ئەم کەلێنە کاتێک قوڵتر بێتەوە کە دایک‌و باوکان ناتوانن جیهانبینی‌و بەهاکانیان بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن
ئا: هێڤی ئاوات
به‌شێك له‌كچانی ئه‌م سه‌رده‌مه نایانه‌وێ وەک دایكیان بژین، چونكه پێیانوایه هه‌موو سه‌رده‌مێك پێویستی به‌گۆڕانكارییە، دایكانیش جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌كانیان به‌لاوه گرنگه، کۆمەڵناسێکیش دەڵێت "رۆژ بەڕۆژ کەلێنی نێوان نەوەکان گەورەترو قوڵتر دەبێتەوە".
کچان، حەز ناکەن لەدایکیان بچن!
ڤیان زاهیر، ژنێكی ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵه‌و خاوه‌نی كچێکه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌ز ناكات له‌هیچ روویه‌كه‌وه له‌دایكی بچێت، چونكه پێیوایه بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌وان بۆ سه‌رده‌می خۆیان باش بووه، بەڵام لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆدا ناگونجێت، ڤیان وتی "بیركردنه‌وه‌ی من‌و دایكم له‌زۆر رووه‌وه جیاوازه، له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئایینی‌و ئابوری‌و تەنانەت سیاسی‌و فکریشەوە، ئەو وتی "لەهیچ شتێکدا لەگەڵ دایکمدا کۆک نیم، ئەو حەزی لەبه‌سه‌ركردنه‌وه‌و هاموشۆی كه‌سوكارو هاتنی میوان‌و داوەت کردنیان‌و گرنگیدان بەدەرو دراوسێیە، من تاقەتی ئەوانەم هەر نییە، ئەو حەزی لەخانووەو من حەزم لەشوقەیە، ئەو حەزی لەدارودرەخت‌و چیمەنە، من حەزم لەئینجانەیە، دایکم شته‌كان زۆر دەڵێت‌و دووباره ده‌كاته‌وه، من وا نیم، دایکم زۆر دەست بەپارەوە دەگرێ‌و بۆ خۆیشی خەرجی ناکات، من بەپێچەوانەوە. ئەو حەزی لەدانیشتن لەماڵەوەو من حەزم لەسەیران‌و گەڕانە".
ڤیان له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازییانه‌ی نێوانیان، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌رگیز دڵی دایكی ناشكێنیت‌و دایكشی زۆری خۆشده‌وێت، چونكه "له‌نێو سێ منداڵدا دواهەمینیانەو زۆر خۆشه‌ویسته لای دایكی".
"نەوەی کۆن "کات"یان بەلاوە گرنگ نییە"
هەنار دارا، ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵه‌و ده‌رچووی زانكۆیه، ئاماژه‌ی به‌وه دەکات كه له‌هه‌ندێك لایه‌نه‌وه حه‌ز ده‌كات له‌دایكی بچێت‌و له‌هه‌ندێك شتیشدا پێی خۆش نییه، به‌ڵام به‌گشتی "كاریگه‌ری دایكی به‌سه‌ره‌وه‌یه"، ئەو بەئاوێنەی وت "لەڕوویەکەوە زۆر بەنەوەی رابردوو سەرسامم کە به‌گشتی دڵیان پاك بووه‌و هه‌ڵسوكه‌وتیان زۆر جوان بووه‌و به‌باشی منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده كردووه‌و ده‌كرێت نه‌وه‌ی ئێستا سوود له‌و ئه‌زموونانه وه‌ربگرن".
ئه‌م كچه لەبەرامبەردا باسی له‌وه كرد كه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی نه‌وه‌ی رابردوو گوێی پێناده‌ن له‌كاتی سه‌ردانكردنیان بۆ شوێنه‌كان، ئەوەیە "كات"یان به‌لاوه گرنگ نییه، یاخود پێشتر ئه‌و شوێنه ئاگادار ناكه‌نه‌وه، ئەو وتی "به‌گشتی ئافره‌ت‌و پیاوه‌كانی ساڵانی رابردوو به‌وه رانه‌هاتوون پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شوێنێك بكه‌ن ئاگاداریان بكه‌نه‌وه بۆئه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئاماده‌كاری بكات راسته‌وخۆ ده‌ڕۆن بۆ ئه‌و شوێنه، به‌ڵام من وه‌ك خۆم حه‌ز ده‌كه‌م پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ر شوێنێك بكه‌م ئاگاداریان بكه‌مه‌وه".
هەنار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه كه دایكی یاخود ئافره‌ته‌كانی رابردوو به‌رده‌وام ئامۆژگارییه‌كانیان بۆ نه‌وه‌كانیان دووباره بكه‌نه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونی زیاتریان هه‌یه‌و نایانه‌وێت منداڵه‌كانیان بكه‌ونه هه‌ڵه‌وه.
"هەمیشە خەمی منداڵه‌كانمانە"
بەیان سدیق، ژنێكی ته‌مه‌ن ٦٥ ساڵه‌و خاوه‌نی ٤ منداڵه، باسی له‌وه‌كرد كه ئه‌وانیش حه‌زیان له‌گۆڕانكارییه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رده‌وام "به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌كانیان" لا مه‌به‌سته، بۆیه ده‌یانه‌وێ رێنمایی منداڵه‌كانیان بكه‌ن تا ئاگایان لەخۆیان بێت، ئەو وتی "ئێمە تەمەنمان زیاتر‌و دنیاشمان زیاتر دیوە، نامانەوێ منداڵەکانمان بکەونە هەڵەوە".
