ئا: ئاوێنە
راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق هەموو شتێک لەسەر ئەنجومەنی دەوڵەت لەرووە یاسایی و رێنماییەکانەوە بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات و ئەو پێیوایە ئەگەر ناکۆکی هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت چارەسەر بکرێت داهاتی ناوخۆ بەربەستێکی قورس نابێت، دەشڵێت "ئەنجومەنی دەوڵەت داوای لە نوێنەرێکی وەزارەتی دادی هەرێم کردووە ئامادە بێت، بەڵام نوێنەرەکە نەچووە چونکە حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ ئێمەش ئەنجومەنمان هەیە، بەدڵنیاییەوە ئەنجومەنەکە راپۆرتی خۆی دەنوسێت و چاوەڕێی دەرئەنجام دەکەین کە بزانین هەرێم شرۆڤەکەی بەدڵ دەبێت یاخود نا!".
هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق وردەکاری دەزگای ئەنجومەنی دەوڵەت لە رووە یاسایەکەیەوە دەخاتە روو و ناوبراو تایبەت بە ئاوێنە دەڵێت "ئەنجومەنی دەوڵەت دەزگایەکی تێکەڵاوە لەدادوەر و شارەزایی یاسایی، واتە دامەزراوەیەکی دادوەری و راوێژکاری و یاساییە و لە دوو لقی سەرەکی پێکهاتووە، لقێکیان سێ دادگایە؛ دادگای کاروباری فەرمانبەران و دادگای کارگێڕی و دادگای کارگێڕی باڵا، لقی دووەمیش ئەو راوێژکارانەن کە راوێژکاری یاسایین هەموویان بەیەکەوە دەستەیەکی گشتی دروستدەکەن پێیاندەڵێن؛ دەستەی گشتی و نابێت ژمارەیان لە ٥٠ راوێژکار کەمتر بێت".
سەبارەت بە ئەرکی ئەنجومەنی دەوڵەتیش، هاوڕێ تۆفیق وتی "چەند ئەرکێکیان لەسەر شانە؛ یەکێک لەوانە هەر فەرمانبەرێک و دەزگایەک ناکۆکیان هەبێت بەبڕیاری دادگای کارگێڕی یەکلا دەبێتەوە، کاری دووەمیشیان ئەوەیە حکومەتی فیدراڵ هەر وەزارەت و دەستەیەک پڕۆژەی یاسایی ئامادەبکات و بینێرێت بۆ پەرلەمان دەبێت سەرەتا بۆ ئەوانی بنێرێت و وردبینی بۆ بکەن، کاری سێیەمیشیان دەربڕینی راو سەرەنج و شرۆڤەکردنی دەقەکانی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانە، شرۆڤەکردنی دەقی یاسا و بڕیارەکان لە پسپۆڕی ئەنجومەنی دەوڵەتە. بەڵام شرۆڤەکردنی دەقی دەستور کاری دادگای دەستورییە واتە دادگای فیدراڵی".
لەبارەی ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغداوە کە ئێستا لەسەر چییە؟ بەوتەی راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراق "بەپێی یاسا دەبێت هەرێم ئەو داهاتە ناوخۆیەی کە هەیەتی نیوەی بگێڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵ نیوەکەشی بەکاربهێنێت بۆ کاروبارەکانی خۆی، بەڵام کێشەیەک پەیەدا بووە لەهەرێم یاسا و رێنمایی تایبەت بەخۆمان هەیە و بەمەش یاساکانمان لەیاساکانی عێراق جیاوازن، بەپێی یاسا و رێنماییەکانی هەرێم داهاتە ناوخۆییەکان جۆرەکانی جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە داهاتانەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پۆلێن کراوە".
