تاریق عه‌زیز، پیاوی‌ متمانه‌پێكراوی‌ سه‌دام
  2019-01-30       3587       

ئا: ئاوێنە

 

میخائیل یۆحه‌نا عه‌زیز، راوێژكاری‌ هه‌ره‌ نزیك‌و متمانه‌پێكراوی‌ سه‌دام حسێن، تاكه‌ مه‌سیحی‌ نێو كابینه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌عس، رۆژگارێك كه‌ له‌لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا بو به‌كوردی‌ وت "تا هه‌زار ساڵی‌ تر ده‌بێت بۆ كه‌ركوك بگرین، وه‌ك چۆن عه‌ره‌ب تا ئێستاش شین بۆ ئه‌نده‌لوس ده‌كات".

 

ساڵی ٢٠١٥ کە تاریق عەزیز لەله‌ته‌مه‌نی‌ 79 ساڵیدا گیانی‌ سپارد، ماوه‌ی‌ ساڵێك بو ئه‌و شارۆچكه‌ مه‌سیحی‌ نشینه‌ی‌ ده‌شتی‌ موسڵ‌ عه‌زیز چاوی‌ به‌دنیا تێدا پشكوت، له‌ژێر ده‌ستی‌ شه‌ڕه‌نگێزترین گروپی‌ تونده‌ڕه‌وی‌ ئیسلامیدا بو، ئه‌و له‌كاتێكدا كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ ناسریه‌ ماڵئاوایی‌ له‌ژیان کرد، عێراق پڕ بو له‌ململانێ‌‌و شه‌ڕ‌و كاره‌سات، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی‌ سیاسه‌تێك بو كه‌ به‌عسیه‌كان سه‌رده‌مانێك له‌عێراقدا په‌یڕه‌ویان كردو ئه‌میش یه‌كێك بو له‌داڕێژه‌رانی‌.

 

عه‌زیز كه‌ له‌كۆتایی‌ ده‌یه‌ی‌ 1950ه‌وه‌ سه‌دام ناسیوه‌، بوه‌ به‌هاوڕێی‌ گیانی‌ به‌گیانی‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی‌ مه‌سیحیه‌ كلدانیه‌كانی‌ عێراق له‌و سه‌رده‌مانه‌دا هه‌واداری‌ بیری‌ چه‌پ‌و حیزبی‌ شیوعی‌ بون، به‌ڵام ئه‌م بوه‌ به‌هاوڕێی‌ ئه‌و به‌عسیانه‌ی‌ بیری‌ ناسیۆنالیزم‌و پان عه‌ره‌بیزمیان له‌مێشكدا بوه‌، له‌كاتی‌ هاتنه‌ سه‌ر كاری‌ به‌عسیه‌كاندا له‌ساڵی‌ 1968 بوه‌ به‌سه‌رنوسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ "سه‌وره‌"ی‌ زمانحاڵی‌ حیزبی‌ به‌عس‌و دواتریش وه‌زیری‌ راگه‌یاندن‌و ماشێنی‌ پڕوپاگه‌نده‌و راگه‌یاندنی‌ حكومه‌ت‌و حیزبی‌ به‌عس به‌ڕێوه‌بردوه‌.


ساڵی‌ 1979 كه‌ سه‌دام ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، تاریق عه‌زیز ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ "ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش"، له‌ساڵی‌ 1980شدا له‌سه‌روه‌ختی‌ هاتنه‌ سه‌ركاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ئێران، كه‌ كێشه‌و ململانێكانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ به‌عس‌و حكومه‌تی‌ تازه‌ دامه‌زراوی‌ خومه‌ینی له‌په‌ره‌سه‌ندندا بو، تاریق عه‌زیز له‌ده‌روازه‌ی‌ زانكۆی‌ موسته‌نسریه‌دا روبه‌روی‌ هه‌وڵی‌ تیرۆركردن بۆوه‌، سه‌دام حسێن هه‌ر هه‌مان رۆژ "ئێران"‌و "حیزبی‌ ده‌عوه‌"ی‌ نزیك له‌ئێرانی‌ تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌و هه‌وڵه‌دا.


 له‌ساڵی‌ 1983دا، سه‌دام حسێن پۆستی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ به‌تاریق عه‌زیز ده‌سپێرێت، كه‌ گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی‌ دژواری‌ عێراق‌و ئێرانه‌، عه‌زیز به‌وپه‌ڕی‌ كارامه‌ییه‌وه‌ ئیداره‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ده‌كات، پشتیوانی‌ رۆژئاواو ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق دژ به‌ئێران ده‌سته‌به‌ر ده‌كات‌و دواتریش له‌دانوستانه‌كانی‌ راوه‌ستانی‌ شه‌ڕیشدا كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌نجامدرا، نوێنه‌رایه‌تی‌ عێراقی‌ كرد.


له‌كاتی‌ داگیركردنی‌ كوه‌یتیشدا له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌، عه‌زیز رۆڵێكی‌ گرنگی‌ له‌دانوستانه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌و قه‌یرانه‌ بینی‌ كه‌ سه‌رتاسه‌ی‌ جیهانی‌ پێوه‌ سه‌رقاڵ‌ بو، چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌راگه‌یاندنی‌ جه‌نگی‌ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمان دژ به‌عێراق له‌هاوینی‌1990دا، وه‌ك دوا هه‌وڵدان بۆ كشانه‌وه‌ی‌ عێراق له‌كوه‌یت له‌ڕێگه‌ی‌ دبلۆماسیه‌وه‌، جیمس بیكه‌ری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و تاریق عه‌زیز كۆبونه‌وه‌. بیكه‌ر له‌یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێت "له‌ده‌ستپێكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌تاریق عه‌زیزم وت نامه‌یه‌كم پێیه‌ له‌سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ سه‌رۆك سه‌دام حسێن، پێمخۆشه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌راده‌ستكردنی‌ ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌ستپێبكه‌م. عه‌زیز وتی‌: كۆپییه‌كت پێیه‌ بتوانم بیخوێنمه‌وه‌؟ وتم: به‌ڵێ‌. وه‌ریگرت‌و خوێندیه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌كه‌ی‌ 10 ده‌قه‌ی‌ خایاند. پاشان وتی‌: ناتوانم ئه‌م نامه‌یه‌یه‌ وه‌ربگرم چونكه‌ به‌زمانێك نوسراوه‌ كه‌ شایسته‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان سه‌رۆكی‌ وڵاتان نییه‌".


بیكه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "تاریق عه‌زیز له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا چاودێرییه‌كی‌ توندی‌ له‌سه‌ر بو، بارزانی‌ زڕ برای‌ سه‌دام‌و باڵوێزی‌ عێراق له‌باره‌گای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌جنێڤ له‌لای‌ راستیه‌وه‌ دانیشتبو، وه‌رگێڕه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ سه‌دامیش له‌لای‌ چه‌پیه‌وه‌".


تاریق عه‌زیز كه‌ به‌شی‌ ئینگلیزی‌ له‌زانكۆی‌ به‌غدا ته‌واو كردبو، له‌نێو پیاوانی‌ رژێمی‌ سه‌دامدا كه‌ زۆربه‌یان تكریتی‌‌و سونی‌ مه‌زهه‌ب بون روخسارێكی‌ ده‌گمه‌ن‌و به‌تواناو كارامه‌ بو، به‌ڵام وه‌ك غه‌سان شه‌ربلی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ ناوداری‌ عه‌ره‌ب ده‌ڵێت "زیره‌كی‌‌و كارامه‌یی‌ كه‌ڵكی‌ چیه‌ كه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پیاوێكی‌ دیكتاتۆری‌ وه‌ك سه‌دام حسێن بیت".


گوێڕایه‌ڵی‌‌و ملكه‌چی‌ عه‌زیز هه‌رگیز له‌لای‌ سه‌دام حسێن جێی‌ گومان نه‌بو، ته‌نانه‌ت ئه‌و كوڕی‌ دوه‌می‌ خۆی‌ ناونا سه‌دام، له‌ساڵی‌ 1968ه‌وه‌ تا 2003 یه‌كێك بو له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ سه‌دام حسێن‌و له‌كاتی‌ دادگایی‌ كردنه‌كه‌یدا، سه‌دامی‌ به‌"هاوڕێی‌ سه‌نگه‌ر" ناوبردو دواتریش له‌میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ‌ كه‌ناڵی‌ "عه‌ره‌بیه‌"، سه‌دامی‌ به‌"براو هاوڕێی‌ ئازیز"ی‌ ناوبردو ئیعدامكردنی‌ سه‌دامی‌ به‌"دژوارترین‌و ناخۆشترین ساته‌وه‌ختی‌ ژیان"ی‌ ناوبرد‌و پێیوابو "ئیعدام كردنی‌ سه‌دام، كوشتنی‌ عێراق بو".


ئه‌م پیاوه‌ سه‌رسپییه‌ كه‌ له‌سه‌ر راگواستن‌و سه‌ركوتكردنی‌ كورد‌و پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال حوكمدرابو، ساڵی‌ 1991 كاتێك كه‌ شاندی‌ دانوستانكاری‌ كورد باسی‌ كه‌ركوكیان كردبو، پێیوتبون "ده‌بێت تا هه‌زار ساڵی‌ تر بۆ كه‌ركوك بگرین، وه‌ك چۆن ئێمه‌ی‌ عه‌ره‌ب تا ئێستاش شین بۆ ئه‌نده‌لوس ده‌كه‌ین".


تاریق عه‌زیز كه‌ ژماره‌ 43 بو له‌پله‌به‌ندی‌ 55 داواكراودا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ دوای‌ داگیر كردنی‌ عێراق له‌2003دا‌و پاش دو هه‌فته‌ له‌كه‌وتنی‌ به‌غدا خۆی‌ راده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا كرد، سێ‌ منداڵی‌ هه‌یه‌.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×