بەیان ئەوەی روونکردەوە كه ئه‌وان لەڕابردوودا له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند خێزانێك له‌ناو ماڵێكدا یان لەنزیکی یەکتر ژیاون، بۆیه لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تییان به‌هێزتر بووه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری به‌سه‌ره‌وه جێهێشتوون كه ده‌یانه‌وێ زۆربه‌ی كات كه‌سوكاریان بەسەربکەنەوەو لێیان دانەبڕێن، ئەو وتی "ئێمە وا فێرکراوین بەخزم‌و کەسوکارەوە شتین، بەڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینم زۆر سه‌یره، كچانی ئه‌م سه‌رده‌مه کە میوانمان دێت خۆیان دەشارنەوە، تاقه‌تی ئیشی ماڵی خۆیشیان نییه‌و زۆرجار خواردن بەدیلیڤەری بانگ دەکەن، كاتێكیش دایکیان یان ژنێكی به‌ته‌مه‌نی وەک من ده‌یه‌وێ ئامۆژگارییان بكات، پێیان ناخۆشه‌و هەڵدەچن‌و دەڵێن تۆ تێناگەیت وازبێنە!".
"ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە"
دڵسۆز عەبدولکەریم، کە خوێندکاری ماستەرە لەبواری کۆمەڵناسیدا، ئاماژە بەوە دەکات کەلێن‌و ململانێی نێوان نەوەکان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەو لەهەموو سەردەم‌و کۆمەڵگەیەکدا بەدیدەکرێت، ئەو وتی "ئەم کەلێنە لەنێوان دایک‌و باوک لەلایەک‌و منداڵەکان لەلایەکی تر لەسەر ئاستی خێزان‌و لەنێوان بەساڵاچوان‌و گەنجاندا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا بەدیدەکرێت، کە بەهاو جیهابینینیان جیاوازە، نەوەی رابردوو دەیەوێ دەستبگرێت بەکۆمەلێک بەهاو دابونەریتەوەو گەنجانیش دەیانەوێ لەسایەی ئەو نەریتانە بێنەدەر".
وتیشی "ئەم کەلێنە کاتێک قوڵتر بێتەوە کە دایک‌و باوکان ناتوانن جیهانبینی‌و بەهاکانیان بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن‌و منداڵەکانیش لەنیگەرانییەکانی دایک‌و باوک‌و لەخواست‌و ویستیان تێناگەن، لەئاستی کۆمەڵگەشدا دۆخەکە هەر بەم جۆرەیە، زۆرجار تێگەیشتنیان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی دەگاتە بنبەست‌و قەیرانێک دروست دەبێت".
ئەم کۆمەڵناسە ئەوە رووندەکاتەوە کە پێشکەوتنە خێراکانی تەکنیک‌و تەکنەلۆجیا ئەم کەلێنەی نێوان نەوەکانی گەورەترو خێراتر کردووەو هاوکات وایکردووە گۆڕانکاریی گەنجان زیاتر رووکەش بێت تا گۆڕانکارییەکی رەسەن‌و راستەقینە، ئەو وتی "لەدونیای مۆدێرندا تەنیایی بووە بەپەتا، هەرچەندە سۆشیال میدیا‌و زیرەکی دەستکرد، مەودای نێوان مرۆڤەکانی لەدنیای مەجازییدا کورت‌تر کردوەتەوە‌و مرۆڤ زیاتر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، بەڵام ئەم جۆرە پەیوەندییانە، پەیوەندی ڕاستەقینە نین‌و ناتوانن جێگەی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان مرۆڤەکان بگرنەوە، ئەمە جیاوازییەکە لەنێوان نەوەکانی کۆندا کە دڵیان بەتوندوتۆڵی کۆمەڵایەتی خۆش بوو، لەگەڵ نەوەی نوێ‌دا کە زیاتر مەیلیان بەلای تەنیاییە".
وتیشی "هەندێکجار کەسێک دادەنیشێت‌و سەدان لایک‌و کۆمێنت بۆ پۆستێکی دێ‌و لەسەر شاشەی مۆبایل‌و کۆمپیوتەرەکەی سەیریان دەکات، بەڵام هەر هەست بەتەنیایی دەکات، لەبەرئەوەی پێیوایە کە کەس "ئەو"ی ڕاستەقینە ناناسێت، هەمووان تەنها ئەو وەشانە دەبینن کە لەسۆشیال میدیادا پیشانی دەدات. کێشەکە هەر لەوەشدا نییە کە ئەوانی تر خودی ڕاستەقینەی تۆ ناناسن، کێشەکە کاتێکە کە ئێمە خۆمان ئەوەندە لەپەیوەندییە دیجیتاڵییەکان هەڵمژراوین تەنانەت خودی ڕاستەقینەی خۆشمان ناناسینەوە، نەوەکانی پێشتر وەک نەوەکانی ئێستا بەدەست ئەم تەنیاییەوە گیرۆدە نەبوون".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات