ئا: ئاوێنە
ئۆدێد ئایلام، بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد"، بۆ ڕۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی ڕوونی کردەوە کە چۆن سیخوڕ لەئێران هەڵدەبژێرنو بەڵێنی چی پێدەدەن.
دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیلو ئێران، ڕاوی سیخوڕی لەتاران بەردەوامە. ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای هەواڵگری مۆساد لە ناوجەرگەی تاراندا، بەر لەیەکەم هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل چەندە بە قووڵی توانیویەتی بچێتە ناو ئێرانەوە.
ئۆدێد ئایلام، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل کە تەمەنی ٧١ ساڵە، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، تۆڕی سیخوڕییە گەورەکەی لە ئێران ڕوونکردەوە. ئەو دەڵێت "ئێران چەندین نەتەوەو ئایینو مەزهەبی جیاواز لەخۆدەگرێت، تەنیا لەسەدا ٤٠ی دانیشتووانی ٩٠ ملیۆن کەسیەکەی، لەفارس پێکهاتوون، ئەمە وا دەکات بۆ حکومەت قورس بێت خەڵک لەژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵێتەوە. بۆشایی گەورە لەسیستەمی چاودێریدا هەیە".
ئایلام ئاماژە بەوە دەکات کە سیخوڕەکان بەگشتی لەنێو کورد، تورکمان، بەلوچیو ئازەرییەکان هەڵدەبژێردرێن، ئەو دەڵێت "ئەم کەسانە ڕەنگە بەهۆی ناڕازیبوونیان لەڕژێم ئەم کارە بکەن، تەنانەت ئەگەر بۆ پارە یان پشتیوانی ئیسرائیلیش نەبێت".
دەشڵێت "لەئێران خەڵکی ناڕازی زۆرن، بەشێکی زۆر لەکۆمەڵگای ئێران هەژارن، هەرچەندە ئێران یەدەگی گازێکی زۆری هەیە، بەڵام ملیارەها دۆلار تەرخان دەکات بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حزبوڵڵای لوبنان نەک پارەکەی لەوڵاتەکەی خۆیدا سەرمایەگوزاری بکاتو خەڵک لەسایەیدا بحەسێتەوە. جگە لەوەش ئێران وڵاتێکی گەورەیەو سنووری فراوانی هەیەو هەمیشە ناتوانرێت ئەم سنوورە فراوانە چاودێری بکرێت، ئەمەش وا دەکات هەر جۆرە کارێکی قاچاخچێتی لەو وڵاتەدا ڕووبدات"
ئایلام هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مۆساد بەڵێنی داوە سیخوڕەکانی لەئێران بپارێزێتو ئەگەر پێویست بکات ئەوانو بنەماڵەکانیان بباتە شوێنێکی سەلامەت. بەڵام لەدوای شەڕەوە لانیکەم شەش سیخوڕی ئیسرائیلی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
جگە لەوەش زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەبیانووی ئەوەی کە سیخوڕی مۆساد بوون دەستگیر کراون.