هەپەگە: هێرشەكانی توركیا زۆر زیادیان كردوەو ئامانج لێیان دروستكردنی كۆسپە بۆ پڕۆسەی چارەسەری
  2025-06-28       480       

هەپەگە رایگەیاند، لەماوەی ئەم دو هەفتەیەی دواییدا هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا زۆر زیادیان كردوە. دەشڵێت، گەریلا وەڵامی بۆ هێرشەكان هەبوەو لە ئەگەری بەردەوامبونی هێرشەكانیشیدا، وەڵامی توندتریان دەبێت. ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەو هێرشانە دەستوەردانی مەترسیدارن بە ئامانج دروستكردنی كۆسپ بۆ پڕۆسەی چارەسەری.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە ماوەی ئەم دو هەفتەیەی دواییدا بە تایبەت لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای زاپ، دەشتاییەکانی نێوان ناوچەی ئامێدیی باشوری کوردستان و هەرێمی دێرەلۆک و هەروەها مەتینا، هێرشەكانی سوپای توركیا لە دژی هێزەکانمان زۆر زیادیان کردوە.

وتوشیەتی، لە گوندی سێگرێی نزیکی ناوچەی ئامێدی و لە گۆڕەپانی گردی ئامێدیمان کە کەوتوەتە سەروی گوندی سێگرێ بە چەکی کیمیایی شەپۆلێکی هێرشی لەناوبردن لە دژی هێزەکانمان دەستپێکرا. پێشتریش پەیوەست بەم بابەتەوە ڕاگەیاندراو و ئاگادارییمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردبوەوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورکیا لەو ناوچانە بێ ناوبڕ و زیاتر بون، بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی زۆر زیاتر بە چەکی کیمیایی هێرشەکانی درێژ کردوەتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئێمە لە 24 و 26ـی حوزەیراندا لەم ناوچەیە لە دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا کە لەسەر بنەمای لەناوبردن دەیکات، ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەمان ئەنجام دا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هێزەکانمان پابەندن بەو پڕۆسەیەی كە لەلایەن ئاپۆوە راگەیەندراوە لەگەڵ پابەندبون بە بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکەن.

وتوشیەتی، وێڕای ئەوەی تێکۆشانی چەکداری وەستێندراوە، بە تایبەت لە ناوچەی ئامێدی، بەڵام فەرماندەیی سوپای تورکیا بە سەختی و تەواوەتی چەکی کیمیایی وەک تاوانی جەنگ بەکاردەهێنێت کە لەلایەن یاسا نێونەتەوەییەکانەوە قەدەغەکراوە و لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا ئێمەیش لە 24 و 26ـی حوزەیراندا مافی وەڵامدانەوەمانمان بەکارهێناوە. پەیوەست بە هەستیاری پرۆسەکەوە لە ئێستادا دیمەنی چالاکی بەفراوان و زیانەکانی سوپای تورکیا بڵاوناکەینەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، بەرپرسیاری زیانەکان و ئەم دۆخە، فەرماندەیی سوپای تورکیا لە هەرێم و زیهنیەتەکەین کە لە بەرانبەر هێزێکی دەستهەڵگرتو لە چەک بە بەردەوامی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی بەکاردەهێنێت کە زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

هەروەها هۆشداریشی داوە كە پێویستە بزانرێت گەر دوای ئەم ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوە و ئاگادارکردنەوەیەمان، سوپای تورکیا بە بەکار‌هێنانی چەکی کیمیایی درێژە بە هێرشەکانی بدات، ئەوا وەڵامدانەوەی توندتر و کاریگەرترمان دەبێت.

وتوشیەتی، ئاشکرایە ئەم هێرشانە کە لەلایەن هەندێک بازنەی ڕانتخۆری جەنگ و گەڕاو بەدوای قارەمانێتی هەرزاندا بۆ بەرژوەندی تاکەکەسی ئەنجام دەدرێن، دەستوەردانی مەترسیدارن بە ئامانج دروستكردنی كۆسپ لەسەر رێگەی پڕۆسەی چارەسەری.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×