ئا: وریا حسێن
لەبەرەبەیانی ڕۆژی ١١ی تەموزی ٢٠٢٥، لەدیمەنێکدا کە مێژوو سیاسەتی تێدا تێکەڵ ببوو، ٣٠ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەقووڵایی شاخەکانی جاسەنەوە هاتنە خوارەوە. لەبەردەم چاوی کامێراکانو بەئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، تورکیاو جیهان، پەیامی ئاشتییان خوێندەوەو پاشان بە شێوەیەکی سیمبولی، ئاگریان لەچەکەکانیان بەرداو گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان لەقەندیل. ئەم هەنگاوە، کە بەوەرچەرخانێکی گرنگ لەمێژووی دۆزی کورد لەتورکیا دادەنرێت، دەرگایەکی نوێی بەڕووی پڕۆسەی ئاشتیدا کردەوە، بەڵام هاوکات پرسیارگەلێکی چارەنووسسازیشی وروژاند.
هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە بۆ ئەم رێورەسمە، ڕێکەوت نەبوو. هەندرێن هەورامی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لەپەکەکە، لەلێدوانێکدا بۆ "ئاوێنە" کۆدە سیاسییەکانی ئەم هەڵبژاردنەی شیکردەوەو وتی "هۆکاری هەڵبژاردنی جاسەنە دوو لایەنی ڕوونی هەبوو: یەکەمیان، ڕەهەندە مێژووییەکەیەتی؛ ئەم ئەشکەوتە پەناگەو ناوەندی بەرخودانی شێخ مەحموودی حەفید بوو دژی داگیرکاریی ئینگلیز لەساڵانی ١٩٢٠کانداو هەر لەوێشەوە ڕۆژنامەی "بانگی حەق"ی دەرکرد. ئەمجارەش تەڤگەری ئازادی لەهەمان شوێنەوە بانگەوازی ئاشتی ڕاگەیاند، وەک ئەوەی بڵێت چیاکانی کوردستان دەتوانن هەم لانکەی بەرخودان بنو هەمیش ناوەندی ئاشتی".
هەورامی کۆدی دووەمیشی ئاشکرا کرد، کە پەیامێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ دەوڵەتی تورکیا، ئەو وتی "ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە لەساڵی ١٩٢٢، نوێنەری مستەفا کەمال ئەتاتورک لەم ئەشکەوتەدا لەگەڵ شێخ مەحموود کۆبووەوەو بەڵێنی چارەسەری پرسی کوردی دا، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەوە. پەیامی ئەمڕۆی گەریلا ئەوەیە: ئێمە ئاگاداری مێژووین، لەڕابردوودا گفتوگۆ کراوە، بەڵام نیازپاکی تێدا نەبووەو لەبەڵێنەکان پەشیمان بوونەتەوە. ئێمە لەو ئەزموونانە وانەمان وەرگرتووەو تەڤگەری ئازادیی کوردستان تەڤگەرێک نییە وەک ڕابردوو هەڵبخەڵەتێنرێت".
دیمەنی رێورەسمەکە خۆی پڕ بوو لەپەیامی سیمبولی، پۆلی گەریلاکان لە ١٥ ژنو ١٥ پیاو پێکهاتبوون، ژنێک پێشەنگایەتیی دەکردن، کە جەختکردنەوە بوو لەسەر پرەنسیپی یەکسانیی ڕەگەزی. بەپێی زانیارییەکانی "ئاوێنە"، ئەو ٣٠ چەکەی سووتێنران بریتی بوون لە (٢٧ کڵاشینکۆف، یەک ئاڕ پی جی، یەک چەکی نیشانشکێن (ڕووسى)و چەکێکی پێشکەوتووی ئەمریکی)، کە پێشتر لەلایەن تیمێکی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)ەوە وردبینییان بۆ کرابوو ژمارەکانیان وەرگیرابووەو چاودێریی مەیدانیی پڕۆسەکەیان دەکرد، هاوکات فڕۆکەی سوپای تورکیاش لەئاسمانەوە چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد، لەهەرێمى کوردستانیش (دەزگاى ئاسایشو تیمەکانى ئۆپراسیۆنى سلێمانى) ئەرکى چاودێرىو پارێزگارى پڕۆسەکەیان پێسپێردرابوو.
خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج ئەوە بوو کە سەرجەم گەریلاکان خەڵکی باکووری کوردستان بوون، هیچ گەریلایەکى پارچەکانى دیکەى کوردستان لەناو ئەو ٣٠ گەریلایە نەبوون چەکیان دانا، هەندرێن هەورامی لەمبارەیەوە وتی "پەیامەکە ڕوونە، ئەم پڕۆسەیە تەنها گەریلاکانی باکووری کوردستان دەگرێتەوە."
ئەبوبەکر هەڵەدنی، یەکێک لەمیوانە ئامادەبووەکانی رێورەسمی چەکدانانى سیمبولى پەکەکەى لەجاسەنە، بەوتەى خۆشى لەماوەى شەش مانگى ڕابردوودا چاوى بەچەندین بەرپرسى پەکەکە کەوتووە، لە لێدوانێکدا بۆ "ئاوێنە" وتی "لە ماوەی ئەم شەش مانگەی ڕابردوودا، جددییەتێکی تەواوم لەبەرپرسانی پەکەکەدا بینیوە، ئەم هەنگاوە دەستپێکێکە بۆ دەستبەرداربوونی تەواوەتی لەچەک، بەڵام بۆ تورکیایەک کە سەد ساڵە نکۆڵی لەبوونی کورد دەکات، ئەمە کاتی دەوێت".
هەڵەدنی جەختی کردەوە کە تۆپەکە ئێستا لەگۆڕەپانی تورکیادایە، ئەو وتی "دەبێت کێشە دەستووریو یاساییەکان چارەسەر بکرێن، گەرەنتی بۆ ژیانی چەکدارەکان دابین بکرێتو ڕێبەرەکەیان ئازاد بکرێت تا بتوانێت خۆی ڕاستەوخۆ بەشداری لەدیالۆگەکاندا بکات."
هاوکاتى ئەم پڕۆسەیە لەسلێمانى کۆنفرانسێک بۆ پێکەوە ژیانى ئاستى پێکهاتەکان ئەنجامدرا لەلایەن دامەزراوەى (ماس)ەوە کە چەندین بەرپرسى عێراقو هەرێمى کوردستان تێیدا بەشداربوون، د. کاروان حەمە ساڵح، توێژەری سیاسیو ڕێکخەری کۆنفرانسەکە لەبارەی پێکەوەژیان، لەلێدوانێکدا بۆ "ئاوێنە" ئەم هەنگاوەی شیکردەوەو وتی "وەڵامدانەوەی پەکەکە خواستێکی هاوبەش بۆ ئاشتی نیشان دەدات کە بەپلەی یەک لەقازانجی تورکیایەو هاوکات لەقازانجی کوردیشە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەمە تەنیا تاکتیکە یان ستراتیژییەتێکی درێژخایەنە؟".
ناوبراو پێیوایە ڕوانگەی سیاسیی کوردانی باکور ئەوەیە کە خەباتی چەکداری بگوازنەوە بۆ قۆناغی سیاسی، لەکاتێکدا ڕوانگەی حکومەتی تورکیاش ئەوەیە کە ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە بەرەو دروستکردنی دەوڵەتێکی دیموکراتی کە بتوانێت لەسەر ئاستی جیهان ببێتە وڵاتێکی زلهێز.
دووکەڵی چەکە سووتاوەکانی جاسەنە بەئاسماندا بڵاو بووەوەو چاوی هەمووانی لەسەر ئەنقەرە جێهێشت، ئێستا جیهان چاوەڕێیە بزانێت ئایا تورکیا ئەم هەنگاوە بوێرانەیە دەکاتە دەروازەی ئاشتییەکی پایەدار، یاخود لاپەڕەیەکی دیکەی پڕ لەهیواو هەلی لەدەستچوو لەمێژووی خوێناویی ناوچەکەدا تۆمار دەکات؟
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات