پارتی‌و یەکێتی‌، کریستیان‌و ئێزیدییەکان لەبادینان‌و نەینەوا لەئامادەکاریدان بۆ ھەڵبژاردن
  2025-07-25       610       
بۆچی گرنگە ئێزدییەکانی ناو شنگال‌و کەمپەکان بچنە سەر سندوقی دەنگدان‌و دەنگی خۆیان بدەن؟

ئا: عەمار عەزیز

 

کریستیانەکان لەناوەندی دھۆک‌و ئێزدییەکان لەدەشتی نەینەواو شنگال ئامادەکارییان کردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی لەبادینان‌و یەکێتیش لەنەینەواو شەنگال، هەموو لایەنەکان دەڵێن "زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنین".

 

لەبازنەی دھۆک، یەک کورسی کۆتا ھەیە ئەویش بۆ کریستیانەکانەو پێنج کەس خۆیان کاندید کردوەو کێبرکێی دەکەن بۆ بردنەوەی کورسیەکە، لەبازنەی نەینەوا سێ کۆرسی کۆتا ھەن، ئێزیدی، کریستیان، شەبەک، ٩ کەس لەئێزیدی خۆیان کاندید کردوە بۆ بردنەوەی کۆرسیەکەی کۆتا لەنەینەوا.

 

 خەیری عەلی، ئەندامی "ھاوپەیمانی قەزیەی ئێزیدی" لەشنگال بەئاوێنەی وت "ھاوپەیمانی ئێمە کە ئەمساڵ مۆڵەتی وەرگرتووە لەدامو دەزگاکانی حکومەت، بەشدار دەبێت لەھەڵبژاردنی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق‌و ژمارەیەک کەسی باش‌و سەربەخۆ لەسەر ھاوپەیمانی ئێمە خۆیان کاندید کردوە، ئەوەندەی ئاگادارم چەند ھاوپەیمانیەکی تر لەسنوری شنگال کاندیدی خۆیان ھەیە کە سەر بەچەند حزب‌و لایەنی سیاسین".

وتیشی "قەزیەی ئێمەو دۆسیەی شنگال بۆ ھەموومان زۆر گرنگە، چونکە دەیان کێشەی قەزاکە تا ئێستا بەھەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو چارەسەر نەکراون، بۆیە زۆر گرنگە ئێزدییەکانی ناو شنگال‌و کەمپەکان بچنە سەر سندوقی دەنگدان‌و دەنگی خۆیان بدەن، لەھەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئێزدییەکان بەھۆشیارانە دەنگی خۆیان بدەن‌و بزانن دەنگ بەکێ دەدەن، تاوەکۆ بتوانن لەئەنجۆمەنی نوێنەران شەڕ بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان بکەن‌و کێشەکانیان چارەسەر بکەن".

 

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ھەر لەدوای نەمانی دەسەڵاتی داعش بارەگای خۆیان لەناوەندی شنگال کردەوەو تا ئێستا لەوێ ماوە، بەپێچەوانەوەی پارتی کە تا ئێستا لق‌و لیژنەکانی سەر بەشنگال لەسنوری پارێزگای دھۆکن، یەکێتی ئامادەکاری باشیان کردوەو نزیکەی ٤٠ کاندیدیان ھەیە بۆ بازنەی نەینەوا.

 

داود جوندی، بەرپرسی مەڵبەندی شنگال‌و کەسایەتی دیاری ئێزیدی لەقەزاکە، بەئاوێنەی وت "وەکۆ یەکێتی لەسنوری پارێزگای نەینەوا ھاوپەیمانیەکمان ھەیە بەناوی "ھاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا"، ٦٢ کاندید لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیەکەدا خۆیان بەربژێر کردوە، زۆرینەیان یەکێتین، ئەتوانم بڵێم نزیکەی ٤٠ کاندید یەکێتین، لەسەر ئاستی قەزای شنگال حزب‌و لایەنەکانی سیاسی چەند ھاوپەیمانیەکیان ھەیە، ھەر یەکێکیان بەچەند کاندیدێک کێبرکێی بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین کۆرسیەکانی بازنەی نەینەوا دەکەن".

جوندی بەگرنگی دەزانێت ئێزدییەکان بەشدارییەکی کاراو گەورە لەھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بکەن‌و ئەو کاندیدانە ھەڵبژێرن کە بزانن خزمەتیان دەکەن‌و لەڕابوردوودا لەگەڵ ئەوان ماونەتەوەو خیانەتیان لێنەکردون.

" تا ئێستا قایمقامی ھەڵبژێردراو لەلایەن ئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا دەست بەکارنەبووەو کێشەکانی ئیداری ئەو قەزایە بەھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ھەروەھا زۆرینەی خەڵکی شنگال ھێشتا ئاوارەن‌و نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆچارەسەرکردنی ئەم کێشانەو دەیان داواکاری تر پێویستە خەڵکی ئێمە بەشدارییەکی کاراو گەورە بکەن لەھەڵبژاردنی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو لایەنانە ھەڵبژێرن کە بزانن خزمەتیان دەکەن‌وھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدەن "، جوندی وای وت.

 

لەبازنەی نەینەوا ٣١ کۆرسی ھەن لەگەڵ سێ کۆرسی کۆتا، سیستەمی ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازەو ھەر پارێزگایەک بازنەیەکە، دەنگدەرانی قەزاو ناحیەکان‌و گوند دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن کە لەسەر ئاستی پارێزگا دیاریکراون .

 

مەناف حەسەن، کادێری پارتی دیموکراتی کوردستانەو پێشتر یەکێک بووە لەسەرپەرشتیارانی هەڵمەتی ھەڵبژاردن لەلقی پارتی لەموسڵ، ئەو بەئاوێنەی وت "پارتی بۆ ئەم خوڵەی ھەڵبژاردنی ئەنجۆمەنی نوێنەران ٨ بۆ ٩ کاندیدی بەھێز لەسەر ئاستی شنگال‌و دەشتی نەینەوا کاندید کردوە، چەند کاندیدێکیان ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، ھەموو ھەوڵێک دەدەین زۆرترین کورسیەکانی بازنەی نەینەوا بەدەستبهێنین، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری زۆر باشمان کردوە".

وتیشی "نازانم چەند کورسی دەھێنین، بەڵام دەنگەکانی خۆمان زیاد دەکەین ھەرچەندە پێشتریش ئەنجامی زۆر باشمان ھەبوو، ئەمجارە زیاتر خۆمان ماندوو دەکەین، چونکە تا کورد لەدەشتی نەینەواو شنگال بەھێز بێت ئەوە لەبەرژەوەندی ھەموو پێکھاتەکاندایە، بەتایبەت ئێزدییەکان، چونکە مێژوو شاھیدە کە ھەموو کات ئێمە بەرگریمان لێکردوەو بەردەوامیش دەبین".

 

لەبازنەی دھۆک ٥ کەس خۆیان کاندید کردوە بۆ بردنەوەی کورسی کریستیانەکان، لەم بازنەیە تەنھا کورسی کریستیانەکان ھەیە.

 

خالید عەباس، سەرۆکی لقی دھۆک لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەئاوێنەی وت "لەبازنەی دھۆک یەک کورسی کۆتامان ھەیە ئەویش ھی کریستیانەکانە، ٥ کەس خۆیان کاندید کردوەو کێبرکێی دەکەن بۆ بردنەوەی کۆرسیەکە، کۆی گشتی کورسیەکانی کۆتا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێنەرانی عێراق ٩ کۆرسییە، ئەوەش دابەشکراون بۆ سەر چەند پارێزگایەکی عێراق‌و ھەرێمی کوردستان، کریستیانەکانی دھۆک دەتوانن دەنگ بەو ٥ کاندیدانە بدەن کە دیاریکراون ".

 

پێکھاتەکانی کریستیان لەبازنەکانی دھۆک‌و چوار بازنەکەی تر ئامادەکارییان کردوە بۆ ھەڵبژاردن تا بتوانن زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن.

 

یەروانت ئەمینیان، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەپێکھاتەی ئەرمەن بەئاوێنەی وت "لە دھۆک یەک کورسی کۆتا ھەیە ئەویش ھی کریستیانەکانە، وەکۆ پێکھاتەی ئەرمەن لەبازنەی ھەولێر کاندیدێکمان ھەیە، لەدھۆک پێکھاتەکانی تری کریستیان ٥ کاندیدیان ھەیە، کورسیەکانی کۆتا بۆ ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق ھەمووی ٥ کورسییە، لە دھۆک‌و ھەولێرو نەینەواو بەغدا کەرکوک".

وتیشی "پرۆسەی ھەڵبژاردن بۆ پێکھاتەکان زۆر گرنگەو باشتر وایە بەشدارییەکی کارا لەھەڵبژاردندا بکەن، ھەر پێکھاتەیەکی کریستیان کە کاندیدیان ھەیە بەپێی تواناو پێگەی جەماوەری خۆیان ئامادەکاری دەکەن بۆ بردنەوەی کاندیدی خۆیان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×