له‌ئێستادا له‌زۆربه‌ى كێڵگه نه‌وتیه‌كانى هه‌رێم به‌رهه‌م به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌شێكیان به‌ته‌واوه‌تى وشكیان كردووه
وریا حسێن
گه‌نده‌ڵى‌و ناشه‌فافى وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتى نه‌وتداو به‌كه‌سى كردنى ئه‌م سامانه سروشتیه دیارترین ئاڵنگارى به‌رده‌م نوێترین رێككه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غدایه، جێگه‌گرتنى ئه‌م ئاڵنگاریانه‌ش له‌كاتێكدایه كه به‌رهه‌مى كێڵگه نه‌وتیه‌كان ساڵ به‌ساڵ كه‌متر ده‌بێته‌وه.
رۆژى 17ى ته‌مموز، رۆژێكى جیاواز بوو بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێم، چونكه دواى 77 رۆژ لەدواکەوتنی مووچە، هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند رێككه‌وتنێكى نوێیان راگه‌یاند كه تێیدا ناردنى پاره‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆران تاوه‌كو كۆتایی 2025 جێگیر كرا.
پاش تێپه‌ڕینى ته‌نیا پێنج رۆژ له‌رێككه‌وتنه‌كه له‌به‌روارى 20ى ته‌موز، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌میانى پێشكه‌شكردنى وتارێكدا كه له‌چوارچێوه‌ى مه‌راسیمى كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى فریاگوزارى خێراى ئاو له‌هه‌ولێر پێشكه‌شى كرد، یه‌كه‌مین ئاڵنگارى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى راگه‌یاندو وتى "به‌غدا مه‌رجێكى نوێیان داناوه، ده‌ڵێن: نەوتەکە رادەستبکەن، پاشان مووچە دەنێرین".
هه‌مان رۆژو راسته‌وخۆ له‌دواى وته‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، عه‌توان عه‌توانى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌پاش هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ى له‌كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ته‌یف سامى، وه‌زیرى دارایی عێراق، وتى "فرۆشتنى نه‌وت گه‌ره‌نتى دابینكردنى مووچه ده‌كات، هه‌ر كاتێك رێككه‌وتنه جێبه‌جێ كرا ئه‌وكات مووچه ده‌نێردرێت".
ئه‌مه لێدوان‌و وتانه ده‌ستپێكى قۆناغێكى نوێ‌و پڕ له‌ئاڵنگارییه بۆ گرێبه‌سته نوێیه‌كه‌ى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.
ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ى هه‌ولێرو به‌غدا له‌دوو به‌شى سه‌ره‌كى پێكهاتووه: به‌شى یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندیداره به‌راده‌ستكردنى نه‌وت، تێیدا هاتووه، "هه‌رێمى كوردستان رۆژانه 230 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ده‌كات. هاوكات 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌درێت بەكۆمپانیا ناوخۆییه‌كان به‌مه‌به‌ستى پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستى ناوخۆیی".
به‌شى دووه‌مى رێككه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر داهاتى نه‌وتى‌و نانه‌وتیه، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه، "هه‌رێمى كوردستان پێویسته بۆ مانگه‌كانى ئایار‌و حوزه‌یران نیوه‌ى داهاتى نانه‌وتى خۆى كه به 120 ملیار دینار خه‌مڵێنراوه راده‌ستى به‌غدا بكات، تاوه‌كو لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێداچونه‌وه بۆ داهاتى ناوخۆى نانه‌وتى ده‌كات". ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى دیاریكردنى داهاتى نه‌وتى‌و پشكى به‌غدا لێى له‌پاش دوو هه‌فته بۆ مانگى ته‌مموز. هاوكات جێبه‌جێكردنى سیستمى ته‌وتین له‌ماوه‌ى سێ مانگدا به‌شێكى تره له‌رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.
