بزوتنەوەی گۆڕان(باڵی كوردسات) رایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕیارێکی سیاسییە بەڵام حكومەتی هەرێمیش بەرپرسیارە لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و دابینکردنی شایستەی داراییەکانی فەرمانبەران.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان(باڵی كوردسات)، بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید لە مەکۆی سەرەکی لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی، كۆبونەوەی ئاسایشی خۆی ئەنجام دا.
بەپێی راگەیەندراوێكی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەریان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم بەتایبەت بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییە ڕێکخراوەییەکانی بزوتنەوەکە، سێ تەوەری جێ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی کۆبونەوەکە بون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، دانا ئەحمەد مەجید، لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەکان وتویەتی، ئەرکی هەموانە هەرێمی کوردستان لەو کێشمەکێشمە سیاسی و ململانێ هەرێمییانە، بێلایەن بهێڵنەوە و خاک و خەڵکی کوردستان لە مەترسیەکان بپارێزین.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردو حکومەتدا، بەتایبەت بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وەک بڕیارێکی سیاسیی و نادەستوریی دژی خەڵکی کوردستان هێنرایە زمان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەو سۆنگەیە و بە لەبەرچاوگرتنی بارگرانی ژیانی فەرمانبەرانی هەرێم داواکرا چارەسەری ئەم کێشەیە لەسەر بنەمای دەستور و قانون و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکرێت و چیتر موچە نەکرێتە کارتی سیاسیی و خەڵکی کوردستان باجی کێشەکان بدات، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێمیش بەرپرسیارە لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و دابینکردنی شایستەی داراییەکان.
لەبارەی دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، کۆبونەوەکە بڕیاری پێویستی لەسەر هەمو ئاستەکانی کاری سیاسیی، ڕێکخراوەیی، دامەزراوەیی، کارگێڕی و میدیایی بۆ قۆناغی داهاتو دا، بەشێوەیەک لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەیوەندیدا دەبن بۆ لابردنی ئاستەنگە قانونی و سیاسییەکان، لەلایەکی دیکەش هەمو ئۆرگانەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێکدەخرێنەوە و هاوشانی ژورەکان و ئۆرگانەکانی دیکە بەکاری ڕێکخراوەیی هەڵدەستن و کار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە دروستکراوەکان و بەهێزکردنەوەی ڕایەڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و هاونیشتمانیان دەکەن.