ئا: عەمار عەزیز
بەھۆی کەمی گەشتیارو خاڵی بوونی بەشێک لەھوتێلو موتێلەکانی سنوری پارێزگای دھۆک، ھەزاران گەنج بێکار دەبن، ئەمە لەکاتێکدایە دھۆک بەھۆی کەشوھەواو ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە، سەدان شوێنی گەشتیاریو هاونەهەواری دڵڕفێنی تیایە، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بەئاوێنەی وت "نەبوونی گەشتیار کارێگەری زۆر خراپی کردوەتە سەر داهاتی خاوەن ئوتێلو مۆتێلەکان، لەھەمانکاتدا گەنجی ئێمەشی بێکارکردوە".
نیوار رەشید، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری دھۆک، پێشتر لەئوتێلێک وەک کارمەند کاری کردوە، بەڵام بەھۆی کەمی گەشتیار، نزیکەی مانگێکە گەڕاوەتە ماڵو بێکارە، ئێستا بەدوای هەلی کارێکدا دەگەڕێت، ئەو بەئاوێنەی وت "لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەئوتێلێک کارم دەکرد، مانگانە مووچەیەکەم ھەبوو بەشی خەرجییەکانی دەکردمو بڕێک لەو پارەیەم بەخێزانەکەم دەدا، بەڵام نزیکەی مانگێکە ئەو کارەم لەدەستداوە، لەبەرئەوەی خاوەنی ھوتێلەکە ژمارەی کارمەندەکانی خۆی کەمکردەوە بەھۆی کەمی گەشتیارەوە".
نیوار ئێستا بەدوای کارێکی تردا دەگەرێت تا بتوانێت داھاتێک بۆ خۆیو خێزانەکەی دابین بکات، ئەو وتی "بەناچارییەوە شوێن بەشوێن دەگەرێم تا کارێکم دەستکەوێت، باوکم مووچەخۆرە، بەڵام سەڕەرای دواکەوتنی مووچە بەشی ئێمەش ناکات، ھەڵی کار بەگشتی زۆر کەمە، ئەگەر ھەشبێت کاتژمێرەکانی ئیشکردن زۆرەو لەبەرامبەردا پارەکەی کەمە".
ھوتێلو مۆتێلەکانی سنوری قەزای ئامێدی کە ناوەندی گەشتیارییە لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک، تەنیا لەرۆژانی پێنج شەممەو ھەینی گەشتیاریان ھەیە، رۆژەکانی دیکە تەواو چۆڵن، بەناچاری ژمارەی کارمەندەکانیان کەم کردوەتەوە تا زیان نەکەن.
سدقی محەمەد، خاوەنی شوقەکانی بەنستان بۆ گەشتیاری لەناوچەی کانیا ماڵا لەسنوری ئامێدیم بەئاوێنەی وت "دڵمان بەوە خۆشبوو کاتێک پرۆسەی ئاشتی لەنیوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا راگەیەندرا، وتمان کارمان روو لەباشی دەبێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ کاریگەری نەبووە، تەنھا رۆژانی پێنج شەممەو ھەینی ئیش دەکەین، شوقەیەک تا دوو شوقە بەکرێ دەدەین، ئەوانەی تر خاڵین، رۆژانی دواتر یەک شەممە تا چوار شەممە ھەموو شوقەکانی من کەس بەکرێیان ناگرێت".
وتیشی "نەک هەر من، ئەوانەی تریش حاڵیان خراپە، لەوانەیە پێشتر ئەگەر ٥ کرێکاری ھەبووبێت، ئێستا کەمی کردوەتەوە بۆ ٢ کرێکار، چونکە ئیش نیە، پارە بەکرێکارو کرێی ئاو کارەبا بدات، بەدڵنیایەوە زیانی پێدەگات، بەڵام دواجار ئەوەش ھەر زیان بەر گەنجانی ئێمە دەکەوێتو بێکار دەمێننەوە".
لەسنوری پارێزگای دھۆک ١٦٥ ئوتێلو موتێل ھەن، لەگەڵ ٩٠٠ شوێنی گەشتیاری، پێشتر نزیکەی ١٣ ھەزار کارمەندو کرێکار کە ئیشیان دەکرد، بەڵام بەھۆی کەمی ئیشەوە، نیوەیان کاریان لەدەستداوە .
شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی ھوتێلو موتێلەکانی دھۆک بەئاوێنەی وت "ھۆکاری چؤڵ بوونی بەشێک لەھوتێلو مۆتێلەکانی دھۆک بەکرێگرتنی مەزرەعەکانە، گەشتیار کاتێک دێنە سنوری پارێزگای دھۆک بەشێکیان ناچنە ھوتێلو موتێل، چەند خێزانێک پێکەوە مەزرەعەیەک بەکرێ دەگرن بەپارەیەکی کەمتر بەراورد بەھوتێلو موتێل، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی رێنماییەکان نابێت خاوەن مەزرەعەکان ئەم کارە بکەن، چونکە ئێمە ساڵانە باجێکی زۆر دەدەینو ھی ئەوان زۆر کەمترە".
وتیشی "ناڕەزایی خۆمان گەیاندوەتە ئیدارەی پارێزگای دھۆکو لایەنە پەیوەندیدارەکان تا کێشەکە چارەسەر بکەن، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک لەوەزارەتی ناوخۆ دروستکراوە تا بەدواداچوون بۆ کێشەکە بکات، چاوەرێی ئەوان دەکەین تا ئەو رێکارانەی دەریانکردووە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تا چیتر ئێمە باجەکە نەدەینو خاوەن ئوتێلو موتێلەکان زیانیان بەرنەکەوێت".
بەپێی ئامارێک ٩٠٪ی لەوەرزی گەشتیاری بەهاری ئەمساڵدا سەردانی پارێزگایان کردووە، روویان لە"ئامێدی" کردووە، بەپێی لێدوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا سەربگرێت، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئەم ناوچەیە زیاتر لەڕووی گەشتیارییەوە ببوژێتەوە.
حەمید محەمەد ساڵح، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بەئاوێنەی وت "نەبوونی گەشتیار کارێگەری زۆر خراپی کردوەتە سەر داهاتی خاوەن ئوتێلو مۆتێلەکان، لەھەمانکاتدا گەنجی ئێمەشی بێکارکردوە".
لەسنوری ئامێدی ٢٥٠ شوێنی گەشتیاری ھەن، لەگەڵ ٣٠ ھوتێلو موتێلهو ژمارەیەک شوقەو خانی گەشتیاری، ئەمە جگە لەوەی سەدان کەپری گەشتیاری لەشوێنە جیاوازەکان ھەن.
بەرێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی وتی "پرۆسەی ئاشتی تا ئێستا ھیچ کاریگەری نەکردوە سەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیار، بەپێچەوانەوە ئەمساڵ ساڵێکی زۆر خراپ بوو، شەڕی ئێرانو ئیسرائیلو ھەڕەشەکانی حەشدی شەعبیو چەند بابەتێکی تر وایانکرد رێژەکە کەمتر بێت بەراورد بەساڵانی رابوردوو، لەلایەکی تر وەرزی گەشتیاری لەئامێدی چەند مانگێکە، لەگەڵ داکردنی بارانو هاتنی سەرما یەکجار کەم دەبێت".
وتیشی "بەڵام نائومێدن نین، هیوامان بەوەیە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا سەربگرێو ئەم دەڤەرە جوانە سەقامگیر بێتو لەڕووی گەشتیارییەوە ببوژێتەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات