ئەو كۆمپانیایانەی ئێستا لەدنیادا باڵادەستن ئەو كۆمپانیانەن زیرەكی دەستكرد بەرهەمدەهێننو زۆربەشیان ئەمەریكین یاخود چینیو كۆریو روسیو ئەوروپین
ئا: شەنگە - هێڤی
جیهان بەهۆی داهێنانی "زیرەکی دەسکرد"ەوە کە بەشۆڕشی پیشەسازی چوارەم ناودەبرێت، بەرەو گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە دەڕوات، توێژەرێکی بواری زیرەکی دەستکرد دەڵێت "كۆمەڵگەی كوردی لەدەرەوەی ئەم گۆڕانكارییانەی ئەمڕۆی جیهاندایە".
د.شادمان عەزیز كەریم، توێژەر لەزانكۆیAlliant International ی سانتیاگۆ - كالیفۆرنیای ئەمەریكا، لەپێناسهی زیرهكی دهستكرد-دا بە"ئاوێنە"ی وت "زیرەکی دەستکرد، کۆمەڵێک هاوکێشەی ماتماتیکییە کە لەڕێی کۆمپیوتەر یاخود سۆفتوێرێکی کۆمپیوتەرەوە ئەم هاوکێشە ماتماتیکییانە بیردەکەنەوە وەکو هۆشمەندی مرۆڤ، ئەم سۆفتوێرانە لەبری مرۆڤ، یان وهك مرۆڤ بیردهكهنهوه".
شادمان باس لەوە دەكات كە زیرەكی دەستكرد دەمێكە كاری لەسەر دەكرێت، كە زیاتر تۆژینەوەكان جەغت لەوە دەكەن یەكەمجار لەساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردودا بوو لەبەریتانیاو ئەمەریكا، بەڵام ئەوكات ئەتوانرا زۆر شتی گەورە بەرهەمبهێنێت، ئەو وتی "بەڵام لەماوەی ساڵانی نێوان 2010 بۆ 2012 ئەوەندە داتا بەرهەمهاتوە لەدنیادا كە یەكسانە بەوەی هەمو مرۆڤایەتی لەسەرەتای دروستبونی مرۆڤەوە تا ساڵی 2010 بەرهەمی هێنابوو، بۆیە وردە وردە زیرەكی دەستكرد لە2015دا بایەخێكی گەورەی پێدرا كە لەمونتەدای داڤۆس هاتن وشەیەكی تریان داهێنا بۆ مرۆڤ، ناوی مرۆڤیان لەهۆمۆساپییەنەوە گۆڕی بۆ فۆنۆسایپییەن، هۆمۆكەیان گۆڕی بۆ فۆنۆ (تەلەفون)، وەك ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی تری بونەوەر كە جیاوازییەكی زۆر گەورەی هەیە لەگەڵ مرۆڤەكانی پێشتری وەك هۆمۆسەپییەن، چیتر ئێمە هۆمۆسەپییەن نین بەمانا سادەكەی، بەڵكو ئێمە فۆنۆ سەیپەینین، لەبەرئەوەی هەمو شتێكمان گرێدراوە بەمۆبایلەكەمانەوە، هەموو شتێكمان لەڕێگەی ئەم مۆبایلەوەیە، گەڕانمان، هەڵسوكەوتمان، بازاڕكردنو سەرگەرمیمان، ئەمە وایكرد بایەخێكی زیاترو تێگەیشتنی زیاتر هەبێت بۆ زیرەكی دەستكرد".
شادمان ئەوەش روندەكاتەوە كە زیرەکی دەستکرد بەشۆڕشی پیشەسازی چوارەم ناودەبرێت، کە دوا داهێنانی مرۆڤهو لەدوای ئەمەوە مرۆڤایەتی ناتوانێ هیچ داهێنانێکی دیکە بەبێ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بکات، ههر داهێنانێكی دیكه بكرێت بههۆی زیرهكی دهستكردهوه دهكرێت كە ئامێرە زیرەكەكان توانای بیركردنەوەو خێراییو پێشبینیكردنیان لەتوانای زەینو ئەقڵی مرۆڤ زیاترە، ئەو وتی "ئێستا زیرەكی دەستكرد لەهەموو بوارێکدا بهكاردههێنرێتو کاری پێدەکرێت، هەر لەپیشەسازیو بازرگانیو بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانەوە بگرە تا دەگات بەبوارەكانی تەندروستیو پەروەردەو فێركردنو هەواڵگریو سەربازیی، هەر بۆ نمونە كڕیار لەبازاڕی ئۆنلایندا بژاردەی زۆری لەبەردەستدایەو وەك ئەوە نییە تۆ بڕۆیت بۆ دوكانێك دو سێ جۆری كاڵایەكت لەبەردەستدا بێت، وەكو جاران چیتر پێویستت بەكارتی بانكی نییە دەدرا لەئامێرێك، بەڵكو ئێستا هەر لەڕێگەی تەلەفونەكەتەوە پارە دەدەیتو شت دەكڕیت".
شادمان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كۆمپانیایانەی ئێستا لەدنیادا باڵادەستن ئەو كۆمپانیانەن زیرەكی دەستكرد بەرهەمدەهێننو زۆربەشیان ئەمەریكین یاخود چینیو كۆریو روسیو ئەوروپین، کە داتا بەرهەمدەهێننو ئەوەش رووندەکاتەوە کە كوردستان وا دەردەکەوێ لەدەرەوەی گۆڕانكارییەکانی ئەمڕۆی جیهاندایە، ئەو وتی "زیرەكی دەستكردە لەگەڵ خۆیدا دەمانبات جا ئێمە پێمانخۆش بێت یان نا ئەو ناوەستێو دەڕوات، مرۆڤ بۆ ئەوەی بەشێك بێت لەم سیستەمە، پێویستە هەر لەئێستاوە هەوڵبدات لێی تێبگاتو سوودی لێببینێت".
وتیشی "جیهان بەرەو گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە دەڕوات، كۆمەڵگەی كوردی لەدەرەوەی ئەم گۆڕانكارییانەی جیهاندایە نەك هەر خۆی بۆ ئامادە نەكردوە، ئێستا جیهان بەم تەكنەلۆژیایە تەنراوو داگیركراوە، كۆمەڵگەی كوردی هێشتا تێناگات، كوردستان لەهیچ بوارێكدا نەیتوانیوە تێكەڵ بەدنیای زیرەكی دەستكرد بێت، لەبازرگانیو پیشەسازیو کشتوکاڵو پەروەردەو فێركردنو سەربازییو لەهەموو بوارەكاندا لەدەرەوەی هاوكێشەی ئەم گۆڕانكارییانەدایە".
سەرەڕای ئەوەش ئێستا لەکوردستاندا لەچەندین بواردا بەشێوەیەکی سەرەتایی سوود لەزیرەکی دەستکرد وەردەگیرێتو بەکاردەهێنرێت.
ئاری مستەفا، گرافیک دیزاینەرەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەم سەردەمە نوێیەی تەکنەلۆژیادا ئەگەر بتەوێت کاروباری ڕۆژانەت ئەنجامبدەی بەشێوەیەکی خێراتر لەجاران ئەوا دەبێت زیرەکی دەستکرد بەکابهێنیت، ئەو بەئاوێنەی وت "بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کاتت بۆ دەگەڕێنێتەوەو کارەکانیش بەرودی ئەنجام دەدات".
وتیشی "زیرەکی دەستکرد کاریگەری زۆری لەسەر نەک هەر دەستی کار هەبووەو بوەتە جێگرەوەی کۆمەڵێک پیشەو کاری جیاواز، بەڵکو ئێشتا کاری مێشکیش ئەنجام دەدات، بەنمونە کاری گرافیک، پێشتر گرافیک دیزاینەرێک ئەم کارەی دەکرد، ئێستا بەنوسینی کۆمەڵێک تێکست ئەتوانی ئەنجامی زۆر باش بەدەستبهێنیت".
هەروەها شادان شوان، ئەندازیاری سۆفتوێر، باسی لەبەرەوپێشچونەکانی زیرەکی دەستکرد ئاماژە بەوە دەکات کە جیهان پێشكەوتنێكی سەرسوڕهێنەر بەخۆیەوە دەبینێت، زیرەكی دەستكرد رۆژ بەڕۆژ لەهەموو بوارەكانی ژیاندا زیاتر دەردەكەوێ، ئەو بەئاوێنەی وت "زیرەکی دەستکرد، لەئەمڕۆدا لەزیرەکی مرۆڤ ژیرترە، بەڵام هێشتا لەدەست مرۆڤ دەرنەچووە، چونکە مرۆڤ هۆکاری دروستکردنو ڕێنیشاندانیەتی، هەرچەندە مەترسی ئەوە لەئارادایە گەر بێ سنوور گەشەی پێبدرێت، بەرەو ئاندەیەکی نەزانراوو پێشبینی نەکراومان دەبات".
سەبارەت بە مەترسیەکانی زیرەکی دەستکرد، شادان وتی "’زۆر مەترسی هەن، بۆ نموونە بێکاربوونی مرۆڤ، بڵاوبوونەوەی زانیاری نادروست یان فەیک، بەکارهێنانی بۆ چاودێریو کۆنترۆڵکردنی هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤو کەسایەتی مرۆڤ".
ئەمە لەکاتێکدایە کە جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەچۆنیەتی بەرهەمهێنانو بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرددا لەنێوان وڵاتانی دواکەوتوو، پێشکەوتوودا، کە کوردستانو عێراق بەشێکن لەوڵاتە دواکەوتووەکان.
عادل شاسواری، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانکۆی سلێمانی، باس لەوە دەکات کە بەشێوەیەکی گشتی هێشتا کۆمەڵگەی کوردی ئامادە نییە بۆ زیرەکی دەستکرد، لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد پێویستی بەژێرخانی تەکنەلۆژیو ئابووری بەهێز هەیە، پێویستی بەیاسای تایبەتو بەپاراستنی داتاو ئیتیكو پسپۆڕی ناوخۆییو هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەیە، کەزۆربەیان لە کوردستاندا لە ئاستی پێویستدا نین، ئەو بەئاوێنەی وت "سیاسەتی ئەم هەرێمە ئەوەی لەم 11 ساڵەی دواییدا، لە2014 بۆ 2025 بەم میللەتە کراوە هی ئەوە نیە بڵێی ئێمە لەسەردەمی زیرەکی دەستکرددا دەژین، بەڵکو ئەوەندەی لەچاخی بەردینەوە نزیكین، لەزیرەکییەوە نزیك نین".
وتیشی "لەئێستادا زیرەکی دەستکرد لەکوردستان لەئاستێکی سەرەتاییدایەو بەشێوەیەکی فەرمیو ستراتیژی گرنگییەکی کەمی پێدراوە، هەندێک پڕۆژەی AI هەیە (لەزانکۆی سەلاحەدینو زانکۆی سلێمانی) وەك پێشكەشكردنی كۆڕو سیمینارو ۆركشۆپو هەندێ پرۆژەی بچووكو هەوڵدان بۆ بڵاوكردنەوەی هوشیاری گرنگ سەبارەت بەپێگەی بواری AI لە داهاتووداو کەمێک پشتگیری داراییش هەیە، بەڵام نەک وەک وڵاتانی پێشکەوتوو. کۆمپانیای کوردیش هەیە لەبواری AI کار دەکەن، بەڵام هێشتا توانایان زۆر سنووردارەو هێشتا نەبووەتە ئەولەوییەتێکی نیشتمانی".
شاسواری ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا زیرەکی دەستکرد ئامرازێکە لەژێرکۆنترۆڵی مرۆڤدایە. مرۆڤ دیزاینی دەکات، ڕاهێنانی پێدەکاتو ئامانجەکانی بۆ دیاریدەکات، بەڵام ئەگەرسیستمێکی زۆر زیرەک دروست بکرێت کە ئامانجەکانی لەگەڵ ئامانجەکانی مرۆڤدا یەک نەگرێتەوە، لەوانەیە بۆگەیشتن بەئامانجەکانی، زیانێکی گەورە بەمرۆڤایەتی بگەیەنێت، وەک چەکی ئەتۆمیو هێرشی سایبەری، ئەو وتی "دەتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەدوای خاڵە لاوازەکانی سیستمەکاندا بگەڕێتو لەیەککاتدا هەزاران هێرشی وردو ئاڵۆز ئەنجام بدات، زۆر خێراتر لەمرۆڤ، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ڤیدیۆو دەنگی ساختەی سەرکردەکان یان بەرپرسان دروست بکات بۆ بڵاوکردنەوەی پشێویی، ڤایرۆسو پرۆگرامە زیانبەخشەکان کە بە AI کاردەکەن، دەتوانن خۆیان بگۆڕن کاتێک هەستدەکەن سیستمی دژە ڤایرۆس دەیانناسێتەوە، ئەمەش گرتنیان زۆر قورس دەکات".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات