کوردستان قوربانیی "نەخۆشی ھۆڵەندی"
  2025-08-07       1492       

ئا: ئاوێنە

 

کوردستان وەک زۆرێک لەو وڵاتانەی لەم ساڵانەی دواییدا قەیرانی ئابوری بەرۆکی پێگرتون، قوربانیی پارەی بە با دراوە، ھەڵەی گەورەی ئەم ھەرێمە ئەوە بوو کە ئابورییەکەی لەسەر بناغەی نەوت‌و داھاتی نەوت داڕێژرا‌‌و بوە قوربانی نەخۆشی ھۆڵەندی.

 

کوردستان لەسەرەتاوە کە نەوتی فرۆشت‌و پارەی دەکرد (ئەوکات نرخی بەرمیلێک نەوت لەسەروو ١٠٠ دۆلارەوە بوو)، سەرمایەیەکی گەورە رویتێکرد، ئەمە وایکرد ئابورییەکەی خەونی لەسەر ئەو بنەمایە بنیاتبێت، بۆ چەند ساڵێک خۆشگوزەرانییەکی دەستکردی بەڕێکردو دواتر لەقەیران‌‌و گێژاوی ئابورییدا نغرۆ بوو.

کوردستان توشی نەخۆشی ھۆڵەندی بوو، نەخۆشی ھۆڵەندی بەھەموو ئەو ئابورییانە دەوترێن کە بەھۆی جۆراوجۆرەوە داھاتەکانیان لەڕێگەی سامانی سروشتییەوە سوک‌‌و ئاسان بەدەستدێت.

ئیتر بەھۆی بآ پلانییەوە "نیعمەت"یان بۆ دەبێت  بە"نەفرەت"، لەبری ئەوەی سامانی سروشتی خۆشبەختیی‌‌و ئاسودەییان بۆ بھێنێت، سەرەنجام ھەست دەکەن کە دوای سەراب کەوتون‌‌و ئابورییان داتەپێنێت.

ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو ئەو ئابورییانەی کە توشی نەخۆشی ھۆڵەندی دەین، کاتێک داھات‌‌و دەرامەتیان کە پشت بە بەرھەمھێنان‌‌و ھەناردەکردنی کەرەسەی خاو دەبەستێت، توشی قەیران دەبن‌و بەر نەفرەتی نەوت دەکەون.

ئەم نەخۆشییە وەک بەناوەکەییدا دیارە یەکەمجار لەھۆڵەنداوە سەریھەڵدا، کە لەدەیەی ١٩٦٠دا داھاتێکی زۆری دەستکەوت لەڕێگەی ھەناردەکردنی غازی سروشتییەوە، گەلی ھۆڵەندیی تووشی تەمەڵی کرد، بەڵام بەھێواشی ئابورییەکانی روبەڕووی قەیرانی گەورەی وەک ھەڵاوسان‌‌و کەمبونەوەی توانای کێبڕکی لەھەناردەکردندا کردەوە.

بۆ یەکەمینجاریش ئەم دیاردەیە لەلایەن گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانییەوە لەساڵی ١٩٧٧دا بە(نەخۆشی هۆڵەندی) ناوبرا، کە پاشەکشەی بەکەرتی پیشەسازی ھۆڵەندی کرد بەھۆی دۆزینەوەی کێڵگەیەکی گەورەی نەوتەوە لەساڵی ١٩٥٩دا.

دواتریش ئەم زاراوەیە بۆ ئەو ئابورییانە بەکارھێنرا کە بەھۆی سوودوەرگرتنی نادروستیانەوە لەھەناردەکردنی سامانی سروشتییەوە پارە‌‌و دەرامەتیان دەستکەوت‌‌و توانای بەرھەمھێنانی لەبوارەکانی دیکە پەکدەخستن‌‌و ئالودە دەبوون لەسەر ئەو دۆخە ئابورییەو بەبێ ئەوە ناتوانن لەسەر پێی خۆیان راوەستن.

زۆربەی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت‌‌و گاز تووشی ئەم نەخۆشی‌‌و پەتایە دەبن. کوردستان‌‌و عێراق، ئێران، جەزائیر، سعودیە، ئیمارات، کوەیت‌‌و قەتەر، ئازەربایجان‌و نێجیریا‌‌و روسیا، بەڵام لەبەرامبەریشدا وڵاتانێکیش ھەن کە زێڕی رەشیان خستوەتە خزمەت پێشخستنی ئابورییانەوە وەک ئەمەریکا‌‌و بەریتانیا‌‌و نەرویج.

وڵاتانی بەشی یەکەم، ھەناردەی نەوت دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی داھاتیان‌‌و ئیتر سەرچاوەکانی تری داھات فەرامۆش دەکەن، پارەی فرۆشی نەوت لەشادەماریاندا دێت‌‌و دەچێت، سیاسەتی پیشەسازی‌‌و کشتوکاڵی‌‌و گەشتیاری نادیدە دەگرێت‌‌و کە نرخی نەوتیش نزم دەبێتەوە بەناچار پەنا بۆ قەرزی دەرەکی دەبەن.

ئەم ئابورییانە زۆر ناخایەنێت کە پەی بەوە دەبەن ئەو سامانەی ھەیانە ناکرێت ھیوای گەشەی ئابوری درێژخایەنی لەسەر بنیاتبنرێت، بنەماکانی ئابورییان تۆکمە نییەو لەسەر بناغەیەکی فشەڵ بنیاتنراوە کە بەردەوام نابێت‌‌و درێژە ناخایەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×