ئا: شیلان – هێڤی
هیمۆفیلیا، نەخۆشییەکی خوێنبەربوونی بۆماوەییەو لەخێزانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکان، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی هیمۆفیلیای کوردستان دەڵێت "گەورەترین گرفتی ئێمە ئەوەیە لەهەموو سنوری سلێمانیدا، بەقەزاو ناحییەکانییەوە سەنتەریکی تایبەت بەم نەخۆشییەمان نییە".
نەشمیل، دوو منداڵی تووشبووی نەخۆشی هیمۆفیلیان، نەخۆشییەکەیان زۆر قورسە، محەمەدی تەمەن ١٨ ساڵو رێبەری تەمەن ١٢ ساڵان، ئەو بەئاوێنەی وت "هەردووکیان ناتوانن بەتەواوەتی بەڕێوەبچن، دەبێت بە بەردەوامی خزمەتو چاودێرییان بکەمو پێداویستییەکانیان جێبەجێ بکەم".
وتیشی "ئەم منداڵانە بەڕێی نەخۆشخانەی هیواوەن، بەدەست نەبوونی دەرمانی پێویستو کڕینی دەرمانیشەوە گیرمان خواردووە، یەخوا هیچ خێزانێک ئەم نەخۆشەی تێنەکەوێت".
هیمۆفیلیا، نەخۆشییەکی بۆماوەییەو ناوەکەی لەزمانی یۆنانیەوە هاتووەو بەواتای "مەیلی خوێنبەربوون" دێت، هەڵگرانی ئەم جۆرە نەخۆشییەکە چەند جۆرێکن.
د.تایەر عەبدولقادر، ئاماژە بەوە دەکات کە هیمۆفیلیا ناتەواوییەکە کە لەخوێندا دروست دەبێت بەهۆی کەم بوونی ماددەیەک یان چەند ماددەیەکەوە کە لەخوێندا هەیە، ئەو وتی "هیمۆفیلیا چەند جۆرێکی هەیە، هیمۆفیلیا جۆری (A) کە زۆرترین ئەوانەی تووشی دەبن لەم جۆرەن، ئەوانی تریان دەگمەنترن لەجۆرەکانی (B , C)".
سەبارەت بەهۆکارەکانی هیمۆفیلیا، ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە زگماکیو بۆماوەییە، گوێزانەوەی هیمۆفیلیا لەباوانەوە بۆ منداڵ لەڕێگەی کرۆمۆسۆمی (X) دەبێت، هەموو کەسێک دوو جۆرکرۆمۆسۆمی بۆ دەمێنێتەوە لەباوانیەوە ئەوانیش بریتین لەکرۆمۆسۆمی(X , Y) ، ڕەگەزی مێ دوو کرۆمۆسۆمی X ی هەیە لەباوانیەوە، بەڵام ڕەگەزی نێر کرۆمۆسۆمێکی X لەدایکیەوە بۆ دەمێنێتەوەو کرۆمۆسۆمێکی Y لەباوکیەوە، لەبەرئەوەی ئەو جینەی کە دەبێتە هۆی نەخۆشی هیمۆفیلیا دەکەوێتە سەر کرۆمۆسۆمی X بۆیە باوک ناتوانێت ئەم نەخۆشییە بگوازێتەوە بۆ کوڕەکەی، ئەو وتی "باوکێکی توشبووی هیمۆفیلیا کوڕێکی توشبووی نابێت بەهیمۆفیلیا، باوکێکی تووشبووی هیمۆفیلیا هەمیشە کچەکەی هەڵگری جینەکە دەبێت، هەمیشە دایکێکی هەڵگری جینەکە دەبێتە هۆی تووشبوونی کوڕەکە، نەخۆشیەکە لەناو کوڕدا زیاتر دەردەکەوێتهو رەگەزی مێ زۆر بەدەگمەن تووش دەبێت، تاکە ڕێگەیەک کە کچێکی هیمۆفیلیا لەدایک بێت ئەوەیە پیاوێکی تووشبوو بەهیمۆفیلیا هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک بکات هەڵگری جینەکە بێت".
وتیشی "هیمۆفیلیای توند لەماوەی چەند مانگێک لەدوای لەدایکبوون خۆی دەردەخات، بەڵام هیمۆفیلیای سووکو مامناوەند زۆر جار نەخۆشەکە دەکرێت هیچ نیشایەکی ئەوتۆی تیادەنەکەوێت، تەنها لەکاتی بەرکەوتندا تووشی نەزیف ببێتو لەحاڵەتی توندا دەکرێت لەخۆوە تووشی خوێن بەربوون ببێت جا لەلووتدا بێت یاخود هەناو یان جومگە یا لەژێر پێستدا".
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە، پێویستە هەموو ژنو پیاوێک بەر لەهاوسەگیریی پشکنینی تەواو بکەنو ئەگەر خزمیش نەبن زۆر باشترە، پاشان زۆر پێویستە لەکاتی دووگیانیشدا پشکنین بۆ تەندورستی کۆرپەلە بکرێت، ئەو وتی "پێویستە هەموو دایکو باوکێک زۆر ئاگاداری ئەوە بن کە منداڵێک نەخەنەوە هەڵگری ئەم نەخۆشییە بێت، چونکە هەم جارەسەرکردنی زۆر قورسەو هەم تێچووی چارەسەکردنیشی زۆرە".
لەسنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ٢٠٠ تووشبووی نەخۆشی هیمۆفیلیا هەن، کە بەدەست نەبوونێکی سەنتەرێکی تایبەت بەم نەخۆشییەوەو گرانی دەرمانەکانی چارەسەرکردنەوە گیرۆدەن.
زانیار عادل حسێن، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی هیمۆفیلیای کوردستان، کە شارەزای بۆماوەزانییەو هاوکات توشبووی نەخۆشی هیمۆفیلیایە، ئاماژە بەوە دەکات لەژیانیدا ڕوبەڕوی زۆر سەختی بۆتەوە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوەو نەیتوانیوە لەخوێندن بەردەوام بێتو بچێتە ئەو بەشەی کە خۆی دەیەوێت، ئەو وتی "کۆمەڵەی هیمۆفیلیا ڕێکخراوێکی مۆڵەت پێدراوی فەرمییەو لەساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، ئێمە بەوردی داتاو زانیاری نەخۆشەکان کۆ دەکەینەوە، ئاگاداریان دەبین لەنەخۆشخانەو سەنتەرەکان، لەهەموو شوێنەکان هاوکارو پشتیوانیان دەبین، نوسراوی فەرمییان بۆ دەکەین، بەدواداچوون بۆ گرفتەکانیان دەکەین، دەبینە نوێنەریان لەگەڵ وەزارەتو لایەنە پەیوەندیدارەکان".
وتیشی "گەورەترین گیروگرفتی ئێمە ئەوەیە لەهەموو سنوری سلێمانیدا، بەقەزاو ناحییەکانییەوە تەنها یەک شوێنی چارەسەرکردنمان هەیە ئەویش نەخۆشخانەی هیوایە، کە چارەسەری هەموو نەخۆشەکانی لێدەکرێت، ئەم نەخۆشانە دەبێت لەمانگێکدا جارێک بۆ دووجار لەهەموو شوێنەکانەوە بگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆر لەسەر کەسوکاری نەخۆشەکە دروستدەکات، لەبەرئەوە پێویستە سەنتەرێکی تایبەت بەم نەخۆشییەمان هەبێت".
زانیار ئاماژەش بەوە دەدات ژمارەی نەخۆشەکانیان لەهەموو سنوری پارێزگای سلێمانیو کەلارو کفریو خانەقینو پێنجوێنو هەڵەبجەو گەرمیانو ڕانیەو قەڵادزێ، نزیکەی ٢٠٠ نەخۆشە، ئەو وتی "توشبوانی نەخۆشی هیمۆفیلیا زۆرجار هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییان پێوە دیار نییە، کاتێک بەڕووکەش نەخۆشێکی هیمۆفیلیا دەبینیت هیچ نیشانەیەکی پێوە دیار نییە، بەڵام لەکاتی برینداریدا یاخود لەکاتی خوێن بەربوونێکدا کێشەکەیان دەردەکەوێت، کە ئەم کەسانە توشی خوێن بەربوونێکی سەخت دەبنو ئەگەری هەیە ڕوبەڕوی مردن ببنەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات