"ژنانیی بانگخواز" دەیانەوێ رۆڵێکی کاریگەرتر لەکۆمەڵگەی کوردیدا بگێڕن
  2025-07-24       847       
کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی موسوڵمانە، زیاتر گوێ لەکەسانێک دەگرن کە پابەند بن بەئایینەوە

ئا: شیلان محەمەد

 

لەکوردستان کۆمەڵێک ژنی ئایینی وەک بانگخواز، چالاکوان‌، قورئان‌ خوێن‌و مەولودنامە خوێن‌ چالاکن‌و دەیانەوێ کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، ژنێکی بانگخواز دەڵێت "لەئێستادا ژنانی ئایینی لەکۆمەڵگای کوردیدا زیاتر لەهەر توێژێکی دیکە، ڕۆڵیان کاریگەرترە".

 

منیرە عەلی عەبدولعزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی "مەدەنی" ناو بزوتنەوەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ژن پێویستە ئاستی خوێندن‌و رۆشنبیری‌و مەعریفەتی بەرز بێت تا بتوانێت ڕۆڵی کاریگەری خۆی ببینێ، ئەو بەئاوینەی وت "بەداخەوە لەم سەردەمە نوێیەدا، مۆدێرنێتە دەیەوێت ژن بکاتە کاڵاو پاژنەی پێڵاوەکانی بەرز بێت‌وعیلم‌و مەعریفەتی نزم بێت، دەیەوێت گرنگی بەجوانکاری‌و لەش‌و لاری بدات، بەڵام گرنگی بەخێزان‌و منداڵەکانی نەدات‌و ڕۆڵی هاوسەر بوون‌و دایکایەتی لێبدزێت، بەناوی ئابوری سەربەخۆوە دەیانکەنە کۆیلەو بوکەڵەی کۆمپانیاو بەرپرسە چاوچنۆکەکان".

وتیشی "لەئاییندا ژن پێشدەکەوێت‌و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی وەک دایک‌و کچ‌و هاوسەر دەگێڕێت‌و لەکۆمەڵگاشدا دەتوانن بەشداری لەپڕۆژەی کۆمەڵایەتی‌و کاری خێرخوازیدا بکەن‌و هاوکاری پێشکەش بەو کەسانە بکەن کە پێویستیان پێیەتی، جا چ لەئاستی تاکە کەسی یان ڕێکخراوەییدا بێت یان بەکۆمەڵ".

منیرە جەغت لەوە دەکات کە ژنانی موسڵمان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لەبەرەو پێشبردنی ئاشتی لەکۆمەڵگادا بە بەشداریکردن لەگفتوگۆو هۆشیارکردنەوەی خەڵک‌و خێزان، ئەو وتی "ژن پێویستە لەناوەندی  بڕیاردا هەبێت‌و هەوڵی بەشداریکردن بدەن لەبڕیاردان لەپرسە چارەنوسسازەکان، جا چ سیاسی، کۆمەڵایەتی، یان ئابوری‌و کلتوری‌و پەروەردەیی‌و رۆشنبیری، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی دەنگ‌و بۆچوونەکانیان نوێنەرایەتی لەکۆمەڵگادا هەیە، ژنان دەتوانن وەک بانگخواز، بەهرەی نووسین یان میدیایی خۆیان بەکاربهێنن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بەپرسە  گشتی‌و خێزانی‌و کۆمەڵایەتییەکان".

 

ئەو ژنانەی وەک بانگخوازو چالاکوان‌و مەولودنامەخوێن دەردەکەون بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن کە خەڵکی پابەند بن بە بەها باڵاو ئادابە ئیسلامییەکان.

 

مهاباد عەبدول حەمەعەزیز، کارگێڕی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی دادگەری‌و ئەندامی مەکتەبی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە ژنان بەشێکی دانەبڕاون لەکۆمەڵگە بەو پێیەی ڕۆڵێكی جەوهەری دەگێڕن لەبنیاتنانی خێزان، ئەو بەئاوێنەی وت "لەگەڵ پێشكەوتن‌و گەشەسەندنی كۆمەڵگاكان، بۆمان دەردەكەوێت كە ژنان نەک تەنها پابەندبوون بەئەركی خۆیان بەرامبەر خێزانەكانیان‌و پەروەردە كردنی منداڵەكانیان، بەڵكو لەبوارە جیاجیاكانیشدا ڕۆڵێكی كۆمەڵایەتی گەورەیان بینیوە، بەپشتبەستن بەلایەنی ڕۆشنبیری‌و ئایینی‌و كۆمەڵایەتیی‌و بڕوانامە زانستیەکانیان، کاریان کردوە بۆ گێڕانەوەی پەروەردەیەکی دروست".

مهاباد ئەوە رووندەکاتەوە کە لەمێژووی ئیسلامدا زۆرێک لەئافرەتان زاناو شەرعزان بوون، ڕۆڵی گرنگ‌و کاریگەریان هەبووە، ئەو وتی "ژنانی ئایینی بەشدارن لەبڵاوکردنەوەی چاکسازی فەرمان کردن بەچاکەو ڕێگەگرتن لەخراپە، هەروەها ڕۆڵیان هەیە لەپشتیوانیکردن لەکارە خێرخوازیەکان‌و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان".

وتیشی "ئیسلام مافی دادپەروەرانەی بەژنان بەخشی، لەکاتێکدا ڕەنگە لەگەڵ چەمکی "یەکسانی ڕۆژئاوا"دا نەگونجێت، بەڵام گەرەنتی دادپەروەرییەکی هەمەلایەنەیان بۆ دەکات کە مافیان دەپارێزێت".

 

هەرچەندە زۆرێک لەژانانی یەکسانیخواز، پێیانوایە ئایینی ئیسلام ئایینێکی پیاوسالارییە، کە لەزۆربەی فەرمان‌و رێنماییەکانیدا زیاتر پشتی پیاو دەگرێ‌و باڵادەستی دەکات بەسەر ژندا، بەڵام ژنانی ئیسلامی دەڵێن "ئێمە دەتوانین لەڕێگەی ئایینەوە دادپەروەری بەدەستبهێنین".

 

شنۆ عەبدوڵا، ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانی ژنان‌  ئاماژە  بەوە  دەدات بەهۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی موسوڵمانە، زیاتر گوێ لەکەسانێک دەگرن کە پابەند بن بەدین‌و ئایینەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ژنانیش زۆرینەیان لەهەرێمی کوردستان‌و کۆمەڵگای کوردیدا، پابەندن بەبنەما شەرعیەکانەوە، هەر ئەوەشە وایکردووە ئەم لێکنزیکبوونەوەیە هەبێت‌و ژنانی دیندار ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت‌و گوێگری زیاتریان هەبێت".

شنۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەوە نوێیەی ژنانی پابەند بەئایینی ئیسلام، کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو توندوتیژییانە دەکەن کە بەرامبەر بەئافرەت دەکرێت، ئەو وتی "ئێمە دەتوانین لەڕێگەی ئایینەوە دادپەروەری بەدەستبهێنین نەک یەکسانی، چونکە ئێمە هەمیشە دروشممان دادپەروەرییە، لەو ماف‌و ئەرکەی پێماندراوە،  بۆ ئەوەی زوڵم لەژنان نەکرێت، بەشێوازێکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خودی مرۆڤەکان بکرێت بەتایبەت ژنان، چونکە پێمانوایە ئەگەر یەکسانی ڕەها هەبێت لەنێوان ژن‌و پیاو، بەزیانی ژنان دەشکێتەوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرجار پرسیاری ئەوە دەکرێت ئایا ژنان دەتوانن لەڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە دادپەروەری‌و یەکسانی بەدەستبهێنن؟

 

لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا، بەهار عەبدولرەحمان، پەرلەمانتاری خولی چوارەمی کوردستان، بەئاوینەی وت "ژنان لەئیسلامدا توخمێکی پەراوێزخراو یان ژێردەستە نین، بەڵکو پایەی بنیاتنانی بنەڕەتین لەخێزان‌و کۆمەڵگەدا، مافی تەواوی خوێندن‌و دامەزراندن‌و بەشداری کۆمەڵایەتی‌و سیاسی لەسنووری شەریعەتدا پێبەخشیون".

وتیشی "ژنانی پابەند بەئایین دەتوانن ڕۆڵێکی نوێ‌و کاریگەر لەکۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا بگێڕن، ئەمەش پێویستی بەهۆشیاریی‌و پاراستنی ناسنامەو تێگەیشتن لەچوارچێوەی هاوچەرخ‌و توانای کارلێککردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکان بەڕۆحی دەستپێشخەری‌و بنیاتنانەوە هەیە، ئافرەتانی موسڵمان دەتوانن زیاتر دەستەبەری یەکسانی بکەن لەڕێی ئایینەکەیانەوە، یەکسانی بەهایەکە خوای گەورە بەخشیویەتی، لەهەموو قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤدا، ژن‌و پیاو یەکسانن: یەکەم، لەخەلقدا. دووەم، لەبەهایی مرۆییدا. سێیەم، لەپاداشتی کارو کردەوەدا".

 

ژنانی ئایینی لەهەوڵی ئەوەدان کە بەجیاوازی حزبایەتی‌و پێگەی کۆمەڵایەتییان لەچوارچێوەی دەستەو گروپێکدا کۆببنەوەو کار بکەن بۆ ئەوەی کاریگەرییان گەورەتر بێت.

 

چیمە ن سەلام، سەرۆکی ڕێکخراوی ساشا بۆ ئاشتی‌و ژیان، کە هاوسەرەکەشی مامۆستای ئایینییە، ئاماژە بەوە دەکات وەك هاوسەرو خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی ئایین هەوڵی چارەسەری کێشەی ژنان‌و کچانی داوە، ئەو بەئاوینەی وت "کاتێك خێزانێك کێشەیان هەبووە من هاوکار بووم لەخزمەتی مەجلیس‌و میواندارییەکی دڵسۆزانە، بوومەتە ئامۆژگاری کارێکی تایبەت بەژنەکە‌و چەندین ڕێنمایی‌و چەند خاڵی جوان‌و ئیجابی ژیانم خستۆتە پێشچاوی، چەندین ژن‌و خێزانم ئاشت کردوەتەوەو لەڕێگەی پەروەردەو پێگەیاندنیشەوە چەندین کچ‌و کچی سەرکردەمان پێگەیاندووە".

چیمەن جەغت لەگرنگی ژنانی ئایینی بانگخوازو هونەرمەندو چالاک‌و سیاسی دەکات بۆ ئەوەی ببنە گروپێک، ئەو وتی "گرنگ نییە سەر بەهەر حزبێکی ئیسلامی بن، یاخود چ پێگەیەکی هەیە، گرنگ ئەوەیە جێدەستیان دیار بێت لەکۆمەڵگا، من یەکێکم لەو کەسانەی خەونم ئەوەیە گروپێکی  ئاوها درووست بکەم بۆ ئەوەی چالاکی‌و کاریگەرییمان زیاتر بێت، بەدڵنیاییش لەئێستادا ژنانی ئایینی لەکۆمەڵگای کوردیدا زیاتر لەهەر توێژێکی دیکە، ڕۆڵیان کاریگەرترە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×