ئا: شیلان محەمەد
یەکێک لەتایبەندمەندییەکانی ژنانی کورد، پاراستنی هێما کلتورییەکانیانە، بەتایبەتی "جلوبەرگ"، ژنە شارەزایەکی بواری مۆدە دەڵێت "جلی ژنانەی کوردی، لەئێستادا بۆتە بزنسێکی باش، کۆمەڵێک ژن لەو بوارەدا خەریکی بزنس کردنن".
بێستان حەسەن، کە ئەزمونی ٢٢ ساڵ کارکردنی لەبواری دیزاینو درومان هەیە، ماوەی ٧ ساڵە وانەی دیزاینو درومان ئەڵێتەوە، لەئێستادا خاوەنی سەنتەری پیشەیی (بێستان)ە لەسلێمانی، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لەجوانترینو سەرنجڕاکێشترین جلوبەرگەکانی جیهان بریتیە لەجلو بەرگی ئافرەتانی کوردی، کە دەیان جۆری جیاوازی هەیە لەڕووی ڕەنگو دیزاینەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "یەکێک لەتایبەتمەندییە دیارەکانی جلوبەرگی کوردی ئەوەیە کە شێوەو شێوازی ئەم جلە بەپێی ناوچە کوردیەکانو سەلیقەی خانمان دەگۆڕێ".
وتیشی "جلوبەرگی کوردی یەکڕەنگو تۆخ ڕەنگ نیە، بەڵکو هەمیشە بەتێکەڵەیەک لەڕەنگی جیاواز ڕێکدەخرێت، کە مرۆڤ دەخاتە سەر ئەو باوەڕەی ئەم فرەڕەنگییە لەسروشتی جوانو ژینگەی دەوروبەریو چیاو دەشتە سەوزاییەکانیەوە وەرگیراوە".
ئێستا هەوڵدەدرێت ئەم جلوبەرگە رەسەنو کلتورییە تێکەڵ بەمۆدەی سەردەم بکرێت، ئەمەش وایکردووە، بەشێک لەژنان بەکارێکی جوانی بزاننو بەشێکیش بەپێچەوانەوە بەشێواندنی کلتوریی دەزانن.
بانە فەرەیدون، دیزاینەری جلوبەرگ، لەمبارەوە بەئاوینەی وت "جلی کوردی دەبێت سیمای خۆی پێوە دیاربێت، هەندێک گۆڕانکاری هەیە کە لەئێستادا دەیبینین دەیانەوێت تێکەڵ بەمۆدەی سەردەمی بکەن، بەڵام زۆر شتێکی ناشازەو وا دەکات کلتورییو جوانیو ڕەسەنایەتی خۆی لەدەستبدات".
وتیشی "پێویستە کلتورەکەمان بناسێنین بەوڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی لەناونەچێت، یاخود گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا نەیەت لەسەردەمی مۆدەدا کە تێکبدرێت، لەهەمانکاتیشدا دەتوانین شتی کلتوری تێکەڵی دیزاینی مۆدێرن بکەین کە لەژیانی ڕۆژانە لەبەردەکرێت، بۆ نمونە قوماشی هەوری کە شتێکی زۆر ڕەسەنە، دەتوانین بۆ جلوبەرگەکانمان بەکاری بهێنین، هێلەکێکی پێ دروست بکەین یان بیکەینە مل، یاخود بیکەین بەجانتاوە، یاخود قژی پێببەستین".
بانە فەرەیدون ئاماژە بەوە دەکات کە لەکوردستاندا ژنان دەتوانن کلتورو مۆدە بەڕێگای زۆر جیاواز تێکەڵ بکەن، ئەو وتی "بۆ نمونە ئەو شتانەی لەژیانی مۆدەدا ترێندن لەڕووی ڕەنگەوە، جۆری قوماش، باقو بریقی قوماش یان ماتی قوماش، بەمەرجێک دەستکاری کلتورەکە نەکەین، هەندێ سیمای جلی کوردی هەن پێویست ناکات هیچ دەستکاری بکرێت".
شارەزایەکی مۆدەش پێیوایە ئەوە کەوتوەتە سەر خواستی کۆمەڵگاو شێوازی داواکردنی خانمان، کە چ جۆرە دیزاینو شێوازێکی قەدیمی یان نوێ هەڵدەبژێرن.
زرێبار هەورامی، شارەزای مۆدە ئاماژە بەوە دەکات کە کلتوری كوردی دەوڵەمەندە بەجیاوازی دیزاینی جلوبەرگەكەی، ئەوە وایكردووە ژنان سوودمەند بن، ئەو بەئاوێنەی وت "ژن هەیە ئارەزوو دەكات لەسەر دیزاینی كولتووری كۆن كار بکاتو هەشە بەشێوەی نوێ".
زرێبار وتی "ژنان دەتوانن دیزاینی نوێ بۆ جلوبەرگی کوردی بکەن کە لەگەڵ مۆدەی سەردەمدا بگونجێت لەڕێگەی تێکەڵکردنی نەریتو مۆدێرنێتە".
وتیشی "ئەوەی هانی ژنان دەدات کە جلوبەرگی کوردی تێکەڵ بەمۆدە بکەن، زیاتر دوو ھۆکارن: یەکەم، جلی کوردی تایبەتە بەنەتەوەی کوردو بەشێکی سەرەکیی کولتوری کوردییە، مۆرکی نەتەوەیی پاراستووەو توانیویەتی تا ئەمڕۆ بەزیندوویی لەنێو کوردان بمێنێتەوە. جلی کوردی شوناسو شوناسنامەی ھەر تاکێکی کوردە بێ جیاوازی نێرو مێ. ھۆکاری دووم، هەلی کارێکی گرنگ بۆ ژنان دابین دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان، چونکە لەئێستادا بۆتە بزنسێکی باش، وەک دەزانینو دەبینینن کۆمەڵێک ژن لەو بوارەدا خەریکی بزنس کردنن، بەگشتی خواستێکی زۆریان لەسەر هەیە".
زرێبار ئەوە رووندەکاتەوە ھەموو وڵاتێک خاوەن کلتورو فەرھەنگو شوناسی تایبەت بەخۆیەتی، کوردیش دەوڵەمەندە بەموزیکو جلوبەرگ، ئەو وتی "کورد چەندین جۆری جلوبەرگی ھەیە لەوانە، جلی کوردی باشور، رۆژھەلات، باکور، ڕۆژئاوا کە مۆرکی نەتەوەی کوردە بەگشتی، ئەرکی دیزاینەرو خاوەن بزنسەکانە کە ئەو شوناسە بەجوانی بپارێزنو بەجوانی پیشانی وڵاتانی تری بدەین".




لەکوردستان لەکۆندا بەو کەسانە دەوترا "خانم"، کە جلوبەرگێکی کوردی قەدیمی یەکجار جوانیان لەبەردا بوایە، بەڵام ئێستا خەریکە ئەم جلوبەرگە قەدیمییە دەستکاری دەکرێت.
سۆزیار بورهان، کە بەرگدرووی ژنانە، ئاماژە بەوە دەکات جلوبەرگی کوردی لەهەموو کاتێکدا لەبەردەکریت، بەڵام لەبۆنەکانی وەک نەورۆزو جەژنان خواستی لەسەر زیاترە، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر کات هەندێ لەخانمان دێنە لام دەیانەوێت گۆڕانکاری لەشێوازی جلوبەرگی کوردیدا بکەن، من پێیاندەڵێم ئەگەر بەو جۆرە دەستکاری بکرێت جوان نییەو تێکدەچێت، بەڵام هەندێجار پێداگیری دەکەنو دەڵێن ئێمە وا حەزمان لێیەو بۆمان بدورە".
ئەم بەرگدرووە باس لەوە دەکات کە بەشێک لەژنان دەچنەوە سەر ئەو جلوبەرگانەی لەکۆندا بەکارهێندراوەو زیاتر ڕەنگ تێکەڵ دەکرێت، بەڵام بەشێکی تر حەزیان لەمۆدەیە کە گۆڕانکاری لەجلوبەرگی کوردیدا کردووە، ئەو وتی "جلەکان ئێستا دەچنرێنو نەخشی جیاوازیان لەسەر دەکرێتو ڕێکخستنیان بۆ دەکرێت، کاتێکیش جل ڕێکخستنی بۆ کرا ئەوە مۆدەیە، بەڵام گەر پارچە پارچە بوو هەر یەکەی لەجۆرێک بوو، ئەوا جلوبەرگی قەدیمەو کلتوری دەنوێنێت".
زۆربەی هاوڵاتیانی کوردستان پێیانوایە وەک چۆن زمان دەریدەخات کە کوردن، بەهەمانشێوە جلوبەرگیش دەریدەخات خەڵکی کوردستانن.
کۆسرەت ئەحمەد، بەڕێوبەری بەشی جێندەر لەوەزارەتی ڕۆشنبیریو خاوەن پڕۆژەی جلی کوردی، ئاماژە بەوە دەکات جلوبەرگی کوردی ناسنامەی پڕ لەشانازی نەتەوەی کوردە، بۆیە ژنانی کورد تەنها وەک کلتوورێکی کۆن مامەڵە لەگەڵ جلی کوردی ناکەن، بەڵکو هەوڵ دەدەن فۆرمێکی نوێ تێکەڵ بەکلتووری کوردی بکەن، بۆ ئەمەش چەند ڕێگایەک دەگرنەبەر وەک هەڵبژاردنی گوڵو سیمبۆلی کوردیو دووبارە داڕشتنەوەیان بەشێوازێکی نوێ، بۆ نموونە هەڵبژاردنی نەخشی سەر قوماشی هەوری، هەروەها بەکارهێنانی خشڵی کوردی لەگەڵ خشڵی مۆدێرن بەشێوەیەک ڕەسەنایەتی لەدەست نەدات.
کۆسرەت وتی "لەبەرئەوەی ژنان خۆڕسکانە هەستیارنو زیرەکانە لەدەوروبەری خۆیان ورد دەبنەوەو حەزی دیزاین لایان گەڵاڵە دەبێت، ئەوان بیر لەمۆدەو ڕەنگەکانی سەردەم دەکەنەوە، هەروەها جۆری قوماشو گونجانی لەبۆنەو کاتە دیاریکراوەکاندا دەیگونجێنن، ڕەنگەکان بەشێوەیەک تێکەڵ دەکەن کە سەردەمیانە بێتو خۆی لەسروشتدا بدۆزێتەوە، هەروەها گۆڕانکاری لەجۆری نەخشو جۆری قوماش دەکەن، بەسوودوەرگرتن لەبەشەکانی تری کوردستانو سەردەمی کۆنو ساڵانی پێشووتر".
وتیشی "ئەم تێکەڵ کردنە بۆتە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش بۆ کوردو بیانی، ئەوەتا لارا دزەیی لەدیزاینەکانیدا بەم تێکەڵ کردنە داهێنانی کردووەو جلوبەرگی کوردی بۆ ئاستێکی جیهانیو جیاواز بەرز کردینەوە، نەخاسمە کە نمایشەکەی لەپایتەختی جیهانی فاشن بوو لەپاریس".
کۆسرەت باس لەوە دەکات کاتێک جلوبەرگ لەنێوان مۆدێرنو کەلتووردا لەدایکدەبێت، ڕۆحێکی نوێی پێدەبەخشرێت، بۆ ئەمەش دیزاینەر دەبێت شارەزایی لەمێژوو، نەخشەسازیی، ڕەنگو هێماکانی نیشتمانی هەبێتو لەکارەکانیدا ڕەنگبداتەوە، ئەو وتی "بۆ بڵاوبوونەوەی بەجیهاندا، دەبێت جلوبەرگی کوردی لەسەکۆی نمایشی جیهانیی نمایش بکرێتو لەفیستیڤاڵی وڵاتان بەشداری پێبکرێت، سۆشیال میدیا بەشێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێتو پەیوەندی بەدیزاینەرە جیهانیەکان بکرێتو هەروەها ناوی پارچەکانی جلکی کوردی وەکو خۆی ناوبنرێت وەک کراس، کەوا، یەلەگ، دەلینگ، دەسماڵو ... هتد".
وتیشی "دەبێت ژنان خۆیانو خەباتیان بەکەم نەزانن، چونکە هەر خەباتی ژنانی کورد بوو وایکرد دیزاینەری جیهانی جلوبەرگی شەڕڤان بکەنە مۆدەیەکی جیهانیو لەهەموو جیهان بڵاوببێتەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات