لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو ڕۆژدا نۆ هاوڵاتیی کورد دەستگیر کران
  2025-07-03       231       

لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتییان و چالاکوانانی کورد دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نۆ هاوڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون.

ئاوێنە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دەستگیر کردنی هەڕەمەکی هاوڵاتییان و چالاکوانانی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نۆ هاوڵاتیی و چالاکوان و هونەرمەندی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ناو و شێوازی دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی کورد بەمشێوەیە خراوەتەڕوو:-

لە ١ـی تەمووزی ئەمساڵدا، پێنج هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئاوات عەلی پوور، هەژار عەبدوڵا پوور، ئەنوەر ئیبراهیم زادە، سمکۆ مەعرووفی و ئیسماعیل سانیار لە سنووری شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ مۆڵەتی یاسایی دەستگیر کراون، هەروەها ئیسماعیل سانیار و سمکۆ مەعرووفی یەکێکن لە زیندانیانیی سیاسیی پێشوو.

هاوکات، هاوڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی فایەق باستان تەمەن ٦٢ ساڵی خەڵکی گۆندی سۆفی بلەی سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای هێرشی نایاسایی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی دەستگیر کرا.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، هونەرمەندێکی کورد بە ناوی ناسیح مستەفایی خەڵکی گوندی نەجێی سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای بانگكرانی و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.

لە ٢ـی تەممووزی ئەمساڵدا هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مووسا ئومیدی چالاکوانی مەدەنی کورد و خەڵکی ئیلام بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیریان کردووە، هاوکات دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسیی ئەو چالاکوانەدا گرتووە لەوانە، مۆبایل و لاپتۆپ و کتێبەکانی.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، عەلی قەبچاق شاهی نووسەر و دەرهێنەری خەڵکی شارۆچکەی نەغەدەی سەر بە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×