ناوبراو قوڵی بەربەستەکان زیاتر بۆ ئاوێنە روندەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "لەبەر ئەو کێشەیە حکومەتی مەرکەزی پەنای بردووە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت و دەڵێت؛ ئێوە بەچ شتێک دەڵێن داهاتی نانەوتی و چی و چی دەگرێتەوە. ئەنجومەنی دەوڵەت داوایکردووە نوێنەرێکی وەزارەتی داد لەحکومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی هەرێمیش ئەنجومەنی شورای هەیە بێت، ئەنجومەنی شورا سەربە وەزارەتی دادە بەڵام ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق لە وەزارەتی داد جیابووەتەوە و لەژێر چەتری ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، بەوەیش نوێنەرەکەی هەرێم نەچووە، چونکە هەرێم وتویەتی؛ ئێمە ئەنجومەنی خۆمان هەیە ئێمە سیستەمێکی فیدراڵین نەک مەرکەزی".
وەک هاوڕی تۆفیق دەڵێت "لەکۆتایدا بەبێ ئەو نوێنەرەی وەزارەتی دادی هەرێم؛ ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق بڕیارەکەی خۆی دەدات چونکە نوسراوی فەرمییان بۆ رۆشتووە، ئەویش نازانرێت هەفتەیەک دەخایەنێت یان چۆنە! بەڵام بەدڵنیایەوە وەڵام دەدەنەوە، دوای ئەوەش دەکەوێتەسەر ئەوەی کێ پابەند دەبێت بە شرۆڤەکەیانەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستور دەڵێت؛ ئەگەر هاتوو ناکۆکی لەنێوان دوو یاسادا دروستبوو کە پەیوەندی بەهەرێمەوە هەبوو "حساب بۆ یاساکەی هەرێم دەکەین. بەڵام لەراستیدا ئەم ململانێیە ببرێت بۆ دادگای فیدراڵی نەک ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجومەنی دەوڵەت تایبەتە بە ململانێی ئیداری نێوان دامودەزگاکانی حکومەتی مەرکەزی".
ئەو راوێژکارە دەشڵێت "ئەم کێشەیەی هەرێم و بەغدا ئاڵۆزە بەڵام تارادەیەکی زۆر کێشەی نەوت چارەسەرکراوە، من داهاتی نانەوتی بە شتێکی لاوەکی دەزانم، بۆچی؟ چونکە جیاوازییەکە لەنێوان بەغدا و هەرێمدا پارەکە زۆر نییە، بەنمونە داهاتی نانەوتی هەرێم ٧٠ ملیار دەکات بە گریمانەیی حکومەتی عێراقیش ١٠٠ ملیار دەکات، هەموو جیاوازیەکە تارادەی ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن دۆلار دەکات. هەربۆیە گەر پرسی نەوت چارەسەربکرێت داهاتی ناوخۆکە زۆر بەربەست دروست ناکات".
لەسەر ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێم تانە دەدات لەدادگای فیدراڵی؟ هاوڕێ تۆفیق وتی "نەخێر، بەڵکو دەبێت چاوەڕێ بکەین. چونکە تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی دەوڵەت راپۆرتی خۆیان نەنوسیووە، رەنگە ئەوەی دەنوسن هەرێم پێی باشبێت. دەبێت چاوەڕێی دەرئەنجامەکە بکەین".
راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراق دووپاتیشیکردەوە "سبەی بەدڵنیایەوە ئەنجومەنەکە راپۆرتی خۆی دەنوسێت، بەڵام ئایا بەدڵی هەرێم دەبێت یاخود نا، ئەوە دەبێت چاوەڕێ بکەین، ئەگەر هەرێم بەدڵی نەبێت رێککەوتن دەکات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و دەگەن بە رای سێیەم. بەنمونە دەڵێت؛ با ٧٠ نەبێت ٨٠ بێت تا ئەوکاتەی لەسەر ژمارەیەک رێکدەکەون".
هێمای بۆ ئەوەشکرد "ئەگەر بە رای سێیەم رێکنەکەوتن؛ ئەوکاتە هەرێم هانا بۆ دادگای فیدراڵی دەبات؛ هەرچەندە ئەوەیان بەدوور دەزانم، چونکە کێشە گەورەکە نەوتە".