کردوە.
دۆغان وتی: "ئەمڕۆ دەبینین لەنێو پارتە سیاسییەکان و لەنێو کۆمەڵگە لەسەر بیرۆکەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و گرنگییەکەی رێککەوتن هەیە. دەوترێت، ئێمە وەکو دەم پارتی بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازی لەوە دەکەین. پێشتریش وتبومان کە پێشنیازەکەمان لەسەر ئەم بابەتە ئامادەیە. ئێمە رۆژی دوشەممە ئەم پێشنیازە پێشکەش بە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان دەکەین، پارتە سیاسییەکانی دیکەش ئەوە دەکەن"
وتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا، زۆر گرنگە کە سەرۆکی پەرلەمان لەمبارەیەوە دەستپێشخەریی کردوە و لەگەڵ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوەتەوە و گوێی لێ گرتون.
وتیشی: "ئێمە ئەو نزیکایەتییە ئەرێنی و بنیاتنەرەی ئەو لەبارەی کۆمیسیۆنەکە بە ئەرێنی دەبینین. سەرۆککۆمار ئەردۆغان-یش لەبارەی بابەتەکە راگەیێندراوی هەبو. ئەمانە هەمووی ئەوە دەردەخەن کە رێککەوتنێکی گشتی هەیە. ئێستا ئێمە لەو دۆخەدا نین کە لەسەر ئەم رێککەوتنە زانیاریی فراوان بدەین. چونکە گەڕان بەدوای رێککەوتن بەردەوامە و گفتوگۆکان لەبارەی ئەم بابەتەوە بەردەوامن".
ئایشەگوڵ دۆغان وتی: "دوێنێ پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار ئەندامانی شاندی ئیمراڵمان لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان کۆبونەوە. دواتر، ئەوانیش بیروڕای خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و کۆمیسیۆنەکە بڵاوکردەوە. پێویستە چەکەكان بە تەواوی بێکاریگەر بکرێن و پێویستە هەموو میکانیزمە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە لە زووترین کاتدا بێ دواخستن دابمەزرێن."
دۆغان، لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وتی، ئەوان چاوەڕێی وەڵامی ئەردۆغانن.