د.گوڵاڵه سدیق، شاره‌زاى دارایی‌و بانكه، چاودێرى دۆخى دارایی هه‌رێم ده‌كات، له‌باره‌ى گرنگترین ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ى كه له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌دان به‌ئاوێنه‌ى راگه‌یاند "دوو له‌سه‌ره‌كیترین ئاڵنگاریه‌كانى به‌رده‌م ئه‌م رێككه‌وتنه بریتیه له‌نه‌بوونى یاسى نه‌وت‌و غاز له‌عێراق‌و گه‌نده‌ڵى له‌ئیداره‌دانى كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێم. به‌پێى مادده‌ى 111و 112ى ده‌ستورى عێراق پێویسته یاساى نه‌وت‌و غاز ده‌ربكرێن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌رچوونى ئه‌م یاسایه گه‌نده‌ڵیه‌كانى ئه‌م كه‌رته كۆتایی پێده‌هێنێت، هه‌ندێك لایه‌نى كوردى هه‌رێم‌و عه‌ره‌بیش نایانه‌وێت ده‌ربچێت. هۆكارى دووه‌میش بریتیه له‌ناشه‌فافى له‌ئیداره‌دانى كه‌رتى نه‌وت له‌هه‌رێمى كوردستان، ئه‌م كه‌رته به كه‌سى كراوه. بۆ نمونه له‌م دواییه‌دا هێرشى درۆنى كرایه سه‌ر به‌شێك له‌كێڵگه نه‌وتیه‌كانى هه‌رێم، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشانه نه‌بوونایه كه‌س ناوى به‌شێك له‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌ى هه‌ر نه‌ده‌زانى، چ بگات به‌داهاته‌كه‌یان، چونكه له‌ده‌ستى كه‌س‌و بنه‌ماڵه‌دان".
له‌رۆژى هه‌ینى 18ى ته‌موزه‌وه، شاندێكى حكومه‌تى عێراق به‌سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆكى كۆمپانیاى نه‌وتى باكور هاتوونه‌ته هه‌رێم‌و سه‌ردانى كێڵگه نه‌وتیه‌كانیان كردووه به‌مه‌به‌ستى دیاریكردنى تواناى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌هه‌رێم، كه به‌وته‌ى، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، "ئه‌م هێرشانه كێشه‌یان دروستكردووه‌و تواناى به‌رهه‌مهێنانى هه‌رێم دابه‌زیوه، له‌كۆتایشدا ئه‌مه بووه‌ته ئاڵنگارى له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه".
له‌باره‌ى ئه‌م ئاڵنگاریه‌وه به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د، كه هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره له‌چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كاندا بۆ ئاوێنه وتی "به‌ڕاى من ئه‌م هێرشه درۆنیانه نابنه كێشه‌یه‌كى گه‌وره، چونكه زیانێكى گه‌وره‌یان نه‌گه‌یاندووه، هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌م ته‌نیا هێرشه‌كان نین، به‌ڵكو ترسى كۆمپانیاكانه، كه به‌هۆى خراپى دۆخى ئاسایشیان به‌رهه‌مهێنانیان كه‌مكردووه‌ته‌وه یانیش وه‌ستاندووه. ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمپانیاكان بیانه‌وێت ئه‌م كێشه‌یه له‌دوو كاتژمێردا چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
به‌هجه‌ت کە هاوكات شاره‌زاى سیاسه‌تى نه‌وت‌و غازه، پێشبینى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌یه‌كى نوێ ده‌كات كه ئاڵنگارى بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ى هه‌ولێرو به‌غدا له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا ده‌كات، به وته‌ى ئه‌و "به‌هۆى وه‌ستانى په‌ره‌پێدان له‌كێڵگه نه‌وتیه‌كانى هه‌رێم، كۆنى ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ى كه له‌به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتیدا به‌كاردێت له‌ئێستادا له‌زۆربه‌ى كێڵگه نه‌وتیه‌كانى هه‌رێم به‌رهه‌م به به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌شێكیان به‌ته‌واوه‌تى وشكیان كردووه".
به‌وته‌ى ئه‌و شاره‌زایه، "ئه‌م كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مه ئاڵنگارى گه‌وره بۆ رێككه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غداو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان دروستده‌كات ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات چاره‌سه‌ر نه‌كرێت".
عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، بڕیارده‌رى ره‌وتى هه‌ڵوێسته، له‌نوێترین لێدوانی‌دا له‌په‌ڕه‌ى خۆى له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك ئاشكراى كردووه له‌باره‌ى قه‌باره‌ى ئێستاى وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى‌و ژماره‌ى به‌رمیله نه‌وتى ده‌رهێنراو رۆژانه ده‌ڵێت "به‌پێى ئه‌و راپۆرته‌ى كه لیژنه‌كه‌ى به‌غدا ئاماده‌یان كردووه، تواناى به‌رهه‌مهێنانى هه‌رێم ئێستا رۆژانه 80 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته. زۆر قورسه به‌غدا رازى ببێت كه ته‌نیا 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى پێبدرێت‌و ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌ى مووچه بنێرێت".
ئاڵنگاریه‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنى رێككه‌وتنه‌كه ته‌نیا خۆیان له‌شێوازى جێبه‌جێ كردنه‌كه‌یدا نابیننه‌وه، چونكه بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكرای ده‌كات كه جیاوازى هه‌یه له‌نێوان ده‌قى ئه‌و لێكتێگه‌یشنه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم په‌سه‌ندى كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى بڕیارى له‌سه‌ردراوه.
"جیاوازیه‌كه له‌بڕگه‌ى دووه‌م، خاڵى پێنجه‌مدایه، كه له‌لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا به‌وشێوه‌یه نییه، به‌ڵام له‌و رێككه‌وتنه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كردویه‌تى ناردنى پاره‌ى مووچه ده‌به‌ستێته‌وه به‌هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى توركى"، به‌وته‌ى سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێوایه "ئه‌مه ته‌نیا بۆ دروستكردنى كێشه‌یه‌و پێویسته لایه‌نه به‌شداره‌كان به‌كورده‌كانیشه‌وه وه‌ڵامێكیان پێبێت بۆ ئه‌م بابه‌ته، چۆن تێپه‌ڕیوه؟!".
كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانى هه‌رێم كه ئێستا له‌ژێر چه‌ترى ئه‌پیكوردا كۆبوونه‌ته‌وه لایه‌نێكى به‌هێزن، به‌ڵام بێده‌نگى ئه‌م كێشه‌یه‌ن، به‌وته‌ى مایلس كاگینز، وته‌بێژه‌كه‌یان، "له 12ى ته‌مموزه‌وه گفتوگۆ‌و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكومه‌ت وه‌ستاون".
له‌باره‌ى رۆڵى ئه‌م كۆمپانیایانه‌وه به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د وتی "ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حكومه‌ت بیانه‌وێت رێكبكه‌ون كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان ناتوانن له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه مامه‌ڵه بكه‌ن"، به‌ڵام گوڵاڵه سدیق پێیوایه، ئه‌م كۆمپانیایانه هاوشان له‌گه‌ڵ گرێبه‌ستى 50 ساڵه‌ى فرۆشتنى نه‌وت به‌توركیا ئاڵنگارى گه‌وره‌یان دروستكردووه، له‌و باره‌یه‌وه وتی "ئه‌پیكور باس له‌وه ده‌كات كه حكومه‌تى هه‌رێم یه‌ك ملیار دۆلاریان قه‌رزداره، بینیمان له‌رابرووشدا كۆمپانیاى كار بۆرى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى دروستكرد، پاشان فرۆشتیه‌وه به‌كۆمپانیاى روسنه‌فتى رووسى، دواتر خۆیان به‌كرێیانگرته‌وه لێیان، ئێستاش ئه‌مه كێشه‌یه، بۆیه ئه‌م ناڕوونیه له‌كه‌رتى نه‌وت‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان یه‌كێكه له‌هۆكاره‌كانى ئه‌وه‌ى كه حكومه‌تى هه‌رێم ناتوانێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكات".
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان‌و فوئاد حسێن، جێگیرى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق له‌پشكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به‌عه‌رابى به‌ستنى رێككه‌وتنه نوێیه‌كه‌ى هه‌ولێرو به‌غدا داده‌نرێن، وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت "كه گه‌یشتنه ئه‌م رێككه‌وتنه كاك بافڵهو كاك فوئاد حسێن په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم، وتیان: بۆ ئه‌وه‌ى بیانو نه‌ده‌ین به‌ده‌سته‌وه پێویسته رازى بیت، منیش وتم: به‌سه‌رچاو". بۆیه هێشتاش یه‌كێتى و پارتى بۆچوونیان وایه رێككه‌وتنه‌كه ده‌توانێت بنبڕى كێشه‌كان بكات.
غه‌ریب ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراكسیۆنى سه‌وز له‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌و باره‌یه‌وه به‌ئاوێنه‌ى وت: "رۆڵى گه‌وره‌ى سه‌رۆك بافڵ رێككه‌وتنه‌كه‌ى گه‌یاند به‌ئه‌مڕۆو بڕیاره تاوه‌كو ساڵى داهاتوو هه‌ردوولا پێوه‌ى پابه‌ند بن، به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه ده‌شبێته بنه‌ماو بناغه‌یه‌كى تێگه‌یشتن بۆ هه‌ردوولا بۆ ساڵانى داهاتوو".
تێگه‌یشتن له‌م هاوكێشانه ره‌نگه بۆ هاووڵاتیه‌كى ئاسایی ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام به‌شه ئاسانه‌كه بۆ تێگه‌یشتن بۆ هه‌موان ئه‌و بێ مووچه‌یی‌و خراپى گوزه‌رانه‌یه كه ئه‌م هاوكێشانه دروستیان كردووه، خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان‌و مووچه‌خۆران ناچارن له‌گه‌ڵى بژین.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات