ئا: عەمار عەزیز
بەپێی دوایین راپرسی لەسەر دوخی گەنجان لەسنوری پارێزگای دھۆک، لە٥٣٪ی گەنجان ئەگەر بۆیان بڕەخسێت وڵات بەجێ دەھێڵن، بەشی زۆری ئەوانەی کوچ دەکەن لەسنوری قەزاکانی ئامێدیو ئاکرێو زاخۆدانو زۆربەشیان دانیشتووی ناحیەی شیلادزێن .
برقی ئیسلام، چالاکوانی مەدەنیەو دانیشتوی ناحیەی شیلادزێیەو باس لەوە دەکات تەنھا لەگوندەکەی خۆیان ٣٠ گەنج کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەموو لایەک دەزانێت ناوچەکەی ئێمە وەکۆ سەربازگەی لێھاتووە، جگەلەمەش کارگەیەک یان شتێک نیە گەنج تێیدا کاربکەن، ئەوەی ھەیە ناوچە گەشتیارەکانن ئەویش بەھۆی دوخی ناوچەکە رێژەی گەشتیار کەمبووەتەوە، بەشێکی تریش بژێوییان لەسەر چاندنو بەخێوکردنی ئاژەڵە کە ئەوەش بەڕادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە ، بەهۆی ململانێو لەشکرکێشی تورکیاوە بۆ سەر پەکەکە".
وتیشی "بەپێی ئامارێک کە دەستمانکەوتووە لەماوەی ٧ ساڵی رابوردوودا، تەنھا لەسنوری ناحیەی شیلادزێ نزیکەی ٣ ھەزار گەنج کۆچیان کردوە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات ژمارەکە زیاتر دەبێت، دوایین ئامار لەماوەی ٢ هەفتەی رابوردوودا تەنھا لەسنوری ناحیەکە ١٥٠ کەس کۆچیان کردوە، ئەمە دیاردەیەکی مەترسیدارەو بەداخەوە تا ئێستا ھیچ رێکارێک یاخود شتێک نەکراوە تا گەنجەکانمان روو لەدەرەوە نەکەن ".َ
نەبوونی هەلی کارو نادادپەروەریو نائارامی ناوچەی شیلادزێو دەوروبەری هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجانو بەجێهێشتنی وڵاتە،
زێرەڤان بانەسری، گەنجێکی ناحیەی شیلادزێیەو ماوەی زیاتر لەساڵێکە کۆچی کردوە بۆ دەرەوەی وڵاتو ئێستا لەوڵاتی سویسرا دەژی، ئەو بەئاوێنەی وت "نەبوونی ھەڵی کارو نادادوەری لەھەموو سێکتەرەکاندا بەدیدەکرێت، ناوچەکەی ئێمە بەردەوام لەلایەن تورکیاوە بۆردومان دەکرێ، خەڵک ناتوانێت بچێتە سەر گوندەکانی خۆیان تا چاندن بکەن یان بەرھەمە کوردەوارییەکان لەشاخو دەوروبەری ناحیەکە کۆبکەنەوەو دواتر لەبازاڕدا بیفرۆشن".
وتیشی "گەنج شەرم لەخێزانەکەی خۆی دەکات ھەر بەبێ ئیشی لەماڵ دابنیشتێت، ئەویش پێویستی بەپارەو داهاتو ژیانو هاوسەرگیرییە، بۆیە بەناچاریی بیر لەوە دەکات کۆچ بکات بۆ دەرەوەی وڵات".
بەپێی راپرسیەک کە ئەمساڵ ئەنجامدراوە لە ٥٣٪ی گەنجانی پارێزگای دھۆک دەڵێن ئەگەر بۆیان بڕەخسێت کۆچ دەکەنو وڵات بەجێ دەھێڵن.
ئەرشەد ئەحمەد، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدان لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "ئەمساڵ لەساڵرۆژی جیھانی رۆژی لاوان ئەنجامی ڕاپرسیەکمان ڕاگەیاند کە نیشانەی ئەوەیە دۆخی گەنجان لەئاستێکی خراپدایە، ٥٦٧ گەنج بەشدارییان کردبوو لەڕاپرسیەکەدا لەھەموو قەزایەکانی سنوری پارێزگای دھۆک، لەھەردوو رەگەز، یەکێک لەپرسیارەکانمان ئەوە بوو دەتەوێت کۆچ بکەیت؟ لە٥٣٪ وتوویانە ئەگەر بۆمان بڕەخسێت کۆچ دەکەینو وڵات بەجێدەھێڵین".
وتیشی "٥٦٪ لەم ڕاپرسیەدا وتوویانە ھۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بێکارییە، سەدان گەنجی خاوەن بڕوانامەو زیرەکمان ھەیە، بەڵام کاری دەستناکەوێت، ئەمە ئاماژەیەکی زۆر خراپو مەترسیدارە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار کار لەسەر چارەسەرکردنی بکەن، ئەوەش لەرێگای دابینکردنی ھەڵی کار تا چیتر گەنجەکانمان رێگای مەرگ ھەڵنەبژێرنو لەوڵاتەکەی خۆیاندا خزمەت بکەن".
لەم ساڵانەی دواییدا هەزاران کەس لەھەرێمی کوردستان کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات، کە زۆربەیان گەنجنو بەشێکیشیان سەر بەپارێزگای دھۆکن .
بەیار دۆسکی، بەرپرسی رێکخراوی روناس بۆ ھۆشیارکردنی گەنجان لەدھۆک بەئاوێنەی وت "ئاماری وردو دروستمان نییە سەبارەت بەژمارەی ئەوانەی روویان لەدەرەوەی وڵات کردووە، بەڵام ئەوەی مەزەندە دەکرێت لەساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣، ٣٧ ھەزار کەس لەھەرێمی کوردستان کۆچیان کردوە، بەشی زۆری ئەوانەی لەپارێزگای دهۆک کۆچ دەکەن دەکەونە سنوری قەزاکانی ئامێدی، ئاکرێ، زاخۆ، چونکە ئەم سێ قەزایە بەھۆی بوردومانی تورکیاو شەڕی پەکەکەوە، وەک زیندانی لێھاتووە، ناتوانن بچنە سەرزەویو زاری گوندەکانی خۆیان بۆ مەبەستی چاندن، هیوادارین دوای ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی دۆخەکە باشتر بێت".
لەبارەی ئەوەی بۆچی زیاتر خەڵکی ناحیەی شیلادزێ کوچ دەکەن، دۆسکی وتی "بەشی زۆری شەڕو ئاڵوزی تورکیاو گەریلاکانی پەکەکە لەسنوری ناحیەکە رودەدات، بەردەوام ناوچەکە بۆردومان دەکرێت، ھاوڵاتیانی ناحیەکە تا ئێستاش ناتوانن بۆ ھەموو شوێنێکی سنوری ناحیەکە بچن، ناوچەی قەدەغەکراو ھەن، بژێوی ژیانیشیان زیاتر لەسەر چاندنو بەرھەمە بەھارییەکانو بەخێوکردنی ئاژەڵە، کە ئەمانەش نەمانو بێکاری تەنگی بەژیانی گەنجان هەڵچنی، ئیتر چی بکەن؟! خەڵکی ناحیەکە کۆچکردن وەکو باشترین بژاردە دەبینن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات