لەکۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری، سێ ژن بەدەنگی خۆیانو بێ کۆتا بوونە ئەندامی سەرکردایەتی
ئا: پەیام نەجمەدین
لەدواهەمین کۆنگرەکانی حزبە ئیسلامیەکاندا ژنان دیمەنیکی نوێیان لەبەشداری سیاسی نێو حزبەکانیان تۆمار کردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمەڵی دادگەری کۆنگرەی پێنجەمی بەستو سێ ژن بەدەنگی خۆیانو بێ کۆتا بوونە ئەندامی سەرکردایەتی، چالاکوانێکی ژن دەڵێت "ئێستا یەکێتیو پارتیو تەنانات حزبی شیوعیش کە دواهەمین کۆنگرەیان بەست، یەک ژن هەڵنەبژێردرا بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی حزبەکە، هەمووی پیاوە، ئەمە چوونە دواوەی ئەوحزبانەیە کە خۆیان بەحزبێکی مەدەنیوعیلمانی دادەنێن، بەڵام حزبە ئیسلامیەکان بەپێچەوانەوەیە".
بەدریە ئیسماعیل، یەکێکە لەو ژنانەی بەدەنگی خۆیو بەبێ کۆتا بەئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری هەڵبژێردرا، ئەو وتی "ئەوەی جێی سەرنجە ڕێژەیەکی زۆرو بەرچاوی ئافرەتان بەشداری کۆنگرەیان کرد، خۆشبەختانە ڕێژەی سەدیمان تێپەڕاندو هیچ ئافرەتێک بەکۆتا نەچووە سەرکردایەتی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لەناو کۆمەڵی دادگەریدا گرنگیەکی زۆر بەرچاو دەدرێت بەئافرەتو ڕۆڵو پێگەی ئافرەت".
وتیشی "لەناو کۆمەڵدا بەهیچ جۆرێک ڕێگری ناکرێت لەهاتنە پێشەوەی ئافرەت، هەموو کارو پیشەیەکیان کردوە، کاری پزیشکی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، بانگەوازیان کردووە بۆیە پیاوانی کۆمەڵیش دەنگدەری ئافرەتانن، ئەمەش خاڵێکی ئیجابیە کە سێ کۆنگرەیە ئافرەتان بەبێ کۆتا دەبنە ئەندامی سەرکردایەتیو پۆستە باڵاکان، لەکاتێکدا کە زۆرێک لەحزبەکانی تر باسی ئازادییان کردووە، بەڵام بەکۆتا ژنان ڕۆشتوونەتە سەرکردایەتی".
هەروەها قومری بەرزنجی، ئەندامێکی دیکەی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی کۆمەڵ، بەئاوینەی وت "مەرجەکان بۆ بەربژێری سەرکردایەتی، گشتی بووە بێ جیاوازی ڕەگەز، ژنان زۆر بەجدی پشتیوانی یەک بوون، سێ ژن بەدەنگی خۆیان دەرچوونو یەک ژنیش بەدەنگی خۆی یەدەک بوو بۆ سەرکردایەتی، ژنان لەسەرجەم ئۆرگانەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووەو هەیە".
وتیشی "لەکۆنگرەی یەکو دوو، کۆتا پێویست بوو چونکە ژنان نەیانتوانیوە بەدەنگی خۆیان دەربچن، بەڵام پێموایە بۆ ئێستا دەبێت لای ببەن، بەمە بەهێزتر دەبینو هەوڵی زیاتر دەدەین".
دیاردەیەکی بەرچاوی کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری، بەشداری کچانی گەنج بوو کە ڕۆڵی کارایان هەبوو، ئەوان دەیانەوێت ژنان زیاتر بەشداری دروستکردنی بڕیاڕی سیاسی بن.
چنار عەبدولقادر، یەکێکە لەو کچە گەنجانەی بەشداری کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری کرد، ئەو بەئاوێنەی وت "رێژەیەکی بەرچاو لەئافرەتان بەشداریان کرد بوو، ئەمەش جێی دەستخۆشییە".
وتیشی "دەمانەوێ رێژەی ژنان لەناو کۆمەڵدا زیاد بکەینو زیاتریش کارمان لەناو گەنجاندا کردووە".
کۆمەڵی دادگەری، لە٣١ی ئایاری ٢٠٠١ دامەزراوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵ ٢٠٪ی کورسییەکانی سەرکردایەتیو ٢٥٪ی ئۆرگانەکانی تری حزبەکە بۆ ژنان تەرخان کراوە.
شوان رابەر، ئەندامی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری پێیوایە حزبو بابەتی سیاسەت کردن چۆن پێویستی بەپیاوانە، ئاواش پێویستی بەژنانە، ئەو وتی "ژنان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان لەپۆستو کایەکانی ژیاندا ببینن، ژنان شاکاری گەورەیان پێدەکرێت، بۆیە پێمانباشە لەناو حزبو سیاسەتدا بن، پیاوو ژن تەواوکەری یەکترین".
وتیشی "ژنان لەناو کۆمەڵ بەکردار بەشدارییان کارایەو ڕۆڵی خۆیان هەیە، نەک هەر بەقسەو بۆ رازاندنەوە، ئەوەی لەم کاتەدا بەژنان دەکرێت بەهەندێک پیاو ناکرێت".
چالاکوانانی ژنانیش پێیانوایە پارتیو یەکێتیو حزبە نائیسلامییەکان لەهێنانە پێشەوەی ژنانو لەبەشداری پێکردنیان لەپرۆسەی بڕیاردانو سەرکردایەتی لەپاشکشەدان، بەراورد بەحزبە ئیسلامییەکانی کوردستان.
ڕێزان شیخ دلێر، کە چالاکوانێکی دیاری ژنانە، ئاماژە بەوە دەکات بەشداری سیاسی ژنان لەناو حزبە ئیسلامیەکاندا زۆر زیادیکردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "ژنان لەحزبە ئیسلامییەکاندا بەجدی بەشداری دەکەن، بۆ نمونە لەکۆنگرەی کۆمەڵ بینیمان چەند ژنێک بەدەنگی خۆیان بوونەتە سەرکردایەتی ئەو حیزبە نەک بەکۆتا، لەناو حزبەکەدا قەناعەتیان بەوەیە دەبێت ژنانیان بەشداری کرداریی هەبێتو رۆڵی راستەقینەیان هەبێت لەناو کۆمەڵگەدا".
رێزان کە پێشتر ئەندامی پەرلەمان بووە، وتی "ژنانی حزبە ئیسلامییەکان بەگشتی کاتێک دەبنە ئەندامی پەرلەمان، خاوەنی ڕاوبۆچوونن، بەڕاستی ڕۆڵێکی جدییان هەیە، ئێستا ئەو حزبانەی تر وەک یەکێیتیو پارتی، تەنانات حزبی شیوعیش کە دواهەمین کۆنگرەیان بەست، یەک ژن هەڵنەبژێردرا بۆ دەستەی بەڕێوبردنی حزبەکە، هەمووی پیاوە، ئەمە چوونە دواوەی ئەوحزبانەیە کە خۆیان بەحزبێکی مەدەنیوعیلمانی دادەنێن، بەڵام حزبە ئیسلامیەکان بەپێچەوانەوەیە".
رێزان جەغت لەوە دەکات کە لەهەندێک حزبی سیاسیدا ژنان لەناو مەکتەبی سیاسیدا یان لەسەرکردایەتیدا هەن، بەڵام بەپراکتیک ڕۆڵو بڕیار لەلای پیاوەکانە، ئەو وتی "لەناوەندی بڕیارو کۆبونەوە بنەڕەتیو یەکلاکەرەوەکانی حزبەکان ژن بوونی نیە، وەک کۆتا کۆبونەوەی نێوان یەکێتیو پارتی کە لەسەر کێشە سیاسیەکانو بابەتی مووچە بوو، ژنی تێدا نەبوو، نە لەسەردانی بەغدادیش، بەپێچەوانەوە لەحزبە ئیسلامیەکان ژنەکان ڕۆڵیان هەیە، راو قسەیان هەیە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات