ئا: عەمار عەزیز
زیادبوونی روداوەکانی کوشتن لەسنوری پارێزگای دھۆک، خەڵکی نیگەرانو ناڕازی کردووە، پارێزێک دەڵێت "ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە، یاسا جێبەجێ ناکرێت".
لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، دوو حاڵەتی کوشتن لەسنوری پارێزگای دھۆک ڕوویاندا، یەکەمیان لەسنوری قەزای شێخان کە بووە ھۆی کوژرانی دوو کەس لەھێزە ئەمنیەکانو کەسێکی تر ھاوکات ٧ کەسی تر بریندار بوون، رووداوی دووەم کوژرانی دوو برا لەسنوری قەزای ئامێدی بوو .
شەریف تەحسین، دانیشتوی ناوەندی دھۆکە تەمەنی ٦١ ساڵە، تووشی شۆک بووە کە چۆن خەڵک لەسەر سادەترین شت دەکوژرێت، ئەو بەئاوینەی وت "خەڵک لەدەست دەرچووەو زۆر قوڕسە کۆنتروڵ بکرێت، لەسەردەمی ئێمە کوشتن یەکجار کەمبوو، ساڵانە لەوانەیە یەک حاڵەت ھەبوایە، چونکە خەڵک بەگشتی خۆی دەپاراست، کوشتن لای خەڵک گوناھێکی زۆر گەورە بوو، کەس بوێری ئەوەی نەبوو دەستی بچێتە خوێنی کەسێکو بیکوژێت، بەدڵنیایی دەیان کێشە ھەبووە بەڵام ھەرگیز نەدەگەیشتە کوشتنو کێشەکان بەرێگای تر چارەسەر دەکران".
وتیشی "ئێستا رێک پێچەوانەوە بووتەوە، لەسەر سادەترینو بچوکترین شت خەڵک دەکوژرێت، بەنموونە لەسەر چەند مەترێک زەوی یان دەمەقاڵەیەکی بچووک، خەڵک ھەمووی چەکیان پێیە، خەڵکی ئێستا تەحەمولی یەکتر ناکەن، رێز لەکەسی بەرامبەر ناگرن، ئەگەر جارێک کەسێک ھەڵەیەک بکات رەنگە کوشتنی بەدواوەو بێت".
یەکێتی پیاوانی کوردستان، لەئایاری ئەمساڵ ڕاگەیاندوە کە لەچوار مانگی ٢٠٢٥دا ٢٣ پیاو خویان کوشتووەو پێنجی دیکەش بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە کوژراونو بەشێکی دیکەشیان برینداربوون، بەڵام پولیسی دھۆک تا ئێستا ھیچ ڕاگەیانراوێکی بڵاو نەکردوەتەوە لەسەر ئامارەکانی کوشتن لەسنوری پارێزگای دھۆک.
حەمدی بەرواری، پارێزەرو بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤ لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "لەھەرێمی کوردستان یاسای زۆر باش ھەن لەھەر بوارێکدا، بەتایبەت لەبابەتی کوشتنو سزادانی ئەوانەی تاوانەکە ئەنجامدەدەن، ھەر جورە تاوانێک بەپێی یاسا سزای بۆ دانراوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت، بەڕەڵایی ھەیە لەھەندێک شوێن".
وتیشی "رۆژ بەڕۆژ حاڵەتی کوشتن لەسنوری پارێزگای دھۆک زیاد دەبێتو ھاوڵاتی سڤیل زیاتر دەبێتە قوربانی، دڵنیام ئەگەر یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن بەبێ جیاوازی کەسو شوێن، ھیچ کەسێک بوێری ئەوەی نابێت بەرامبەرەکەی خۆی بکوژێت، لەھەمانکاتدا روداوەکانیش کەمتر دەبن، پێویستە ھێزە ئەمنیەکانیش بەوردی چاودێری ئەوانە بکەن کە چەکیان لایە یان ئەوانەی تا ئێستا چەکی خۆیان تومارنەکردوەو ئەو شوێنانەی چەک دەفرۆشرێن".
بەبڕاوی شارەزایەکی کۆمەڵگاش ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین ھۆکار ھەن بۆ زیادبوونی حاڵەتی کوشتن لەپارێزگای دھۆک.
ھەیفا دۆسکی، چالاکوان لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "چەند ھۆکارێک ھەن بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن لەسنوری پارێزگای دھۆک، وەک بەھەڕەمەکی روماڵکردنی حاڵەتەکانی کوشتن لەمیدیاکاندا، ھەروەھا زیادبوونی حاڵەتەکانی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەرو بازرگانی کردن بەو مادەیە، ھەروەھا کێشەکانی زەویو زار کە تا ئێستا لە زۆر شوێن چارەسەرنەکراوە".
وتیشی "ھەروەھا کەیسی ناموسو خێزانی، قەیرانی داراییو کێشەکانی نێوان خێزانو زۆر ھۆکاری تر، زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن شتێکی ئاسایی نییەو زۆر خراپە لەسەر کۆمەڵگاو ئەرکی ھەموو لایەنێکە ھەر لەئەوقافو پەروەردەو رۆشنبیریو رێکخراوەکان کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات