ئا: عەمار عەزیز
یازدە ساڵ بەسەر کوشتاری ئێزیدییەکان لەشنگال تێدەپەڕێت، ٣ی ئابی ٢٠١٤ سەختترینو ناخۆشترین رۆژی ئێزیدییەکانە، کە داعش هێرشی کردە سەر گرنگترین مەڵبەندیانو هەوڵی دا ریشەکێشیان بکات، ھێشتا برینەکانی ئەو رۆژە لەدڵی ئێزدییەکان ساڕێژ نەبووە، هێشتا تارمایی ئەو رۆژە شومە بەسەر ژیانیانو شارو ناوچەکەیانەوە دیارە، لەدهۆکو کوردستانو عێراقدا هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نەماوە، تەنها کەمپی ئاوارەکانی شنگال نەبێت، کە زیاتر لەنیوەی دانیشتووانی ئەو شارە نەگەراونەتەوە زێدی خۆیان، لەبەرئوەی کێشەکانی شنگال ھەروا بەھەڵواسراوی ماونەتەوەو چارەسەر نەکراون.
قاسم رەشو، یازدە ساڵە لەژێر خێوەتێکدا لەسنوری پارێزگای دھۆک دەژی، تا ئێستاش ھیچ ئاسۆیەکی روون شک نابەن تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەو بەئاوێنەی وت "تەمەنێکە لەئاوارەییدا دەژین، ئێستا بەمنداڵەکان بڵێن ئێوە خەڵکی چ ناوچەو شارێکن؟ دەڵێن خەڵکی فلانە کەمپین! سەرەتا کە ئاوارە بووین وتمان چەند مانگێک لێرە دەبینو دواتر دەگەڕێینەوە، بەڵام وا ١١ ساڵە ئەوە حاڵمانە، لەوەرزی ھاوین خۆرەتاوو گەرما دەمانسوتێنێو لەزستانیش سەرما دەماندەزێنێ".
لەبارەی ھۆکاری نەگەڕانەوەیان بۆ شنگال، رەشو وتی "ھەموو کەسێک حەز دەکات بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەڵام چۆن بگەڕێینەوە شوێنێک کە ١١ ساڵە بەرپرسان بەڵێن دەدەن ئاوەدان دەکرێتەوەو خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ دابین دەکرێت، بەڵام تەنیا قسەیە، ھێشتا کێشەی ئیداری قەزای شنگال چارەسەر نەکراوە، بوونی ھێزی چەکداری جیاوازو ناکۆک، لەھەمووشی خراپتر حکومەتی عێراق ھاوکاریمان ناکات، ماوەیەک چوار ملیۆنی دەدا بەو خێزانانەی دەگەڕانەوە، ئەویشیان بڕی".
لەماوەی ساڵو نیوێکدا زیاتر لە ٨٠٠ خێزان لەسنوری قەزای شنگال دووبارە گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان، حەفتانە لیژنەیەک لەفەرمانگەی کۆچو کۆچبەران پێشوازی لەو ئاوارانە دەکات کە دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان .
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچو کۆچبەرانو وەڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بەحکومەتی ھەرێم، بەئاوێنەی وت "لەبەرامبەر ئەو زوڵمو ستەمەی بەرامبەر ئێزدییەکان کراوە، بەداخەوە وەکو پێویست حکومەتی عێراق ھاوکاری ئێزدییەکان ناکات، حکومەتی عێراق لە ١٠ی تەموزی ٢٠٢٤ەوە بەھۆی چەند ھۆکارێک، بڕیاری ڕاگرتنی مامەڵەکانی ئەو ئاوارانەی داوە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شنگال".
وتیشی "لەماوەی ١١ ساڵدا تەنیا لە ٣٠٪ بۆ ٣٥٪ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە شنگال، ئەوانەی تر ھەموویان لەسنوری پارێزگای دھۆکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین، لەھەمانکاتدا لەماوەی ساڵو نیوێکدا ٨٠٠ خێزان لەشنگالەوە دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ دھۆک ".
لەبارەی داخستنی کەمپەکانو کەمی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان، پیر دەیان وتی "٧٠٪ ئەو رێکخراوانەی پێشتر ھاوکاری ئاوارەکانیان دەکرد، بەتایبەت ئەوانەی نێودەوڵەتی لەناو کەمپەکاندا نەماون، ئەمەش بەھۆی بڕیارێکی دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو رێکخراوانە ڕاگرت، ئێستا ھەر یەک لەسێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئاو، کارەبا، کۆکردنەوەی خۆڵو خاشاک لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ ئاوارەکان دابین دەکرێت، ھیچ کەمپێک دانەخراوەو ئاوارەکان ئازادن لێرە بن یان بگەڕێنەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەو زانیاریانەی هەن لەماوەی سالی رابردوودا ھیچ ئاوارەیەک، (جگە لەرێگای بەرنامەی کۆچی نێودەوڵەتی) نەگەڕاوەتەوە بۆ شنگال. دواین وەجبەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەدھۆک بۆ شنگال، ١٨ی ئایاری رابردوو بوو، کە لەماوەی ٣ رۆژدا ٣٧٠ خێزان لەڕێگای بەرنامەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی گەڕانەوە شنگال، تا ئێستا لەرێگای ئەو بەرنامەیەوە نزیکەی ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە .
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئاوارەکان ناگەڕێنەوە شنگال، پیر دەیان وتی "بوونی ھێزی ناشەرعی، کەمی خزمەتگۆزاری، نەبوونی ھەلی کار، جگە لەمەش ئاوەدان نەکردنەوەی قەزاکەو چارەسەرنەکردنی کێشەی ئیدارەی قەزاکە، هۆکاری سەرەکین، لەھەرێمی کوردستان ئاسایش ھەیە، هەلی کار هەیەو زۆربەیان داھاتێک بۆ خێزانەکانیان دابین دەکەن".
پاش تێپەڕینی ١١ ساڵ بەسەر پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعشەوە، هێستا خانووە وێرانکراوەکانی شەڕی داعش نۆژەن نەکراونەتەوە رۆژی ٢ی تەموزی ٢٠٢٤، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەئامادەبوونی ١٦ ئەندام، پرۆسەی ھەڵبژاردنی بۆ ٢٠ پۆستی قایقمامو بەڕێوەبەری ناحیەکانی نەینەوا ئەنجامدا، یەکێکیان دانانی قایمقامێکی نوێ بوو بۆ شنگال، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسەی ھەڵبژێردراوە بۆ ئەو پۆستە دەستبەکار نەبووە، ململانێی سیاسی لەنێوان ھێزو حزبەکانی نەینەوا ھۆکاری سەرەکییە.
جەلال خەڵەف، پۆستی بەرێوەبەری ھەیە لەئێدارەی ناوەندی قەزای شنگال، ئەو بەئاوێنەی وت "پارساڵ ئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا کەسێکی ھەڵبژارد تا ببێتە قایمقام، بەڵام ھێشتا دەستبەکار نەبووە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە دوای ١١ ساڵ ھێشتا چارەسەر نەکراوە، بەدڵنیایی ئەمە یەکێکە لەھۆکارەکان کە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان".
ئەمە لەکاتێکدایە، عیدان شیڤان، ئەندامی کۆتای ئێزیدی لەئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا، پێش چەند رۆژێک سکاڵای لەسەر پارێزگاری نەینەوا تۆمارکردوە، لەسەر ئەوەی بۆچی تا ئێستا فەرمانی دەستبەکار بوونی قایقمامی شنگالی دەرنەکردووەو فەرمانی دەستبەکار بوونی بۆ قایمقامو مدیر ناحیەکانی تر دەرکردووە.
خەڵەف وتی "خەڵکی شنگال بەسەرۆک عەشیرەتو پیاوانی ئایینیو چالاکوان دەیانجار داوایانکردوە کێشەکانی ناوەندی شنگال چارەسەر بکرێن، بەڵام سوودی نەبووە، ئێمەش لەرێگای خۆمان لەگەڵ ئیدارەی نەینەواو بەرپرسان بەردەوام داوا دەکەین، بەڵام لەئاست ئەو قوربانیەی خەڵکی شنگال داویانە، خزمەتگوزارییان پێشکەش نەکراوە، داوا لەبەرپرسانی بەغدا دەکەین بەجددی بێنە سەر خەت تاکەی دۆخی شنگال بەم شێوەیە بێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات