ئا: شیلان – هێڤی
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە، کە توشبووانی لەهەرێمی کوردستاندا لەهەموو رووییەکەوە پەراوێز خراون، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی ئۆتیزم دەڵێت "تووشبووانی ئۆتیزم بیمەی تەندروستییان نییە، کەمترین ژمارەی منداڵیان خراوەتە بەر خوێندن، کەمترین منداڵیان لەنێو سەنتەردایە، کەمترین منداڵیان تێکەڵاوی خەڵک دەکرێت، زۆرترین منداڵی ئۆتیزمیش پارەیان پێ پەیدا دەکرێت".
پەروین، دایکی دوو منداڵە کە هەردووکیان تووشبووی ئۆتیزمن، ئەو کە بەم رۆژگارە بەدیار دوو منداڵە ١٢ ساڵ ٩ ساڵەکەوەیەتی، بەخەمناکییەوە بەئاوێنەی وت "ژیانم نەماوە، شەوو رۆژ دەبێت ئاگام لێیان بێو چاودێرییان بکەم، خەوو پشوودانم نییە، وەک ئەوە وایە پێیانەوە بەسترابێتمەوە".
وتیشی "هەرچییەک بڵێم بێسوودە، تا کەسێک منداڵێکی ئۆتیزمی نەبێ لەخەمو ژانی ئێمە تێناگات، جا وەرە دەبێ ژیانی من چی بێت کە دوو منداڵی ئۆتیزمم هەیە، زۆر ماندووم".
ئەم دایکە باس لەوە دەکات کە دوو منداڵەکەی بەردەوام دەجوڵێن، دەستکاری هەموو شتێک دەکەن، بەدارو دیواردا هەڵدەزنن، ئەو وتی "لەپاڵ ئەم خەمەدا، خەمی کەمدەرامەتیو هەژاری خێزانەکەشمان ئەوەندەی تر ژیانی تاڵ کردووین، هاوسەرەکەم خەریکی کرێکارییە، هەرچییەکمان دەستدەکەوێت دەبێت بۆ جارەسەرو دەرمانی ئەم منداڵانەی دابنێین".
خەمی ئەم دایکە، خەمی هەموو ئەو دایکو باوکانەیە کە منداڵی تووشبووی ئۆتیزمیان هەیە، کە تا ئێستا هیچ چارەسەرو دەرمانێکی کاریگەر بۆ چاکبوونەوەیان نییە.
بەختیار ڕەئوف، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی ئۆتیزم لەسلێمانی کە کۆمەڵەکەیان لەساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠ مۆڵەتی وەرگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات کارو چالاکییەکانی کۆمەڵەکەیان بریتییە لەئەنجامدانی سیمینارو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاو داکۆکی کردن لەمنداڵی ئۆتیزم، ئەو بەئاوێنەی وت "منداڵی ئۆتیزم ناتوانێت گفتوگۆ بکات، سەرنجو تێڕوانینی کەمە، ناتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات، لەهەرێمی کوردستان قوتابخانەیەکی تایبەتمان نیە کە ئەو منداڵانە بتوانن لێی بخوێنن".
بەختیار جەغت لەوەش دەکات کە هیچ چارەسەرو دەرمانێک بۆ منداڵی ئۆتیزم بەردەست نییە، تەنها ڕاهێنانو پەروەردە کردنو دۆزینەوەی بەهرەکەی نەبێت، ئەو وتی "هەر منداڵێکی ئۆتیزم بەهرەکەی بدۆزرێتەوە ڕێژەی ئۆتیزمەکەی کەم دەکات، کەسانی توشبووی ئۆتیزم تیشکی چاویان ٢٩ هێندەی کەسی ئاسایی زیاترە، هەستی بۆنکردنیان ٢٨ هێندەی کەسی ئاسایی زیاترە، گەر لەژیانیدا یەکجار کەسێک ببینێت تا مردن لەبیری ناچێتو دەیناسێتەوە".
وتیشی "لەشاری سلێمانی زیاتر لەهەزار تووشبووی ئۆتیزم هەیە، لەکۆمەڵەکەی ئێمە ٤٠٠ ئەنداممان هەیە، لە ٢٠١٣ەوە دۆسیەکانیان نێردراون بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی تاوەکو ئێستا کە تەمەنی منداڵەکان گەشتونەتە ١٦ بۆ ١٧ ساڵ هێشتا موچەی ١٥٠ هەزاریان بۆ نەبڕاوەتەوە، بیمەی تەندروستییان نییە، کەمترین ژمارەی منداڵی ئۆتیزم خراوەتە بەر خوێندن، کەمترین منداڵیان لەنێو سەنتەردایە، کەمترین منداڵیان تێکەڵاوی خەڵک دەکرێت، زۆرترین منداڵی ئۆتیزم پارەیان پێ پەیدا دەکرێت لەڕێگەی پزیشکەکانەوە، دەرمانیان لەسەر تاقیدەکرێتەوە، هیچ کەسێک بەرپرسیازێتی ئەمەی هەڵنەگرتووە، لێکۆڵینەوە نەکراوە کە بۆچی وا لەم منداڵانە دەکرێت".
سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی ئۆتیزم ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک منداڵی ئۆتیزم قسە ناکەن لەبەرئەوەی زۆر سەرزەنشت دەکرێن، ئەو وتی "هەندێک لەمنداڵانی ئۆتیزم لەسەر نوکی پێ دەڕۆن، چونکە فێری ڕۆشتن نەکراون، وردە وردە لەقاچ دەکەون، خۆر لێیان نادات، ڤیتامین دییان کەمە، داخورانی ئێسکیان بۆ درووست دەبێت، ئازاری جومگەیان زیاد دەکات، وردە وردە لەڕووی ماسولکەییەوە لاواز دەبن، توشی داخورانی ددان دەبن، چونکە ناتوانن خزمەتی ددانیان بکەن، هەندێجاریش دایکو باوکی ئەو منداڵانە توشی نەخۆشی دەرونی دەبن".
وتیشی "کەسی توشبووی ئۆتیزم لەکوردستانی ئێمەدا لەهەموو بوارەکاندا پەراوێز خراوە، وەک نەبوونی مووچە، نەبوونی سەنتەر، نەبوونی بیمەی تەندروستی، نەبوونی هۆشیاری دایکو باوک، نەبوونی مامۆستای باش".
هەموو ئەو باوکو دایکانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بەئاواتی ئەوەوەن رۆژێک گوێیان لەمنداڵەکەیان بێت بە"دایەو بابە" بانگیان بکات، بەڵام ئەو رۆژە هەرگیز نایەت.
سەردار حەمەئەمین مارف، سەرۆکی ڕێکخراوی دەنگی ئۆتیزم، کە خۆی منداڵێکی ئۆتیزمی هەیە، بەئاوێنەی وت "وەک هەر دایکو باوکێکی تر چاوەڕێ بووین منداڵەکەمان بانگمان بکات بەدایەو بابە، بەڵام تاکو ئێستاش نەیوتووە، منداڵەکەم وا تەمەنی ٢٣ ساڵە".
وتیشی "پێش ئەوەی دیاری بکرێت ئۆتیزمی هەیە، هیچ زانیاریم لەسەر ئۆتیزم نەبوو، پاشان کە دیاریکرا منداڵەکەم ئۆتیزمی هەیە ئەوکات ٢٠٠٥ بوو، دوای ئەوەی کۆمەڵێک پزیشکمان پێکردو بردمان بۆ وڵاتان، دواتر خۆم گەڕام بەنێو ئینتەرنێتدا، تێگەشتم لەوەی ئەم منداڵانە پێویستییان بەڕاهێنانو فیرکردنە".
سەرۆکی ڕێکخراوی دەنگی ئۆتیزم ئاماژە بەوە دەکات کە لەماڵەوە ڕۆژانە ڕاهێنان بەمنداڵەکەیان دەکەنو توانیومانە فێری ئەو شتانەی بکەین کە نایزانێت، وەک گرنگیدان بەخۆی، جەستەی، جلوبەرگی، کەلوپەلەکانی، ئەو وتی "فێرمان کردووە چۆن تایبەتمەندی خۆی بپارێزێت، ماوەی ١١ ساڵە هەموو شەوێک بە بەردەوامی وانەی پێدەڵێم، دەمەوێت فێری خوێندەواری بکەم، ئێستا خوێندەواری باشەو بەجۆرێک هەرچی پێبڵێیت دوای تۆ هەمووی دەنوسێتەوە، بەڵام دەربڕینی هەر لاوازە، ئێمە ناڕەحەتیمان زۆر چەشت لەگەڵ منداڵەکەمان، بەماوەی دوو ساڵ فێری خۆشۆردنمان کرد".
وتیشی "کەسی توشبووی ئۆتیزم کێشەو گرفتی زۆرە، چونکە لەڕووی زمانەوانییەوە توانای قسەکردنو دەربڕینی هەستەکانی نییە، ناتوانێت داوای پێویستییەکانی بکات، هەروەها کۆنتڕۆڵی ڕەفتارەکانی خۆی پێناکرێت، دەبێت هەموو شتەکانی فێر بکەیت، دەبێت ڕاهێنانی پێبکرێت، لەدەست شتن تاوەکو خۆگۆڕینو دانیشتنو هەموو شتێک".
بەبۆچوونی راهێنەرانی تووشبووی ئۆتیزم باس لەوە دەکەن کە هۆکارەکانی زۆرنو گرنگ زانینی چۆنیەتی هەڵسوکەوتە لەگەڵ ئەوانەی نیشانەی ئۆتیزمیان تیا دەردەکەوێت.
مژدە تاهیر، کە دەرونناسو راهێنەری ئۆتیزمە ئاماژە بەوە دەکات هۆکانی زۆربوونی ئۆتیزم جۆراوجۆرن، بەڵام گرنگترینیان "بۆ ماوەییە"، ئەو بەئاوێنەی وت "یەکەم هەنگاو بۆ ئەوەی منداڵی ئۆتیزم نەخرێتەوە، ئەوەیە دایکو باوکان بەرلەوەی بڕیاری خستنەوەی منداڵ بدەن، پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن. هەنگاوی دووەمیش، ئەوەیە لەکاتی دووگیانیدا بەهەمانشێوە، دەبێت ئاگاداری هەموو ئەو مەترسیانە بن، کە ئەگەری هەیە کۆرپەکەیان تووشی دەبێت، لەوانە ئۆتیزمە. هەنگاوی سێهەمیش، ئەوەیە دایکو باوک، بەهەموو شێوەیەک منداڵ لەتەمەنێکی کەمدا دووربخەنەوە لەئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایلو ئایپاد، تاوەکو گۆشەگیر نەبێو ببێتە کەسێکی کۆمەڵایەتی، ئەم سێ هەنگاوە رێگری سەرەکین لەئۆتیزم".
وتیشی "لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە منداڵی ئۆتیزمت هەبوو، دەبێ بزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت، دەبێت بەهیچ شێوەیەک هەڵسوکەوتێک نەکەیت کە ببێتە هۆی بێزاریی، دەبێت نەرمو نیانو بەحەوسەڵە بیت لەگەڵیدا، دەبێت هەمیشە خۆشەویستی بدەیتێ، چارەسەری ئەم منداڵانە تەنها خۆشەویستیو گرنگیپێدانو ڕاهێنانە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات