ئاوێنە لەبەغداوە هەنگاوەکانی چارەنوسی مووچە بۆ هەفتەی داهاتوو ئاشکرا دەکات
  2025-06-28       1832       

ئاوێنە لەزاری دوو پەرلەمانتاری عێراقەوە هەنگاوەکانی چارەنوسی مووچە دەخاتە روو، بەپێی وتەی پەرلەمانتارێکی پارتی هەفتەی داهاتوو هەواڵەکانی چارەسەرکردنی مووچە "دڵخۆشکەر" دەبێت. هاوکات پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت "ماددەی ١٣ی یاسای بودجە هەرێم و بەغدای کۆکردەوە و تەیف سامی پەلەی کردووە لە بڕیارەکەی".

 

ئاوێنە: نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی راگەیاند "ئەو هەوڵانەی لەئێستادا بەردەوامییان هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی یاخود نانەوتی هەموو هەوڵەکان دەچێتە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەی حەوتەم لە ماددەی ١٣ی یاسای بودجە".

لەوبارەیە زیاتری وت "ماددەکە دەڵێت؛ لەکاتی بوونی تێڕوانینی جیاواز لەنێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە پابەندی شایستەکانی هەرێم، دەبێت لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا پێکبهێنرێت تاوەکو راسپاردەکانیان بۆ چارەسەرکردنی مووچە لەماوەی سێ رۆژدا بخەنە روو، بۆیە ئەو هەوڵانە لەئێستادا بەردەوامی هەیە تاوەکو ئەو گرفتانە لەکاتێکی نزیکدا چارەسەر بکرێت؛ بەتایبەت ناردنی مووچە".

لەبارەی بڕیارەکەی تەیف سامیشەوە، نەرمین مەعروف کەلە فراکسیۆنی یەکێتیە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات "بەپێی ئەم ماددەیە بێت، دەبوو وەزیری دارایی عێراق لە ٢٨ی مانگی ئایار ئەو نوسراوەی دەرنەکردایە، بەڵکو چاوەڕێی راسپاردە و لیژنەکەی بکردایە، بەڵام ئەو تاک لایەنە بڕیاریدا. بەڵام لەکۆتایدا بەغدا کار بەم یاسایە دەکات".

ئێوارەى رۆژى پێنجشەممە، شاندێکی تەکنیکی حکومەتی عێراق گەیشتنە هەولێر بۆ چارەسەرکردنى  پرسی مووچە و هەناردەکرنەوەى نەوتى هەرێم. بەپێی زانیارییەکانیش بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی باڵای دیکە کە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق و راوێژکارێکی باڵای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەرپرسی نوسینگەی ناوبراو سەردانی هەرێم بکەن، بەڵام هێشتا رانەگەیەندراوە کە تەیف سامی وەزیری دارایی بەغدا ئامادە دەبێت یاخود نوێنەرێکی دەنێرێت. ئەو کەسەشی سەرپەرشتی کۆی پڕۆسەکە و رێککەوتنەکە دەکات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی فیدراڵە.

لای خۆشییەوە، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئاوێنەدا هەواڵی دڵخۆشکەر رادەگەیەنێت و دەڵێت "هەواڵەکان دڵخۆشکەرن؛ چونکە هەرێم و بەغدا لە هەنگاوەکانیان گەیشتووەتە رێککەوتنێکی زۆر زۆر باش و بە بەردەوامی هەنگاوەکان بەرەو چارەسەر باش دەڕوات".

قەرەنی باسی لەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەشدا هەرێم بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کۆمەڵێک راسپاردە و پێشنیاری داوە بە بەغدا لەرێگەی شاندە تەکنیکیەکەی عێراق.

"ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو هەرێم و بەغدا لەسەر کێشەی مووچە رێکبکەون". مەریوان قەرەنی وای وت
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×