ئا: ئاوێنە
هەموو جیهان رۆژگاریان لەکێشەی کەمئاوی خواردەنەوەو ئاوی شیریندا بەسەردەبەن، هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تینیویەتی، تەنانەت وڵاتێکی وەک تورکیا کە بەنیازبوو ئاو بەوڵاتانی کەنداو بفرۆشێت، لەم هاوینەدا بەشێک لەهاوڵاتیانی لەچەند شارێکدا بەتەنکەر ئاو دەکڕن، لەسایەی وشکەساڵیو گۆڕانکاریەکانی کەشوھەواو زۆربوونی لەرادەبەدەری دانیشتوانو خراپی بەڕێوەبردندا، بەھای ئاو رۆژ بەڕۆژ بەنرختر دەبێت، زۆرێک لەچاودێران ئاو، بە"نەوتی سەدەی بیستو یەکەم" ناودەبەنو پێیانوایە لەھەر شوێنێکدا کەمئاوی ژیانی مرۆڤی خستە مەترسیەوە، مەترسی ھەڵگیرسانی جەنگ لەسەر شاڕەگی ژیان زیاتر دەبێت.
ئایا ئێمە لەبەردەم کۆتایھاتنی چاخی رەفاھی ئاوداین؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چەند ساڵێکە شارەزایانی بواری ئاوو ژینگە لەکۆنفرانسەکانیاندا سەبارەت بەپرسی ئاو دەیورژێنن، ئێستا وڵاتانی جیھان لەھەلومەرجێکدان کە وەک بەشێک لەئاسایشی نەتەوەیی خۆیان لەروبارو دەریاچەکان دەڕواننو لەسەریان دەجەنگێنو لەڕێگەی سوپاو ھێزەوە دەیانەوآ کۆنتڕۆڵی بکەن.
سوریاو عێراق، هاواریان لێهەستاوەو لەتورکیا دەپاڕێنەوە ئاوی دیجلەو فوراتیان لێنەگرێتەوە، ئیسرائیل سەرسەختانە شەڕ لەگەلڕ فەلەستینیو ئەردەنیو لوبنانیو سوریەکان دەکات لەپێناو دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا، لەسریلانکا شەڕی نێوان گەریلاکانی تامیلو ھێزەکانی دەوڵەت لەو شوێنانەدا چڕ بۆتەوە کە سەرچاوەکانی ئاویان تیایە، لەئەفغانستانو یەمەن ھێڵی تەماسی لایەنە بەشەڕھاتوەکان سەرچاوەکانی ئاوەو ئامانجیشیان کۆنتڕۆڵکردنیانە، لەئەفغانستان فەرماندەکانی شەڕ بە"فەرماندەکانی ئاو"، ناودەبرێن کە تاکە ئامانجیان کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوە، ئەو سەرچاوانەی کە جەنگاوەری تایبەت بەخۆیان ھەیەو لەپێناو خەڵکی ناوچەکەو خۆیاندا دەجەنگێن. لەئاسیای ناوەڕاست ململانێیەکی توند لەسەر روبارەکانی ئاموداریاو سەرداریا لەنێوان تاجیکەکانو قەرەغیزیو ئۆزبەکاندا بەردەوامە، سەرچاوەکانی ئاو لەئاسیای ناوەڕاستدا زۆر دەگمەنە، تەنھا تاجیکستانو قەرەغیستان ئاوی تەواویان ھەیەو ئۆزبەکستانو تورکمانستانو کازاخستان حاڵیان شڕە، بەمەرجێک کە ئۆزبەکستان لەبەرھەمھێنانی لۆکەدا کە ئاوێکی زۆری پێویستە لەریزی پێشەوەی دنیادایەو نایەوێت بەھۆی بآ ئاوییەوە پاشەکشە بکات. روباری نیل کە درێژترین روباری جیھانو ئەفریقاوسەرچاوەی ژیانی میسرو سودانە، بەرلەوەی بڕژێتە دەریای ناوەڕاستەوە بە نۆ وڵاتدا تێدەپەڕێت، ململانێیەکی توند لەسەر ئەم روبارە لەنێوان ئەو ولاتانەدا بەردەوامە. ھندو پاکستان کێشەیانە لەسەر روباری سەند، بەتایبەتی کە پاکستان لەبەرھەمھێنانی برنجو لۆکەدا ولاتێکی گرنگەو نایەوێت بەھۆی کەمئاوییەوە ئەم بەرھەمانەی لەدەستبچێت. چین بەمەبەستی پیشەسازی ئاو دەیەوێت رێگەی رەوتی روبارەکان روەو ھند بگۆڕێت، ئەمەش ترسی سەرھەڵدانی کێشمەکێش لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەھێزتر دەکات. بەنگلادیش ھۆشداری دەدات کە ھەرجۆرە گۆڕینێکی رێگەی روباری گەنج لەلایەن ھندوە، ژیانی دەیان ملیۆن دەخاتە مەترسیەوە.
مەترسی ھەڵگیرسانی شەڕ زیاتر لەنێوان ئەو دەوڵەتانەدا بەھێزە کە سەرچاوەکانی ئاوی شیرینو روبارو دەریاچەکانیان لەنێوان دوو یان چەند وڵاتێکدا ھاوبەشە، CIA لەتۆژینەوەیەکدا ئاماژە بە چوار ناوچەو کۆمەڵە وڵات دەکات کە ئەگەری روودانی شەڕیان لەسەر ئاو تیا بەھێزە بەھۆی کەمئاویەوە:
کۆمەڵەی یەکەم: میسرو سودانو ئەسیوبیاو کینیاو زائیرو برۆندیو تەنزانیاو رواندا کە ھەمویان لەروباری نیلدا ھاوبەشن.
کۆمەڵەی دووەم: تورکیاو سوریاو عێراق دەگرێتەوە کە لەسەر روباری دیجلەو فوراتن.
کۆمەڵەی سێھەم: فەلەستینو ئەردەنو سوریاو لوبنان لەلایەکو ئیسرائیل لەلایەکی ترەوە کە لەروبارەکانی ئەردەنو یەرموکو لیتانیو حاسبانیو وەزان ھاوبەشن.
کۆمەڵەی چوارەم: لەئاسیای ناوەڕاست کە قەرەغیستانو کازاخستانو ئۆزبەکستانو تاجیکستانو تورکمانستان دەگرێتەوەو لەروبارەکانی ئاموداریاو سەرداریا ھاوبەشن، ھەروەھا ھندو پاکستانو بەنگلادیشو نیپال کە لەژمارەیەک روباری بچوکدا ھاوبەشن.
بەپێی داتا جیھانیەکان، ١٥% وڵاتانی گۆی زەوی، رێژەی ٥٠% زیاتری پێویستی ئاویان لەوڵاتانی ترەوە وەردەگرن،
لەھەر سآ روباری گەورەی جیھان (واتە زیاتر لە٣٠٠ روبار لەجیھاندا)، دوانیان لەنێوان دو وڵات یان زیاتردا دابەشدەبێت.
سەنتەری راوێژکاری نێودەوڵەتی "برایس وەتەر ھاوس"، ئاماژە بەوە دەکات کە لەساڵانی ئایندەدا ململانێکان لەسەر ئاو زیاتر پەرە دەسەنێتو کەم ئاوی بەرۆک بەدوو لەسەر سێی دانیشتوانی گۆی زەوی دەگرێت، بەپێی ئەو سەنتەرە، ئەو ناوچانەی کە جێی ناکۆکینو پێشبینی ھەڵگیرسانی شەڕی سەربازیان لێدەکرێت، بریتین لە:
١/ تورکیاو سوریاو عێراق بەھۆی بەنداوەکانی سەر دیجلەو فوراتەوە
٢/ ئێرانو عێراق کە ململانێیانە لەسەر شەت عەرەبو چەند روبارێکی بچوک
٣/ میسرو سودانو ئەسیوبیا لەسەر روباری نیل
٤/ میسرو سودانو لیبیاو تشادو نێجیر کە ناکۆکیانە لەسەر کێڵگەیەکی ئاوی ژێرزەوی بەقوڵایی ٨٠٠ مەتر
٥/ زامبیاو بۆتسواناو زیمبابۆیو مۆزەمبیق لەسەر دابەشکردنی روباری سنگال
٦/ ھندو پاکستان لەسەر وەبەرھێنان لەروباری ئاندۆس
٧/ ھندو بەنگلادیش لەسەر روباری گانجو براھمابوتری
٨/ ئۆزبەکستانو قەرەغیزستانو تاجیکستان لەسەر روبارەکانی ئاموداریاو سەرداریاو دەریاچەی ئۆرال
٩/ ھەنگاریاو سلۆڤاکیا لەسەر ویستگەی گابیسکۆڤۆی بەرھەمھێنانی کارەبا لەسەر روباری دانوب
١٠/ سربیاو کرواتیا بەھۆی گۆڕینی رەوتی ئاوی دانوبو سافەوە
ئاو شاڕەگی ژیانەو وەک سەرچاوەکانی وزەو نەوت پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەلڕ گەشەو پێشکەوتنی مرۆڤ ھەیە، ئەگەر سەدەی بیست بەسەدەی زێڕی رەش ناوبرابێت، ئەوا سەدەی بیستو یەکەم سەدەی زێڕی شینە، ئێمە دەتوانین بەبآ نەوت بژین، بەڵام ھەرگیز ناتوانین بەبآ ئاو بژین، لەبەرئەوە شەڕکردن لەسەر ئاو، ئەگەرێکی دوور نییە.