زۆربەی کورتەباڵاکان هەروەکو کەسانی ئاسایی خاوەنی زیرەکییەکی نموونەیینو ژیانێکی تەندروست دەژین
ئا: شیلان – هێڤی
"کورتە باڵاکان"، توێژێمی گرنگی کۆمەڵگەنو دەیانەوێ وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی ژیان بەسەربەرن، بەڵام چەندین گرفتو ئاستەنگیان لەبەردەمدایە، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان دەڵێت "لەسەرجەم سێکتەرەکاندا، زۆر بەکەمی خزمەت بەکورتەباڵاکان کراوە".
نازدارو محەمەد، دوو کورتەباڵان کە پێکەوە هاوسەرگیرییان کردووەو منداڵێکیشیان هەیەو ژیانێکی هەژارانە بەسەردەبەن.
نازدار ئاماژە بەوە دەکات کە خۆیان کورتەباڵانو منداڵەکەشیان بەهەمانشێوە، ئەو بەئاوێنەی وت "خۆم وەک باجیی بەخۆبەخش لەقوتابخانەیەکدا کاری چا لێنانو پاککردنەوەی قوتابخانەکە دەکەمو مامۆستاکان کە مووچە وەردەگرن بڕێک پارەم بۆ کۆدەکەنەوە، هاوسەرەکەشم لەبازاڕدا خەریکی کارکردنە، بەڵام کرێچینو ژیانێکی خراپمان هەیەو گیانێکمان بەهاوکاری کۆمەڵێک خەڵکی خێرەومەندە".
وتیشی "کورتە باڵاکان مووچەکەیان ١٥٠ هەزار دینارە، ئەویش لەکاتی خۆیدا نادرێت، چەندین جار خۆپیشاندانمان کردووە بۆ مافەکانمان، بەڵام کەس گوێمان لێناگرێت".
نازدار سکاڵای ئەوە دەکات کە دەوروبەرەکەی لەوە تێناگەن ئەمانیش وەک ئەو خەڵکە مرۆڤنو زۆربەی کات کەسوکارەکەی سەرو دڵیان دەگرنو پێیاندەڵێن "بۆچی هێشتوتانە منداڵتان بێ؟!".
ئەو وتی "بۆچی کورتە باڵا مرۆڤ نییە؟ بۆچی ئاسایی نەبێ منداڵم بێو منیش ببم بەدایک؟ ئێمەش مرۆڤینو مافی دایکایەتیو باوکایەتیمان بەبیانووی کورتە باڵاییەوە لێزەوت مەکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی لێدوانی کۆمەڵەی کورتە باڵاکان لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان کورتەباڵا پێکەوە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە جیابوونەتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەیان کارێکی وایان نییە، بتوانن بژێویی ژیانیان بەباشی دابین بکەن.
عومەر جەبار ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵەکەیان زیاتر لە ٣٠ ساڵە دامەزراوە بەئامانجی کۆکردنەوەی توێژی کورتەباڵاکانو داکۆکیکردن لەمافەکانیانو دەرخستنی تواناکانیانو ئاشناکردنیان بەیەکتر، ئەو بەئاوێنەی وت "پێش دامەزراندنی کۆمەڵەکەمان کورتە باڵا بوون عەیب بوو، بەچاوی بەزەیی سەیر دەکراین، بەڵام ئێستا شانبەشانی کۆمەڵگە کار دەکەین".
وتیشی "لەدوای دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە، بەهرەو توانای کورتەباڵاکان بۆ کۆمەڵگا دەرکەوت کە ئێمەش توانای خوێندنو کارکردنو هاوسەرگیریو بەڕێوەبردنی خۆمان هەیە لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا، وەک هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە".
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئەوە رووندەکاتەوە کە کورتە باڵاکان کەسانی بەهرەمەندی زۆر باشیان تێدایەو پێویستە بایەخیان پێبدرێت، ئەو وتی "لایەن پەیوەندیدارەکان هەر بەڵێنمان پێدەدەنو جێبەجێشی ناکەن، گرفتەکانی ئێمە زۆرنو کۆتاییان نایەت، هەر لەداراییەوە بگرە تا ئاسانکاریی نەکردن بۆ بەڕێوەچوونی ژیانمان، زۆربەیان بێکارن، زۆربەیان خاوەنی شوێنی نیشتەچی بوونی خۆیان نین، لەڕووی تەندروستییەوە زۆربەیان کێشەی (فەقەرات)یان هەیە، گەورەتین کێشەو گرفتیشمان کەم مووچەکەمانە کە ١٥٠ هەزار دینارە، کە بەشی مندالیک ناکات، جا وەرە پێویستت بەچارەسەرکردن بێت، پێویستت بەدابینکردنی بژێویی ژیانو کرێ خانوو بێت".
داواش دەکات لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەبنەڕەتییەوە تا دەگاتە زانکۆو پەیماناگاکان ڕێز لەئیرادەی کورتە باڵاکان بگیرێتو کارئاسانی تەواویان بۆ بکرێت، ئەو وتی "بەگشتی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا زۆر بەکەمی خزمەت بەکورتەباڵاکانو کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە، وەک ڕاییکردنی کارەکانیان، لەکەرتی تایبەتو حکومیش زۆر بەکەمی هەلی کارکردنو کارئاسانیان بۆ کراوە، لەهەمانکاتیشدا زۆرێک لەکورتەباڵاکانو کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت توانیویانە بەسەرکەوتویی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکەنو بڕوانامەی بەرزیشیان بەدەستهێناوە، وەک دکتۆراو پەرستارییو پارێزەرییو مامۆستایی، لەبەرئەوە تکایە بەچاوی بەزەییەوە سەیرمان مەکەن، سەیری تواناکانمان بکەن".
پسپۆڕانی بواری پزیشکیش جەغت لەوە دەکەن کە کورتەباڵایی، لەڕووی زانستییەوە نەخۆشییەک نییە پەیوەندی بەمێشکەوە بێت، بەپێچەوانەوە زۆربەی کورتەباڵاکان هەروەکو کەسانی ئاسایی خاوەنی زیرەکییەکی نموونەیین، لەڕووی تەندروستیشەوە زۆربەیان ژیانێکی تەندروست دەژینو وەک هەر کەسێکی ئاسایی توانای خوێندنو ژیانکردنی هەیە.
د.شاکۆ ئاوات، پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات کورتەباڵا لەهیچ شتێکدا جیاوازی لەگەڵ مرۆڤێکی ئاساییدا نییە لەکورتی باڵایاندا نەبێت، ئەو بەئاوێنەی وت "پێناسەی زانستی کورتەباڵا بریتییە لەو حاڵەتەی مرۆڤەکە باڵای کورتە، بەوە جیا دەکرێنەوە باڵایان کورتەو سەریان گەورەیە، دەستو قاچیان بچوکو کورتە، سنگیان ئاساییە، بەڵام بڕبڕەی پشتیان ناڕێکو قۆقزەو باڵایان لەزۆربەی هاوتەمەنو هاوڕەگەزەکانی خۆیان کورتترە".
سەبارەت بەهۆکاری کورتە باڵایی. د.شاکۆ وتی "هۆکاری سەرەکی بۆماوهییە، ئهگهر منداڵهکه باوک یان دایکی یاخود ههردووکیان کورته باڵا بوون، ئهوا شتێکی زۆر چاوهڕوان کراوه ئهو مناڵه باڵای کورت بێت، بەڵام چەندین هۆکاری لاوەکیش هەن بۆ ئەوەی کەسێک کورتەباڵا بێت، وەک نهخۆشی، بهدخۆراکی، کهمی ڤیتامین دیو ئێسکهنهرمه کهمی هۆرمۆنی گهشه یان سستی یا نهبوونی هۆرمۆنی گهشه".
وتیشی "چارەسەری کورتەباڵایی تا ئەندازەیەک قورسە، گرنگە منداڵ چەند پشکنینێکی بۆ بکرێت بەمەبەستی دهستنیشانکردنی جۆرو هۆکاری کورته باڵاییو چارهسهرکردنی هۆکارهکانی ئهگهر بتوانرێت.، لەڕێگەی پێدانی هۆرمۆنی گهشه لهکاتی نهبون یان کهمی هۆرمۆنی گهشه، هەروەها لەڕێگەی خۆرکی تهندروستو دهوڵهمهند بهپڕۆتینو ڤیتامین دیو سیو بیو کانزاکان وهک کالسیۆمو مهگنسیۆمو زینکو ئاسن، هەروەها وهرزشکردنی رۆژانەو بهردهوام".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات