بۆچی هەندێک لەژنان ڕیشیان هەیە؟
  2025-09-21       940       
هۆکارەکانی گۆڕانی هۆڕمۆنات بەپێی تەمەن دەگۆڕێت

ئا: شەنگە دارا

 

کچانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین نیشانەی وەک زیپکەو زیادبوونی مووی روخساریان تیا دەرکەوتووەو ئاماژەن بۆ گۆڕانی هۆڕمۆنات، پزیشکی پسپۆری ئافرەتان "ڕۆژانە لەهەر ٤ کەیس کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، دانەیەکیان حاڵەتی تێکچونی هۆڕمۆنە".

 

ژیان عومەر، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵی دانیشتووی شاری هەولێرە،ئێستا لەقۆناغی دووی زانکۆیە، باسی ئەو کاتەی بۆ ئاوێنە کرد کە تووشی گۆڕانی هۆڕمۆنەکانی بووە، ئەو وتی "کاتێک لەپۆلی ١٢ی ئامادەیی بووم، زۆر تووشی سترێس‌و دڵەڕاوکێ بووم، تا ئەو کاتەی نمرەو ناوم هاتەوە بۆ زانکۆ، زۆر نائارام بووم لەڕووی دەرونییەوە، زیپکە سەراپای دەموچاومی داپۆشی، هەستم دەکرد موو لەجەستەم‌و دەموو چاوم زیادیکردوە".

وتیشی "دوای سەردانی پزیشک‌و پشکنین، دەرکەوت هەمووی بەهۆی ئەو تێکچون‌و گۆڕانی هۆڕمۆنەکانمەوەیە کە لەئەنجامئ دڵەڕاوکێدا تووشم بووە، ئێستا حاڵم باشە، بەڵام ئامۆژگاری خانمان دەکەم ئاگاداری دەروونی خۆیان بن، چونکە خەمۆکی‌و سترێس هۆکارێکی سەرەکیە کە دەبێتە هۆی تێکچونی هۆڕمۆنات".

 

ژیان یەکێکە لەچەندین کچ‌و گەنجی کوردستان کە لەم ساڵانەی دواییدا چندین نیشانەی گۆڕانی هۆڕمۆناتیان تیا دەرکەوتووەو زیبکە دەموچاوی گرتونەتەوەو مووی لەشیان زیادیکردووەو تەنانەت هەندێکیان ریش‌و سمێڵێکی تەنکیان تیا دەرکەوتووە.

 

د.سارا عومەر، پزیشکی پسپۆری ئافرەتان سەبارەت بەهۆکارەکانی گۆڕانی هۆڕمۆنات، بەئاوێنەی وت "هۆکارەکانی گۆڕانی هۆڕمۆنات بەپێی تەمەن دەگۆڕێت، بۆ نمونە هۆکاری تێکچونی هۆڕمۆن لەکچێکی گەنج چەند ئەگەرێکی هەیە، هۆکاری قەڵەویە یاخود کیسی هێلکەدان یاخود توشی نەخۆشی درێژخایەن بووبێت کە وادەکات هۆڕمۆن‌و سوڕی مانگانەی تێکبچێت‌و ببێتە هۆی ئەوەی دەردانی موو لەسەر ڕوخساری زیاد بکات‌و تەنانەت لەشێوەی ڕیشی پیاودا بێت موەکانی".

ئەم پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی ئەم حاڵەتە ئێستا زۆر بووەو هۆکارەکەی سترێسی زۆرو دڵەڕاوکێ‌و کێشی زۆرو خواردنی فاست فودو وەرزش نەکردنە بەشێوەیەکی گشتی، ئەو وتی "بەداخەوە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی زۆر لەگەنجان‌و خەڵکی ناتەندروستە، نیشانەکانی تێکچونی هۆڕمۆنات ناڕێکی سوڕی مانگانەو بینینی خوێن لەبەینی سوڕی مانگانەداو کەوتنە سوڕی مانگانە لە ٢١ ڕۆژ کەمترو لە ٣٥ ڕۆژ زیاتر هۆکارە بۆ ئەوەی توشی کێشەی هۆڕمۆنی بووبێت".

وتیشی "رێژەکە زۆر زیادی کردوەو ڕۆژانە لە ٤ کەیس کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، دانەیەکیان حاڵەتی تێکچونی هۆڕمۆنە".

 

پسپۆرانی بواری تەندروستی جەغت لەوە دەکەن کە "ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان نەک تەنها کاریگەری نەرێنییان لەسەر مرۆڤ دەبێت لەڕووی جەستەیەوە،بەڵکو دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی مرۆڤیش.

 

 تاڤان فەرهاد، ماستەر لەتەندروستی دەرونی، سەبارەت بەهۆکارەکانی ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکانی زۆرن‌و دیارترینیان بریتین لە"هۆکاری بۆماوەیی، هەندێک کێشەی تەندوستی وەک بەرگری ئەنسۆلین، کێشەی غودەی دەرەقی‌و نیشانەکانی کێشەی هێلکەدان، خواردنی هەندێک دەرمان، پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی ناتەندروست وەکو وەرزش نەکردن‌و خواردنی خۆراکی ناتەندوست".

تاڤان وتی "کاریگەری تێکچوونی هۆڕمۆنەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤیش زۆرن، لەوانە "ناهاوسەنگی ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین‌و پرۆجسترۆن دەبێتە هۆی گۆڕانی باری دەروونی لەوانە دڵەڕاوکێ‌و خەمۆکی، تێکچوونی هۆڕمۆنەکان لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی خەو، وەکو خەوی پچڕ پچڕو خەولێنەکەوتن، ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان لەجەستەدا لەوانەیە ئەگەری توشبوون بەتێکچونی خواردن زیاد بکات لەوانە: زۆر خواردن، کەم خواردن".

وتیشی "ئەو کەسانەی کێشەی تێکچوونی هۆڕمۆنیان هەیە کێشەیەکی زۆریان هەیە لەئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پێویستیان بەزیادکردنی تەرکیز هەیە، چونکە ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان لەجەستەدا دەبێتە هۆی سەرقاڵکردن. تێکچوونی هۆڕمۆنەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی سێکسی هەیە لەژن‌و پیاودا، بەو پێیەی کە کەمی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن‌و ئیسترۆجین لەجەستەدا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئارەزووی سێکسی. هەروەها بەرز و نزمی تێکچوونی ڕژانی هۆڕمۆنەکان یەکێکن لە هۆکارەکانی توشبونی مرۆڤ بەنەخۆشیە دەرونیەکان، بۆیە پێویستە لەکاتی هەبوونی نیشانە یاخود چێککردنی پشکنینی هۆڕمۆنەکان ئەم بابەتە بەهەند وەربگیرێت‌و سەردانی پزیشک بکرێت".

 

 شیلان موراد، کارمەندە لەیەکێک لەتاقیگە پزیشکیەکانی شاری هەولێر، لەمبارەوە ئەوە رووندەکاتەوە کە لەکاتی پشکنین بۆ گۆڕانی هۆڕمۆناتی ئافرەتان ئەم پشکنینانە دەکرێ:  estrogen, progestron, LH, FSH , testosterone, prolactin , free testosterone )

شیلان بەئاوێنەی وت ""کاتێک خانمان هەست بەگۆڕانکارییەکی نائاسایی دەکەن، بۆ نمونە وەکو تێکچونی سوڕی مانگانە دواکەوتن یاخود پێشکەوتن یان وەستانی سوڕەکە، یاخود تێکچونی پێستی دەموچاو، یان هەستکردن بەبێتاقەتی‌ یان دەرکەوتنی موو لەڕوخسارو هەندێ نیشانەی تر، ئەوا پێویست دەکات ئەو

پشکنینانە ئەنجام بدەن".

وتیشی "لەهەندێک حاڵەتدا بەرزبوونەوەی هۆڕمۆن کاریگەری دەبێ، ڕەنگە زیپکە لەدەموچاو دەربکەوێ، یان مووی دەموچاوی زیاد بکات، بەتایبەت لەکاتی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی تێستستڕۆن، لەهەمانکاتدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ڕێژەی تێکچوونی هۆڕمۆنات زیادیکردوە لەهەرێمی کوردستاندا بەراورد بەڕابردوو".

 

لەبەدواداچونێکی ئاوێنەدا، پەیامنێری ئاوێنە سەردانی تاقیگەیەکی پزیشکی کرد لەشاری هەولێر، بەڕێژەی ٧٥٪ی ئەو کەسانەی لەماوەی ١ مانگدا سەردانی تاقیگەکەیان کردووە، لەگەڵ پشکنینی خوێن‌‌، پشکنینی هۆڕمۆناتیشیان بۆ نوسراوەو بۆیان ئەمجامدراوە.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×